18.7.07

دوکتور قاسملوو ڕێبه‌رێکی هه‌ڵکه‌وتوو


به‌ بۆنه‌ی 22ی پووشپه‌ڕ ساڵڕۆژی شه‌هیدبوونی دوکتور قاسملووی نه‌مره‌وه‌.

هه‌رچه‌ند وشه‌ی "هه‌ڵکه‌وتوو" مانایه‌کی مه‌زن و به‌رینی هه‌یه‌ و ته‌نیا بۆ مرۆڤه‌ ده‌گمه‌نه‌کانی مێژوو به‌ کار دێ، به‌و حاڵه‌ش دڵنیام که‌ ئه‌و وشه‌یه‌ش له‌ به‌رامبه‌ر به‌یانی که‌سایه‌تیی که‌موێنه‌ی دوکتور قاسملوو دا ده‌سته‌وه‌ستانه‌. به‌ ڕاستی دوکتور قاسملوو نه‌ک هه‌ر له‌ بارێکه‌وه‌، به‌ڵکوو له‌ زۆر بار و بوار دا هه‌ڵکه‌وتوو بوو.

دوکتور قاسملوو که‌سایه‌تی‌یه‌کی خوێنده‌وار، بیرمه‌ندێکی زانا و سیاسه‌تزانێکی به‌ ئه‌زموون بوو، که‌ له‌ قۆناخێکی گه‌لێک ناسک و گرینگی مێژوویی دا، وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌ک له‌ ئاسمانی مێژووی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی چه‌وساوه‌ی کورد دا دره‌وشایه‌وه‌ و هه‌رچه‌ند زووش ئاوابوو، گه‌لێک لاپه‌ڕه‌ی ئه‌و مێژووه‌ی به‌ شۆقی خۆی تیشک ئاژن کرد. ئه‌و تیشکه‌ له‌ سه‌ر ئه‌ و لاپه‌ڕانه‌ تۆمار بوو و ئێستا دوای تێپه‌ڕینی هه‌ژده‌ ساڵ به‌ سه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ دا که‌ هه‌وری ڕه‌شی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌خۆیه‌وه‌ پێچا و له‌به‌رچاوی هاوڕێیان و نه‌ته‌وه‌که‌ی ون کرد، هه‌ر وا له‌ دڵی کوردان دا ماوه‌، له‌ توێی ئاسه‌وار و ئامۆژگاری‌یه‌کانی دا ڕووناکایی ده‌به‌خشێ و گومانی تێ‌دا نیه‌ که‌ تا هه‌تایه‌ش هه‌ر ده‌مێنێ.

ژیان وخه‌باتی پڕ به‌رهه‌رمی کاک دوکتور قاسملوو و بیرو باوه‌ڕی ئه‌و مرۆڤه‌ مه‌زنه‌ له‌ زۆر لایه‌ن و له‌ په‌نجه‌ره‌ی گه‌لێک ڕوانگه‌ و بیروبۆچوونه‌وه‌ خراونه‌ته‌ به‌رلێکدانه‌وه‌ و بێ‌گومان له‌مه‌ودواش باس ده‌کرێن و شی ده‌کرێنه‌وه‌. ئه‌م وتاره‌ ده‌توانێ ته‌نیا یادکردنه‌وه‌یه‌کی کورت بێ.

پێم‌خۆشه‌ له‌ هه‌ژده‌هه‌مین ساڵڕۆژی شه‌هیدبوونی ئه‌و ڕێبه‌ره‌ مه‌زنه‌ دا باسی چه‌ند تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و بکه‌م و بیره‌وه‌ری‌یه‌کیش له‌و پێوه‌ندی‌یه‌ دا بگێڕمه‌وه‌.

دوکتور قاسملوو ڕێبه‌رێکی پێشکه‌وتنخواز و مۆدێڕن بوو.
تێکۆشه‌رانی حیزبی دێمۆکڕات، ئه‌وانه‌ی له‌ کۆبوونه‌وه‌ و دانیشتنه‌کانی دوکتور قاسملوو دا به‌شداربوون، هه‌موویان له‌ بیریانه‌ که‌ زۆر جار ئه‌و ده‌ی‌گوت حیزبی ئێمه‌ ده‌بێ ببێته‌ حیزبێکی مۆدێڕن، تا بتوانێ له‌ گه‌ڵ ئاڵوگۆڕه‌کانی سه‌رده‌م خۆی ڕێک‌خا و له‌ دنیای پێشکه‌وتوو دا بناسرێ.
ده‌کرێ بڵێین تیگه‌یشتنی ئاستی‌ مۆدێرنی و نوێخوازیی دوکتور قاسملوو،‌ بۆ خه‌ڵکی تێکه‌ڵاوی خه‌باتی ئه‌و کاته‌ و به‌ گشتی له‌ دنیای بیری سیاسیی تاڕاده‌یه‌کی زۆر نه‌ریتی و کلاسیکی کوردیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ دا به‌ ته‌واوی مه‌یسه‌ر نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و به‌ هه‌رحاڵ، له‌و کاته‌وه‌ که‌ ده‌رفه‌تی بۆ ڕه‌خسا، شوێنه‌واری خسته‌ سه‌ر هه‌موو لایه‌نه فکری و پراتیکی‌یه‌کانی خه‌باتی حیزبی دێمۆکڕات و له‌ نوێکردنه‌وه‌ی قه‌واره‌ و به‌رنامه‌ی ئه‌و حیزبه‌ دا ده‌وری سه‌ره‌کی گێڕا.

دوکتور قاسملوو سیاسه‌تزان و دیپلۆماتێکی کارامه‌ و جێکه‌وتوو بوو.
ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم هیچ مرۆڤێکی سیاسیی کورد، پێش دوکتور قاسملوو تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ له‌ موتوربه‌کردنی زانست و تێئۆریی سیاسی له‌ گه‌ڵ بارودۆخ و هه‌لومه‌رجی خه‌بات دا شاره‌زا نه‌بوو. ئه‌و که‌ ده‌یگوت:"سیاسه‌ت هونه‌ری مومکینه‌" به‌ ڕوونی ده‌ی‌زانی ئه‌و هونه‌ره‌ چۆن له‌ پێچ و خه‌مه‌کانی خه‌بات دا به‌کار بێنێ. لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و له‌ سه‌ر بارودۆخه‌ سیاسی‌یه‌کان، ته‌نانه‌ت له‌ ئاستی جیهانی دا جێگای سه‌رنج و لێ‌وردبوونه‌وه‌ بوون، که‌ به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و کات به‌ هۆی جۆراوجۆر و یه‌ک له‌وان زاڵبوونی جه‌وی شه‌ڕی چه‌کداریی داسه‌پاو و که‌مبوونی مۆڵه‌تی باس، لێدوانی سیاسی و هێندێک هۆی دیکه‌ که‌ ئێستا ده‌ره‌تانی باسکردنیان نیه‌، که‌متر پێیان ‌ده‌زانرا. "کورته‌ باسێک له‌ سه‌ر سۆسیالیزم"ــه‌که‌ی که‌ له‌ به‌ره‌به‌ری کۆنگره‌ی شه‌شی حیزب دا بڵاو بۆوه‌ و پێشبینی‌یه‌کانی له‌ سه‌ر وه‌زعی سۆڤیه‌ت و بلۆکی سۆسیالیستیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، هه‌ر له‌و کاته‌ دا که‌ به‌راوه‌ردێکی ڕاستبینانه‌بوون و له‌و سه‌رده‌مه‌ دا ده‌رک نه‌کران، نموونه‌ی شاره‌زایی و وردبینیی سیاسیی ئه‌و بوون.

دوکتور قاسملوو دژی فه‌ردپه‌رستی بوو.
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی دوکتور قاسملوو وه‌ک مرۆڤێکی سیاسیی کارامه‌ ناسرا و ئه‌و کاته‌ش که‌ سکرتێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بوو، نه‌ک هه‌ر له‌ کوردستان، به‌ڵکوو له‌ هه‌موو وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و ناوچه‌ش دا گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی که‌سایه‌تی‌یه‌ سیاسی‌یه‌کان و په‌سن و پێهه‌ڵگوتنی ڕێبه‌ران شتێکی باو بوو. دوکتور قاسملوو دژی ئه‌و دیارده‌یه‌ بوو و باوه‌ڕی وا بوو که‌ ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ په‌سند نین و له‌ گه‌ڵ سیستیمی دێمۆکڕاتی ناته‌بان. ئه‌و بڕوای وا بوو که‌ پێوه‌ندیی حیزبایه‌تی و به‌ده‌نه‌ی حیزب و ڕێبه‌رایه‌تی، ده‌بێ له‌ سه‌ر هاوخه‌باتی‌یه‌کی توند و تۆڵ، لێک‌نیزیکبوون و بناخه‌‌یه‌کی هاوڕێیانه‌ بێ. ئه‌و له‌ ماوه‌ی ژیانی خۆی دا دژی ئه‌وه‌ش بوو که‌ وێنه‌ی بڵاو بکرێته‌وه‌ و درۆشمی پێوه‌ بدرێ.

بۆخۆم بیره‌وه‌ری‌یه‌کم له‌و باره‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ پێم‌خۆشه‌ لێره‌ دا بۆ خوێنه‌رانی ئه‌م وتاره‌ی بگێڕمه‌وه‌:
پاییزی ساڵی 1360 هه‌تاوی، کۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباد له‌ گوندی "سوێناس" کۆنفڕانسێکی به‌رینی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی شارستان پێک‌هێنا. منیش له‌و کۆنفڕانسه‌ دا به‌شدار بووم. ئێمه‌ به‌شداربووانی کۆنفڕانس نه‌مان‌ده‌زانی که‌ کاک دوکتوریش دێته‌ ئه‌و کۆنفڕانسه‌. بارودۆخه‌که‌ وای هه‌ڵده‌گرت که‌ له‌ به‌ر پاراستنی باری هێمنایه‌تی، ته‌نانه‌ت شوێنی کۆنفڕانسه‌که‌ش تا چه‌ند سه‌عات پێش ده‌ستپێکردنی کۆبوونه‌وه‌، به‌ نه‌هێنی ڕاگیرابوو و سرو‌شتی بوو مه‌سه‌له‌ی هاتنی هاوڕی سکرتێری گشتیی حیزبی بۆ ئه‌و شوێنه‌ش به‌ نه‌هێنی ڕابگیرێ.

تازه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ چووبووه‌ پشت میکڕۆفۆن و به‌ ته‌مابوو ڕیزی به‌رنامه‌ی کاری کۆنفڕانس ڕابگه‌یه‌نێ، که‌ له‌ پڕ ڕایان‌گه‌یاند کاک دوکتور لێره‌یه‌. خه‌ڵکه‌که‌ کاتێک ئه‌مه‌یان بیست، هه‌ستانه‌ سه‌رپێ و هه‌موو ڕوویان بۆ لای ده‌رگای شوێنی کۆبوونه‌وه‌که،‌ که‌ مزگه‌وتێکی گه‌وره‌ بوو وه‌رگێڕا. کاک دوکتور وه‌ژوور که‌وت، خه‌ڵکه‌که‌ ڕێگایان بۆ کرده‌وه‌ و ئه‌ویش له‌ کاتێک دا لێکدا لێکدا ده‌ستی بۆ خه‌ڵکه‌که‌ هه‌ڵدێنا و سڵاوی لێ‌ده‌کردن، تا ڕیزی پێشه‌وه‌ که‌ له‌ نێزیک شوێنی قسه‌کردن بوو، هات. له‌و حاڵه‌ دا به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ که‌ دیار بوو له‌ خۆشیی هاتنی کاک دوکتور زه‌وق گرتوویه‌تی، به‌ ده‌نگێکی به‌رز دروشمی " بژی دوکتورقاسملوو" ی دا و خه‌ڵکه‌که‌ش به‌ گه‌رمی دووپاتیان کرده‌وه‌.
کاک دوکتور دانیشت و من که‌ زۆری لێ‌دوور نه‌بووم و ده‌ ڕوخساری‌یه‌وه‌ ڕامابووم، به‌ ڕوونی هه‌ستم کرد که‌ ئه‌و دروشمدانه‌ی پێ‌خۆش نه‌بوو.
یه‌که‌م که‌س که‌ له‌و کۆنفڕانسه‌ دا قسه‌ی کرد، کاک دوکتور خۆی بوو و یه‌که‌م شتیش که‌ باسی کرد، مه‌سه‌له‌ی درۆشمدانه‌‌که‌ بوو. ئه‌و کات بۆ من که‌ لاو بووم و له‌مێژ نه‌بوو به‌ کرده‌وه‌ حیزبایه‌تیم ده‌کرد، مه‌سه‌له‌یه‌کی زۆر سه‌رنجڕاکیش بوو که‌ ئه‌و به‌ توندی ناڕازیبوونی خۆی له‌و چه‌شنه‌ درۆشمدانه‌ ده‌ربڕی و گوتی:
"هاوڕێیان! من ئه‌و درۆشمدانه‌ی ئێوه‌م پێ‌خۆش نه‌بوو. ئێمه‌ هه‌موومان ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێمۆکڕاتین. که‌ وا بوو کاتێک درۆشم ده‌ده‌ین، نابێ درۆشم به‌ ناوی که‌س"فه‌رد"ــه‌وه‌ بده‌ین، با ئه‌و که‌س، یان که‌سایه‌تی‌یه‌ سکرتێری حیزبیش بێ، به‌ڵکوو ده‌بێ بڵێین "بژی حیزبی دێمۆکڕات" و به‌ ناوی حیزبه‌وه‌ درۆشم بده‌ین، که‌ جێگای له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌مووانه‌ ..." ( دیاره‌ ئه‌وه‌ پوخته‌ی قسه‌کانی کاک دوکتور بوو، که‌ من به‌ باشی له‌ بیرم ماون و ده‌قی نووسراو نین)

یادی پیرۆز و ڕێگای پڕ ڕێبوار بێ!

ئاشق
22 ی پووشپه‌ڕی 86

15.7.07

ڕێفۆڕم و چه‌ند سه‌رنج


● ئاشق
پێش‌قسه‌

ماوه‌یه‌که‌ له‌ نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ کوردی‌یه‌کان دا باس له‌ گۆڕانکاری و ڕێفۆڕم زۆر ده‌کرێ و به‌ تایبه‌ت له‌و کاته‌وه‌ که‌ له‌تبوون له‌ حیزبی دێمۆکڕات دا هاتۆته‌ پێش و ئه‌و دوایی‌یانه‌ش ناکۆکیی بیروڕا له‌ نێو کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ دا زه‌ق بووه‌، ئه‌و زاراوه‌یه‌ زۆر له‌ سه‌ر زاروزمانانه‌ و له‌ ڕاستی دا بۆته‌ باسێک که‌ بیروڕای هه‌مووان، به‌ تایبه‌ت توێژی سیاسه‌تکار، بیرمه‌ند و خوێنده‌واری به‌خۆیه‌وه‌ خه‌ریک کردوه‌. هه‌موو باسی ئاڵوگۆڕ و ڕێفۆرم ده‌که‌ن و پێ له‌ سه‌ر نوێکردنه‌وه‌ داده‌گرن، که‌ دیاره‌ ئه‌وه‌ش له‌خۆڕا، یان به‌ هه‌ڵکه‌وت نیه‌ و له‌و ڕاستی‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ که‌ وه‌دیهێنانی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ نه‌ک هه‌ر له‌ قه‌واره‌ی فکری و ئۆرگانیزمی ئه‌و ڕێکخراوانه‌ دا که‌ باسمان کردن، پێویستی‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌، به‌ڵکوو له‌ ئاستێکی گشتیتر و به‌رینتر دا سیستیمی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتانی ناوچه‌ و ستروکتووری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی باوی ئه‌مڕۆش به‌ ئاشکرا حه‌وجێی به‌ نوێکردنه‌وه‌ و ئاڵو گۆڕ هه‌یه‌. هه‌ر له‌و پێوه‌ندی‌یه‌ دا دیتمان که‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بی‌یه‌کانی ناوچه‌ش به‌ تایبه‌ت دوای هێرشی ئه‌مریکا و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌کانی بۆ سه‌ر عێراق و هاتنه‌گۆڕی تێئۆریی په‌ره‌پێدانی دێمۆکڕاسی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا، تا ڕاده‌یه‌ک {هه‌رچه‌ند ڕاده‌یه‌کی بچووکیش} پێویستیی ڕه‌چاوکردنی ئاڵوگۆڕیان هه‌ست‌پێ‌کرد، له‌ هێندێک وڵات دا سێبه‌رێک له‌ نوێکردنه‌وه‌یه‌کی به‌رته‌سک دیترا و بۆ وێنه‌ له‌ کوێت بۆ یه‌که‌م جار ژنان مافی به‌شداربوون له‌ هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵبژێران بۆ پاڕلمانیان پێ‌درا.

بازنه‌ی هاتنه‌ کایه‌ی بیری ڕێفۆڕمخوازی له‌ مێژه‌ وڵاتی ئێرانی‌ که‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی تێ‌دا هه‌ڵکه‌وتوه‌، ده‌نێوخۆی گرتوه. دوایین درۆشمی ئه‌و بیره،‌ خاته‌می و کۆمه‌ڵی "ئیسلاحته‌ڵه‌ب" ی ناسراو به‌ "دووی خوردادی"‌‌ دایان، که‌ هه‌ر له‌ سایه‌ی ئه‌و درۆشمه‌ و ته‌بلیغات‌ بۆ ئه‌و فکره‌ دا ‌ کێبه‌رکێی "هه‌ڵبژاردن"ی سه‌رۆککۆماری‌یان له‌ ساڵی 1997ی زاینی (دووی جۆزه‌ردانی 1376) دا برده‌وه‌ و له‌ ئاکام دا خاته‌می بۆ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ بوو به‌ سه‌رکۆماری ئێران. ڕه‌وتی دووی خوردادی خاته‌می دواتر هه‌م هه‌ڵبژاردنی سه‌رانسه‌ریی شۆراکانی وڵاتی برده‌وه‌ و هه‌م زۆرایه‌تیی بێ‌ئه‌ملا و ئه‌ولای مه‌جلیسی شه‌شه‌می شۆڕای ئیسلامیشی بۆخۆی مسۆگه‌رکرد.
لێکدانه‌وه‌ له‌ سه‌ر چۆنیه‌تیی داستانی دووی خوردادی‌یه‌کان و ئه‌وه‌ که‌ داخوا به‌رنامه‌یه‌کی جیددی‌یان بۆ ئاڵوگۆڕ هه‌بوو و تاکوێ له‌و مه‌یدانه‌ دا ئه‌سپی خۆیان تاو دا، مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره‌ی من نیه‌، به‌ڵام چونکه‌ باسه‌که‌مان له‌ سه‌ر ڕێفۆڕم و نوێکردنه‌وه‌یه‌، بێ‌جێ نیه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و ئیشاڕه‌یه‌ که‌ به‌و جه‌ره‌یانه‌مان کرد، بڵێین که‌م که‌سی ڕاستبین ده‌توانێ حاشا له‌وه‌ بکا که‌ ئه‌گه‌ر حوکمی بارودۆخ نه‌با، خاته‌میی عه‌با و مه‌ندیلپۆش و به‌ بنه‌ماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وه‌فادار، بۆ ئه‌وه‌ نه‌ده‌بوو ببێته‌ سیمبۆلی هێنانه‌ گۆڕی بیرێکی ئاوا پێشکه‌وتووانه و هه‌روه‌کوو دواتر دیتمان که‌مته‌رخه‌می‌یه‌کانی ئه‌و و هاوکاره‌کانی له‌ ده‌سه‌ڵات دا بوونه‌ هۆی تێکشکانی ئیسلاحته‌ڵه‌به‌کان، دواتر باڵی توندڕه‌و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی که‌وته‌وه‌ ده‌ست و به‌ کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ی هه‌موو پۆسته‌ گرینگه‌کانی وڵات پاشه‌کشه‌ی به‌ خاته‌می و هاوبیره‌کانی کرد.

ئه‌وه‌ی لێره‌ دا و له‌ پێوه‌ندی به‌ ڕیفۆرمی سه‌رنه‌که‌وتووی خاته‌می و ڕه‌وتی "ئیسلاحته‌ڵه‌بان"ــه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ ئیشاڕه‌ پێکردنی له‌م وتاره‌ دا پێویست بێ، ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ که‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران دوای دوو ده‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ش و پڕ له‌ زه‌بروزه‌نگی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێویستیی به‌ نوێکردنه‌وه‌ و ڕێفۆرم هه‌بوو ــ که‌ ئێستاش دوای نێزیک به‌ سێ ده‌یه‌ هه‌ر هه‌یه‌تی ــ و ئه‌و پێویستی‌‌یه‌ش ئه‌وه‌نده‌ زه‌ق ببوۆه‌، که‌ ته‌نانه‌ت بیری ته‌یفێکی به‌رین له‌ کاربه‌ده‌ستانی نێو ڕێژیمیشی به‌ خۆیه‌وه‌ خه‌ریک کردبوو. ئه‌و بارودۆخه سه‌ره‌نجام پێکهاتنی ڕه‌وتی ئیسلاحته‌ڵه‌بانی لێ‌که‌وته‌وه‌.

درۆشم و واده‌ و به‌ڵێنه‌کانی ئه‌و ڕه‌وته‌ و له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان خاته‌میش خه‌ڵکی وه‌زاڵه‌هاتووی ئێرانی هیوادار کرد که‌ به‌ڵکوو ‌بکرێ به‌ ڕێگای خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ و شارستانی‌یانه‌ دا و به‌ بێ شه‌ڕ و خوێنڕێژی سیستیمی دیکتاتۆری و کۆنه‌په‌رستی، به‌ره‌به‌ره‌ جێی خۆی بدا به‌ سیستیمێکی نوێ، که‌ له‌ ئاینده‌ دا بتوانێ خۆی له‌ گه‌ڵ دنیای پێشکه‌وتووی ئه‌مڕۆ ڕێک‌خا و نه‌ته‌وه‌کان و چین و توێژه‌کانی خه‌ڵکی ئێران هه‌رنه‌بێ لانی‌که‌می مافه‌کانی خۆیانی تێ‌دا ببیننه‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ش بوو خه‌ڵکه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رین له‌ "هه‌ڵبژاردن"ی پۆستی سه‌رۆککۆماری دا به‌شدار بوون و خاته‌می به‌ جیاوازی‌یه‌کی سێزده‌ میلیۆنیی ده‌نگه‌کانه‌وه‌ به‌ سه‌ر ڕه‌قیبه‌که‌ی دا زاڵ بوو و بوو به‌ سه‌رکۆمار. دیاره‌ ئه‌وه‌شمان له‌ بیره ‌که‌ کاتێک خه‌ڵک دیتیان واده‌ و به‌ڵێنه‌کانی خاته‌می و ڕه‌وته‌که‌ی زۆر له‌ سنووری واده‌ و به‌ڵێن تێ‌نه‌په‌ڕین و ڕه‌وتی ئیسلاحته‌ڵه‌ب که‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌وایشی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو، چ ئاڵوگۆڕێکی بنه‌ڕه‌تیی پێک‌نه‌هێنا، ورده‌ ورده‌ سارد بوونه‌وه‌، کشانه‌وه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنی دواتری پاڕلمان و شۆڕاکان دا جارێکی دیکه‌ باڵی توندڕه‌و ده‌ستی به‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات دا گرته‌وه‌ و له‌ جاران خراپتر زه‌بروزه‌نگی به‌ سه‌ر خه‌ڵک دا سه‌پانده‌وه‌. که‌ وا بوو هه‌روه‌ک گوتمان خاته‌می و ڕه‌وته‌که‌ی به‌رهه‌می ئه‌و بارودۆخه‌ بوون که‌ پێویستیی ڕێفۆرمی زه‌ق ده‌کرده‌وه‌، به‌ڵام چونکه‌ خاته‌می ڕێفۆرمی تا ئه‌و جێگایه‌ ده‌ویست، که‌ زیان به‌ بنه‌ما ئیدیۆلۆژی‌یه‌کانی ویلایه‌تی فه‌قیه و ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی نه‌گه‌یه‌نێ و ئه‌وه‌ش نه‌ده‌لوا، هه‌رچه‌ند بوار بۆ ئاڵوگۆڕ له‌ سه‌رانسه‌ری ئێران دا ئاماده‌ بوو، له‌ ڕاستی دا ئه‌وان و له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان خودی خاته‌می بوونه‌ هۆی دامرکانه‌وه‌ی جه‌وی ئیسلاحته‌ڵه‌بی و ڕاگرتنی ئه‌و ڕه‌وته،‌ که‌ خه‌ڵک زۆر به‌ جیددی‌ پشتیوانی‌یان لێ‌کرد و ته‌نانه‌ت قوربانیشیان له‌ پێناو دا دان.

● ڕێفۆرم له‌ ئێستاوه‌؟ بۆ وا دره‌نگ؟!
دوای ئه‌و پێشه‌کی‌یه‌ که‌ به‌ ده‌ستپێکردنی باسی ڕێفۆرم هاته‌ پێش و هێندێکیش درێژ بۆوه‌، با بێینه‌ سه‌رباسی ڕیفۆڕم و نوێکردنه‌وه‌ له‌ نێو خۆمان و‌ له‌ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دا.

وه‌ک گوتمان له‌ دوای له‌تبوونی حیزبی دێمۆکڕاته‌وه‌ پێویستیی ئاڵوگۆڕ زه‌ق بۆته‌وه‌. حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان له‌ گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی تێکۆشانی جیاوازی له‌ باڵه‌که‌ی دیکه‌ی حیزب، کۆمه‌ڵیک پڕێنسیپ و خاڵی به‌ ناوی "خاڵه‌گشتی‌یه‌کانی ڕێبازی ئێمه‌" وه‌ک بنه‌ما بۆ ئاڵوگۆڕ و هه‌ڵسووڕانی له‌وه‌ودوای خۆی بڵاو کردۆته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش به‌ ڕوونی ده‌ری‌ده‌خا که‌ حیزبی دێمۆکڕات له‌ مێژبووه‌‌ له‌ قه‌یران دا ژیاوه‌ و هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ش مانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ کۆنه‌کان و نه‌بوونی توانای پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ بووه‌. ئێستا بۆ حیزب نه‌ی‌توانیوه‌ ئاڵوگۆڕ به‌ سه‌ر خۆی دا بێنێ و ئاوا دره‌نگ له‌و پێوه‌ندی‌یه‌ دا وه‌خۆ که‌وتوه‌؟ به‌شێکی سه‌ره‌کیی وه‌ڵامه‌که‌ی بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ ڕێزی تێکۆشه‌رانی ئه‌و حیزبه‌ دابوون، یان ئاگایان له‌ ڕه‌وتی ڕووداوه‌کانی نێو حیزب هه‌بووه‌، ڕوونه‌. ئه‌ویش ئه‌مه‌یه‌ که‌ دیارده‌ی دووبه‌ره‌کی ماوه‌یه‌کی زۆر و به‌ تایبه‌ت له‌ هێندێک قۆناخی ئه‌م دوایی‌یانه‌ی مێژووی حیزب‌ دا بڕستی له‌ حیزب بڕیبوو و ببووه‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ به‌شی هه‌ره‌زۆری توانایی و هێزی هه‌ڵسووڕانی به‌رپرسان و ئه‌ندامانی حیزب، له‌ پێناوی کێبه‌رکێی ده‌سه‌ڵات دا به‌ فیڕۆ بچێ و له‌و به‌ینه‌ دا نه‌ ده‌ره‌تانی بیرکردنه‌وه‌ له‌ ئاڵوگۆڕ و به‌رنامه‌یه‌کی نوێ بۆ خۆڕێکخستن له‌ گه‌ڵ گه‌شه‌کردنی بارودۆخه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کانی جیهان، ناوچه‌، ئێران و کوردستان مابۆوه‌ و نه‌ ده‌رفه‌ت بۆ دیتنی نوخته‌لاوازی‌یه‌کان، هه‌ستکردن به‌ هه‌موو گرفته‌کان و قامکدانان له‌ سه‌ر که‌ماسی‌یه‌کان هه‌بوو. هه‌ر بۆیه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ هه‌موومان ده‌زانین لێکدابڕانی باڵه‌کانی حیزبی دێمۆکڕات و له‌تبوونی ئه‌و حیزبه‌، له‌ باری مه‌نتیقی‌یه‌وه‌ چه‌نده‌ بۆ خودی حیزب و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌لی کورد زیانبار بوو، به‌ بارێکی دیکه‌ دا بێ‌جێ نابێ ئه‌گه‌ر بڵێین به‌ داخه‌وه‌‌ ئه‌و له‌تبوونه‌ ته‌نیا ڕێگای تازه‌کرنه‌وه‌ی حیزب و وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی تواناکانی نێو حیزب بوو، چونکه‌ ده‌ مانگه‌کانی پێش له‌تبوون دا و به‌ تایبه‌ت دوای ڕاگه‌یه‌ندرانی ڕه‌سمیی به‌رنامه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی نێو حیزب(که‌مایه‌تی) بۆ چاره‌سه‌ری ناکۆکی، هه‌وڵدانی دۆستان و خێرخوازان له‌ ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی کوردستان و دڵسۆزانی بزووتنه‌وه‌ی کوردستان و حیزبی دێمۆکڕات، گوێ پێ‌نه‌دانی باڵی به‌رامبه‌ر و به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتنی هه‌موو هه‌وڵه‌کان ، به‌ ڕوونی دیار بوو که‌ کاربه‌یه‌که‌وه‌کردنی ئه‌و دوو باڵه‌ نه‌ک هه‌ر زه‌حمه‌ت بوو، به‌ڵکوو هه‌ر نه‌ده‌کرا و ئه‌وه‌ش که‌ ده‌کرا بێجگه‌ له‌ ماندووکردنی مێشکه‌کان و کات به‌فیڕۆدان به‌ هێندێک دمه‌ته‌قه‌ و به‌ربه‌ره‌کانی له‌ گه‌ڵ یه‌کتر، که‌ سوودی حیزبی تێ‌دانه‌بوو و ته‌نیا دڕدۆنگی و دژایه‌تی‌یه‌کانیان په‌ره‌ پێ‌ده‌دا، ئاکامێکی دیکه‌ی نه‌بوو. به‌ڵام دوای له‌تبوون هه‌رچه‌ند بته‌وێ نه‌ته‌وێ به‌شێکی هێز و تواناکان هه‌ر سه‌رفی مشتومڕی ته‌بلیغاتی به‌ دژی یه‌کتر کرایه‌وه‌، مه‌یدان بۆ هه‌ڵسووڕانی ته‌شکیلاتی، سیاسی و ڕاگه‌یاندنی هه‌ردووک لا ئاواڵه‌ بۆوه‌ و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ هاته‌ پێش که‌ هه‌ر لایه‌ توانای فکری و هه‌ڵسووڕانی خۆی له‌ پێش چاوی خه‌ڵکی کوردستان نیشان بدا.
( پێم‌خۆشه‌ خوێنه‌ری به‌ڕێز کاتێک ئه‌و بۆچوونه‌ی من ده‌خوێنێته‌وه‌ پێی وا نه‌بێ که‌ من به‌ له‌تبوونی حیزب خۆشحاڵ بووم، نا، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک من ئه‌وه‌م پێ‌خۆش نه‌بوو و ده‌ ڕاستی دا هه‌واڵی له‌تبوونی حیزب بۆ من یه‌کێک له‌و چه‌ند ناخۆشترین هه‌واڵانه‌ بوو، که‌ مرۆڤ ڕه‌نگه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری ژیانی دا چه‌ند جارێک بیان‌بیسێ و پێیان خه‌مبار و به‌ په‌رۆش بێ. به‌ڵام بڵێم چی ئه‌وه‌ ڕاستی‌یه‌که‌ و ناکرێ حاشای لێ‌بکه‌م)

ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئاڵوگۆڕ، "زۆرایه‌تی"ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌ کۆنفڕانسه‌کانی پێش کۆنگره‌ی سێزده‌وه‌ { که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی باڵه‌که‌ی دیکه‌‌ به‌ به‌رنامه‌ و ئاماده‌کاری‌یه‌وه‌ به‌شداریی تێ‌دا کردبوون و ته‌نانه‌ت بۆ وه‌گیرخستنی سوکانی ده‌سه‌ڵات و له‌ مه‌یدانده‌رکردنی باڵی به‌رامبه‌ری، په‌یمانی کۆنگره‌ی دوازده‌شی سه‌باره‌ت به‌ نه‌هێشتنی ده‌سته‌بازیی نه‌هێنی شکاندبوو و ده‌سته‌بازیی کردبوو} درۆشمی نوێکردنه‌وه‌ و "جه‌وانگه‌رایی" کردبووه‌ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کیی ته‌بلیغاتی خۆی و وای نیشان ده‌دا که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌سه‌ڵات به‌ ده‌سته‌وه‌ بگرن، هه‌م ڕێباز و هه‌م ڕێبه‌رایه‌تیی حیزب جه‌وان ده‌که‌نه‌وه‌ و له‌و باره‌وه‌ به‌ ئیستیلاح ڕێگای ده‌ساڵه‌ به‌ ڕۆژێک ده‌بڕن، به‌ڵام دوای تێپه‌ڕینی نێزیک به‌ دووساڵ و نیو به‌ سه‌ر کۆنگره‌ی سێزده‌ دا، دیتمان به‌رهه‌می ده‌سه‌ڵات و به‌رنامه‌کانیان بێجگه‌ له‌ ئاڵۆزیی زۆرتر و سه‌ره‌نجام له‌تبوونی حیزب شتێکی دیکه‌ نه‌بوو.
به‌شبه‌حاڵی خۆم هیوادارم ئه‌مجار ئه‌و به‌شه‌ی حیزبیش به‌ جیددی کار له‌ سه‌ر ئاڵوگۆڕ و نوێکردنه‌وه‌ بکه‌ن و له‌و ڕێگایه‌ دا سه‌رکه‌وتوو بن. ئاڵوگۆڕی باش له‌ هه‌ر حیزبێکی کوردی دا به‌ قازانجی پێشکه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی کوردستانه‌ و مه‌به‌ستی سه‌رکییش هه‌ر ئه‌وه‌یه‌.

گوتمان حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان له‌ یه‌که‌م ڕۆژه‌کانی دوای له‌تبوونه‌وه‌ درۆشمی نوێخوازیی به‌رز کردۆته‌وه. هه‌رچه‌ند ئه‌و حیزبه‌ جارێ ڕێگایه‌کی دووری بۆ خستنه‌ سه‌ر گه‌ڕی ڕه‌وتی نوێکردنه‌وه‌ له‌ به‌ره‌، به‌ڵام هێندێک نیشانه‌ی موسبه‌تی له‌و پێوه‌ندی‌یه‌ دا له‌ خۆی نیشان داوه‌، که‌ مرۆڤ به‌ ئاینده‌ی ئاڵوگۆڕ له‌و حیزبه‌ دا هیوادار ده‌کا. یه‌کێک له‌و نیشانانه‌ هه‌ر ئه‌و " هێڵه‌ گشتی‌یه‌کانی ڕێبازی ئێمه‌" یه‌ که‌ به‌ ئاشکرا قامکی له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵێک له‌‌و که‌موکووڕی‌‌یانه‌ داناوه،‌ که‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌رکردنه‌ و به‌شێک له‌و خاڵانه‌ی ده‌ستنیشان کردوه‌، که‌ ده‌کرێ ببنه‌ بنه‌مای ده‌ستپێکردنی ئاڵوگۆڕێکی پێویست بۆ ساخکردنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی حیزب له‌ سه‌ر بناخه‌یه‌کی دێمۆکڕاتی و سه‌رده‌می‌یانه‌. نیشانه‌یه‌کی دیکه‌ش سه‌رنجدان به‌ بیرو باوه‌ڕ و که‌لکوه‌رگرتن له‌ بۆچوون و تێڕوانینی که‌سایه‌تی‌یه‌ خوێنده‌وار و زاناکانی ده‌ره‌وه‌ی ڕێکخراوی حیزب له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌ فکری و پڕاتیکی‌یه‌کان دایه‌. دیاره‌ جارێ ئه‌وه‌ ته‌نیا سه‌ره‌تایه‌ و بۆ قه‌زاوه‌تکردن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ که‌ ڕێبه‌رایه‌تیی ئه‌و حیزبه‌ تا کوێ جڵه‌و بۆ ڕێفۆرم شل ده‌کا و تا چ ڕاده‌یه‌ک له‌ به‌رنامه‌ی نوێکردنه‌وه‌ دا سه‌رکه‌وتوو و به‌رده‌وام ده‌بێ؟ زووه‌. وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بۆ ئاینده‌ ده‌مێنێته‌وه‌. ئاینده‌یه‌کی زوو، یان دره‌نگ؟ به‌ هه‌رحاڵ ئاینده‌ باشترین محه‌ک ده‌بێ.

بازیاتر باسی ڕێفۆرم و نێوه‌رۆکی ئه‌و زاراوه‌یه‌ بکه‌ین.

● ڕێفۆرم یانی چی؟
وشه‌ی ڕێفۆرم ده‌کرێ به‌ ئاڵوگۆڕ، نوێکردنه‌وه‌، ڕاستکردنه‌وه‌ و چاککردنه‌وه‌ مانا بکرێ( وشه‌ی چاکسازی بۆ ماناکردنه‌وه‌ی ڕێفۆرم له‌ به‌ر قه‌واره‌ فارسی‌یه‌که‌ی به‌ ڕاست نازانم)، یان بابڵێین هه‌رچواری ئه‌و وشانه‌ له‌ نێوه‌رۆکی "ڕێفۆرم" دا جێ ده‌گرن. شتێکی ئاسایی‌یه‌ که‌ ئه‌و جۆره‌ زاراوانه‌ له‌ بواره‌ سیاسی‌ و کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان دا هه‌روه‌ک وشه‌ و نێوه‌رۆکی "دێمۆکڕاسی" تاریفی تا ڕاده‌یه‌ک جۆراوجۆریان لێ‌بکرێ و هه‌ڵیش ده‌گرن، به‌ڵام پێم‌وانیه‌ تاریفه‌کان زۆر لێک دوور بکه‌ونه‌وه‌. به‌و پێیه‌ به‌ بڕوای من ده‌کرێ ئاوا تاریفی ڕێفۆرم بکه‌ین:
" ڕێفۆرم یانی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ به‌ ڕاستکردنه‌وه‌ و چاککردنه‌وه‌ی که‌موکووڕی‌یه‌کان و داهێنانی تازه‌، له‌ قۆناخی نوێکردنه‌وه‌یه‌کی پێویستی سه‌رده‌می‌یانه‌ دا".

● ڕێفۆڕم بۆچی پێویسته‌؟
هه‌موو دیارده‌ سروشتی و ئاسایی‌یه‌کان له‌ گه‌ڵ تێپه‌ڕینی زه‌مان ئاڵوگۆڕیان به‌ سه‌ر دادێ. هیچ شتێک خۆی له‌و قاعیده‌یه‌ بۆ ده‌رباز ناکرێ. جیهان به خێرایی به‌ره‌و پێشکه‌وتن و تازه‌بوونه‌وه‌ ده‌ڕوا و پێ‌به‌ پێی ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ ژیانی مرۆڤ، پێوه‌ندی‌یه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، فه‌رهه‌نگی و ئابووری‌یه‌کان ئاڵوگۆڕیان به‌ سه‌ر دا دێ. پێشکه‌وتنی زانست و تێکنیک له‌ هه‌موو بوارێکه‌وه‌ و به‌ تایبه‌ت له‌ بواری پێوه‌ندیگرتنی مرۆڤه‌کان به‌ یه‌کتره‌وه‌ ئه‌و پێویستی‌یه‌ی هێناوه‌ته‌ پێش که‌ به‌شه‌کانی جیهانی مرۆڤایه‌تی و به‌ گشتی هه‌موو ئینسانه‌کان خۆ له‌ گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وتی به‌ره‌وپێشچوونه‌ ڕێکخه‌ن و له‌ ڕاستیش دا ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵێک نه‌توانێ ئه‌و کاره‌ بکا و هه‌روا له‌ شێوه‌کار و ڕێوشوێنی کۆن دا قه‌دیس بێ‌، ناتوانێ له‌ به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ به‌هره‌مه‌ند بێ و له‌ دواکه‌وتوویی دا ده‌مێنێته‌وه‌.
ئیشاڕه‌ کردن به‌ یه‌ک دوو نموونه‌ له‌و پێوه‌ندی‌یه‌ دا بێ جێ نیه‌: له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ که‌ له‌ دنیای پڕجموجۆڵ و به‌ره‌وگه‌شه‌کردنی ئه‌مڕۆ دا بارودۆخه‌کان زوو زوو ئاڵوگۆڕیان به‌ سه‌ر دادێ، وڵاتانی پێشکه‌وتوو و بۆ وێنه‌‌ وڵاتی سوێد{که‌ بۆخۆمی لێ‌ده‌ژیم}، به‌ مه‌به‌ستی خۆگونجاندن له‌ گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وته‌، به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام بیر له‌ به‌رنامه‌ و پلانی تازه‌ و گونجاو ده‌که‌نه‌وه‌ و تێئۆری و پڕۆژه‌ی نوێ له‌ هه‌موو بواره‌کان دا ته‌جره‌به‌ ده‌که‌ن. هه‌رله‌و پێوه‌ندی‌یه‌‌ دا کاربه‌ڕێوه‌به‌ر و مووچه‌خۆره‌کانی هه‌موو ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تی و تایبه‌تی‌یه‌کان، به‌ بێ له‌به‌رچاوگرتنی به‌ڵگه‌ی خوێنده‌واری، ڕاده‌ی پسپۆڕی و زانیاری، ده‌بێ ساڵانه‌ چه‌ند جار و له‌ چه‌ند ڕۆژی پێشبینیکراو دا له‌ خوله‌کانی فێربوون، سێمینار و باس و لێکۆڵینه‌وه‌ دا به‌شدار بن. ئه‌وه‌ش به‌و مه‌به‌سته‌یه‌‌ که‌ به‌رنامه‌کان، شێوه‌ی کار و به‌رهه‌مدانی پڕۆژه‌کان به‌ پێی بارودۆخی تازه‌ چاویان پێدا بخشێندرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نوخته‌ لاوازی‌یه‌ک هه‌بێ، قامکی له‌ سه‌ر دابنرێ، به‌هێزبکرێ و به‌گشتی گه‌ڕان به‌ دوای شێوه‌ و مێتۆدی تازه‌ و نوێکردنه‌وه‌ دا به‌ شێوه‌یه‌کی نیان و به‌رده‌وام له‌ گۆڕێ دابێ. خراپ نیه‌ ئه‌وه‌ش وه‌بیر بێنینه‌وه‌ که‌ له‌و وڵاتانه‌ دا کۆڕی تایبه‌تی له‌ که‌سانی زانا و پسپۆڕ له‌ بواره‌ سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری‌یه‌کان دا هه‌ن که‌ کاریان لێکۆڵینه‌وه‌ و دانانی پلان و به‌رنامه‌ی کورتخایه‌ن و درێژخایه‌ن له‌و بوارانه‌ دایه‌ که‌ باسمان کردن و دامه‌زراو و ده‌زگاکان له‌ ئاکامی کاری ئه‌و کۆڕانه‌ که‌لک وه‌رده‌گرن. به‌ کورتی له‌و کۆمه‌ڵانه‌ دا ڕێفۆرم و نوێکردنه‌وه‌ بۆته‌ به‌شێک له‌ فه‌رهه‌نگی ئه‌و گه‌لانه‌ و له‌ مێژه‌ که‌وتۆته‌ سه‌ر گه‌ڕ.

● ڕێفۆرم و شۆڕش (Revolution) یه‌ک نین.
کاتێک که‌ قسه‌ له‌ ڕێفۆرم ده‌کرێ، له‌وانه‌یه‌ هێندێک که‌س بیر له‌ شۆڕش (ئینقیلاب) بکه‌نه‌وه‌ و نێوه‌رۆکێکی زۆر جیاواز بۆ ئه‌و دوو زاراوه‌یه‌ وه‌به‌رچاو نه‌گرن، به‌ڵام له‌ ڕاستی دا ئه‌و دووه‌ زۆر لێک دوورن. گوتمان ڕێفۆرم نوێکردنه‌وه‌ و ئاڵوگۆڕه‌ و ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌یه‌ که‌ ئاڵقه‌ کۆنه‌کانی زنجیره‌ی سیستیمێک ده‌گۆڕێ، شێوه‌کار و هه‌ڵسوکه‌وتی کۆن و سواو، که‌ ده‌رکه‌وتوه‌ باویان نه‌ماوه‌ و کارا نین، لاده‌با و مێتۆد، شێوه‌کار و پێوه‌ندیی تازه‌ له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی‌یه‌کان دا دێنێته‌ گۆڕێ، له‌ حاڵێک دا شۆڕش، سیستیمێک، یان ده‌سه‌ڵاتێک له‌ بناخه‌ ڕا هه‌ڵده‌وه‌شێنێ و سیستیمێکی دیکه‌ دێنێته‌ کایه‌وه‌.
جیاوازی‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و دووانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ سروشتی ڕێفۆرم لێک‌تێگه‌یشتن و گۆڕانکاری به‌ شێوه‌یه‌کی نه‌رم و ئاشتیخوازانه‌یه‌، به‌ڵام ته‌بیعه‌تی شۆڕش لابردنی ده‌سه‌ڵات له‌ ڕێگای زۆر و ته‌نانه‌ت شه‌ڕ و تێکهه‌ڵچوونه‌وه‌یه‌.

● به‌ گشتی مه‌رجه‌ سه‌ره‌کی‌یه‌کانی به‌ڕێوه‌چوونی ڕێفۆڕم چن؟

جێبه‌جیکردنی ڕێفۆرم به‌ دروشمدان ناکرێ. پێشتریش زۆر جار هه‌ر له‌و حیزبه‌ی خۆمان دا باسی نوێکردنه‌وه‌ و ئاڵوگۆڕمان بیستوه‌ و نه‌شکراوه‌.

به‌ بڕوای من به‌ گشتی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ڕێفۆرم چه‌ند مه‌رجی سه‌ره‌کی پێویستن که‌ هێندێکیان ده‌چوارچێوه‌ی ئیراده‌ و ده‌سه‌ڵاتی خۆمان دان و ده‌سته‌به‌رکردنیان هاسانه‌ و هێندێکیشیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر قه‌واره‌ و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵ، یان حیزب و داب و نه‌ریته‌کان که‌ دره‌نگ مل بۆ ئاڵوگۆڕ ڕاده‌کێشن و ده‌بێ بهێنرێنه‌ ژێر ڕکێفی نوێکردنه‌وه‌، یان با بڵێین کارێک بکه‌ین که‌ مه‌نتیقی پێویستیی ڕێفۆرم دایانپۆشی و به‌ سه‌ریان دا زاڵ بێ. مه‌رجه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کی‌یه‌کان ئه‌مانه‌ن:
ئاــ کۆمه‌ڵگه‌ پێویستیی ئاڵوگۆڕی هه‌ست پێ‌کردبێ.
ب ــ فاکتۆره‌کانی بارودۆخ، کات و شوێن(زه‌مان و مه‌کان) بۆ ده‌سپێکردنی ئاڵوگۆڕ له‌ هه‌رکام له‌و بوارانه‌ دا که‌ ده‌که‌ونه‌ بازنه‌ی ڕێفۆرمه‌که‌وه‌، له‌بار بن.
پ ــ هه‌لومه‌رج له‌ باری سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و ئابووری‌یه‌وه‌ گرینگیی پێکهاتنی ڕێفۆرم زه‌ق کاته‌وه‌.‌
ت ـ ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی ئاڵوگۆڕ، به‌ قووڵی باوه‌ڕیان به‌و ئاڵوگۆڕانه‌ هه‌بێ و له‌ سه‌ر ئه‌و بیره‌ ساغ بووبنه‌وه‌.
ج ــ چوارچێوه‌، راده‌، بوار و کاناڵی ئاڵو گۆڕه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی ڕوون دیاری بکرێن، ‌ دیار بێ له‌ چ بوارێک دا چ شتێک نوێ ده‌کرێته‌وه‌ و تا چ ڕاده‌یه‌ک ئاڵوگۆڕ ده‌کرێ و چ شتێک، یان چ میتۆد و چوارچێوه‌یه‌کی نوێی بۆ دیاری ده‌کرێ و له‌ هه‌موو شتێک گرینگتر، خراپیی ئه‌و مێتۆده‌ کۆنانه‌ ده‌چ دا بوو و چاکیی ئه‌و شته‌ تازانه‌ ده‌ کوێ دایه‌؟

با وێنه‌یه‌کی ڕوون بێنینه‌وه‌: تۆ پێت‌وایه‌ سیستیمی پێوه‌ندیی نێوان ئۆرگانه‌کانی حیزب، بڕیاردان و به‌ڕێوه‌بردنی بڕیار، که‌ تا ئێستا کاری پێ‌کراوه‌، نێوه‌ندینه‌کراو(سانتڕالیستی‌)یه‌ و ده‌بێ بگۆڕدرێ. بێ‌گومان مه‌به‌ستت ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ی ئێستا لاببه‌ی و هیچی له‌ جێ دانه‌نێی. ئه‌گه‌ر له‌ جێی دانه‌نێی، ئه‌وه‌ حیزبت له‌ به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شاندوه‌. ده‌زانین حیزب وه‌سیله‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجێکی دیاریکراو و ده‌بێ هه‌موو ئاڵقه‌کانی زنجیره‌ی ڕێکخراوی ئه‌و حیزبه‌ هه‌ڵسووڕێن کار بکه‌ن و له‌وه‌ش گرینگتر هاواهه‌نگی و هاوپشتی‌یان به‌ یه‌که‌وه‌ هه‌بێ، تا بواری گه‌یشتن به‌ ئاکامێکی باش بکرێته‌وه‌، که‌وابوو ده‌بێ ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ی پێکی‌دێنی به‌ تێگه‌یشتن و سه‌رنجه‌وه‌ بێ و تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌ به‌جێبوون و کارابوونی دڵنیا بی، جا بی‌که‌ی.

چ ــ ئاڵوگۆڕ پێکهێنان نابێ ته‌نیا له‌ سه‌ر بناخه‌ی‌ بۆچوون و مه‌یلی هێندێک کادر و هه‌ڵسووڕاوی حیزب بێ که‌ ته‌نیا خۆیان به‌ "ڕووناکبیر" و پێشه‌نگی هێنانی بیری نوێخوازی ده‌زانن.{مه‌به‌ستم هیچ که‌سێکی تایبه‌تی نیه‌ و به‌شبه‌حاڵی خۆم شانازی به‌و کادره‌ لاوه‌ نوێخوازانه‌وه‌ ده‌که‌م که‌ به‌ باره‌ڕ و دڵسۆزی‌یه‌وه‌ بۆچوونی خۆیان له‌ سه‌ر ئاڵوگۆڕ ده‌رده‌بڕن و گه‌ڵاڵه‌ و پێشنیار له‌و بواره‌ دا دێننه‌ گۆڕێ و له‌وانه‌یه‌ له‌ زۆر خاڵ و بڕگه‌ی ئه‌و باسه‌ش دا له‌ گه‌ڵیان هاوده‌نگ بم، به‌ڵام‌ ده‌مه‌وێ ئاڵوگۆڕه‌کان و ئاستی به‌رینی و ته‌سکی‌یان ده‌ به‌راوه‌ردێکی ڕاستبینانه‌ دا ببینم} ئه‌و بواره‌ پسپۆڕی تاکیش هه‌ڵناگرێ (و ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم که‌سێکی پسپۆڕی واشمان نیه‌)، کار و بیری به‌ کۆمه‌ڵی ده‌وێ و ده‌بێ ئاگاداربوون، قه‌ناعه‌ت و ڕازیبوونی ئۆرگان و چینه‌ جۆراوجۆره‌کانی نێو حیزب و لایه‌نگرانی حیزبی له‌ گه‌ڵ بێ، له‌ لایه‌ن کۆڕ وکۆمه‌ڵانی خوێنده‌وار و تێکۆشه‌رانی نێوخۆی وڵاته‌وه‌ بسه‌لمێندرێ و له‌ گه‌ڵ ڕاستی‌یه‌کانی نێو حیزبیش بێته‌وه‌. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌مووی ئه‌و شتانه‌ ده‌بێ هاوکات له‌ به‌رنامه‌ و ڕه‌وتی به‌ڕێوه‌بردنی ئاڵوگۆڕ دا وه‌به‌رچاو بگیرێن. بۆ دانانی پلان و به‌رنامه‌ی نوێکردنه‌وه‌ پێویسته‌ کۆڕێک له‌ کادره‌ شاره‌زا و به‌ ئه‌زموونه‌کانی حیزب له‌ هه‌موو پله‌ ته‌شکیلاتی‌یه‌کان، به‌ وه‌به‌رچاوگرتنی باوه‌ڕ و ڕێنوێنیی که‌سایه‌تی‌یه‌ لێزان و خاوه‌نبیره‌کانی کورد، لێ‌بکۆڵنه‌وه‌، کاربکه‌ن و له‌ سه‌ر به‌رنامه‌یه‌ک ساغ ببنه‌وه‌.

● داخوا ته‌نیا ئاڵوگۆڕ پێکهێنان له‌ پێڕه‌وپرۆگرامی حیزب دا، مه‌سه‌له‌ی ڕێفۆرممان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌کا؟

کاتێک له‌ نێو حیزبی ئێمه‌ دا باسی ڕێفۆرم و ئاڵوگۆڕ ده‌کرێ، زۆر که‌س ده‌سبه‌جێ بیر له‌ گۆڕینی پێره‌و و پرۆگرامی حیزب ده‌که‌نه‌وه‌ و زۆر شتی گرینگتری دیکه‌یان وه‌به‌رچاو نایه‌، له‌ حاڵێک دا ئاڵوگۆڕ له‌و به‌ڵگه‌ حیزبی‌یانه‌ دا له‌ پله‌ی دووهه‌می گرینگی دایه. به‌ڵێ، بێ‌گومان ده‌بێ پێڕه‌و و پرۆگرامی حیزب نوێ بکرێنه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ک بنووسرێنه‌وه‌ که‌ له‌ گه‌ڵ بارودۆخی ئێستای خه‌باتی گه‌له‌که‌مان بێنه‌وه‌ و هه‌ڵسوورانی ته‌شکیلاتیی ئێمه‌ بخه‌نه‌ کاناڵێکی له‌باری سه‌رده‌می‌یانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌مان له‌ بیر نه‌چێ، ئه‌و به‌ڵگانه‌ که‌ به‌رهه‌می بیری خۆمانن، له‌ به‌رامبه‌ر قه‌یران، کێشه‌ و گه‌شه‌نه‌کردنی ئێمه‌ دا تاوانبار نین. ئه‌وان ته‌نیا هێندێک ڕێوشوێنی سه‌ر کاغه‌زن، که‌ له‌خۆوه‌ نه‌ هێز و ده‌سه‌ڵاتێکیان هه‌یه‌ و نه‌ ده‌شتوانن ئه‌مر و نه‌هی بکه‌ن و که‌سێک له‌ سه‌ر سه‌رپێچیکردن له‌ بنه‌ماکان سزا بده‌ن، یان که‌سێکی دیکه‌ له‌ به‌رخاتری هه‌ڵسووڕبوون و خزمه‌تکردن خه‌ڵات بکه‌ن. ئێمه‌ هه‌رکات بمانه‌وێ، ده‌توانین به‌ گرتنی کۆنفڕانسێک بیانگۆڕێن و له‌ سه‌ر بنه‌مای قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی‌یه‌کانی خۆمان دایانڕێژینه‌وه.‌ له‌ ڕاستی دا ئه‌وه‌ ئه‌ندامانی حیزب و له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان ده‌زگای ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبن که‌ ده‌توانن که‌سایه‌تی به‌ پڕێنسیپه‌ په‌سندکراوه‌کان بده‌ن و به‌هێز یان بێ‌هێزیان که‌ن.
پێمخۆشه‌ له‌و بواره‌ دا چه‌ند نموونه‌ی جۆراوجۆر بێنمه‌وه‌:

· له‌بیرمه‌ ساڵی 57ی هه‌تاوی، ئه‌و کاته‌ی شۆڕش له‌ ئێران دا توندتر ببوو و هێنده‌ی نه‌مابوو کۆنتڕۆل له‌ ده‌ست ده‌وڵه‌تی ئێران بچێته‌ ده‌ر، محه‌ممه‌د ره‌زا شای په‌هله‌وی پێش ئه‌وه‌ی وڵات به‌ جێ‌بێڵێ، هاته‌ سه‌ر ته‌له‌ویزیۆن و گوتی:" خه‌ڵکی ئێران من په‌یامی شۆڕشی ئێوه‌م بیست... به‌ڵام ئه‌وه‌ش بزانن که‌ من به‌ پێی یاسای بنه‌ڕه‌تیی وڵات ته‌نیا پاشایه‌تی ده‌که‌م. به‌رپرسایه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات له‌ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ته‌ و من ناگرێته‌وه‌..." به‌و شێوه‌یه‌ ده‌یه‌ویست به‌ په‌نابردن بۆ یاسای بنه‌ڕه‌تیی مه‌شرووته،‌ پاکانه‌ بۆخۆی بکا، له‌ حاڵێک دا ده‌زانین ناوبراو چ دیکتاتۆرێک بوو و چۆن هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی بۆخۆی پاوان کردبوو. ده‌ی باشه‌ ئه‌گه‌ر شا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ر ئه‌و یاسا بنه‌ڕه‌تی‌یه‌ی مه‌شرووته‌ی که‌ بۆخۆی ئیشاڕه‌ی پی‌ده‌کرد، وه‌به‌رچاو گرتبا و کاری پێ‌کردبا، وڵات تووشی ئه‌و چاره‌نووسه‌ ده‌بوو، که‌ بوو و خه‌ڵکی ئێران تووشی ئه‌و کوێره‌وه‌ری و ده‌رده‌سه‌ری‌یانه‌ ده‌هاتن، که‌ دیتمان؟
· ئه‌سڵی پازده‌ و نۆزده‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی هه‌ر ئه‌و کۆماری ئیسلامی‌یه‌ی که‌ هه‌موو دنیا باشی ده‌ناسێ و ده‌زانین چه‌نده‌ دژی مافی مرۆڤ و یاسای ئینسانی‌یه‌، ده‌توانن ببنه‌ چه‌شنه‌ بناخه‌یه‌ک بۆ دابینکردنی مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌کانی که‌مایه‌تی‌یه‌کانی ئێران و گومان له‌وه‌ دانیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێژیمه‌ له‌ ماهییه‌تی دا هه‌با{که‌ نیه‌} و ویستبای به‌ نیازپاکی‌ و به‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی موسبه‌ت و ئاشتیخوازانه‌وه‌ ‌ جێبه‌جێیان بکا، نه‌ته‌وه‌کانی ئێران و یه‌ک له‌وان گه‌لی کورد پێویستیان به‌ نێزیکه‌ی سێ ده‌یه‌ خه‌بات و قوربانیدان له‌ پێناوی گه‌یشتن به‌ مافه‌کانی خۆیان دا نه‌ده‌بوو.

مه‌به‌ستم له‌ هێنانه‌وه‌ی ئه‌و دوو نموونه‌یه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ بوو که‌ به‌شێکی زۆرله‌ بنه‌ما، یاسا و ڕێوشوێنه‌کان به‌ به‌راوه‌رد له‌ گه‌ڵ بارۆدۆخه‌کان، له‌ بناخه‌ دا له‌ سه‌داسه‌د خراپ نانووسرێن و هه‌ر نه‌بێ زۆر شوێنی موسبه‌تیان تێ‌دایه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رن، بۆ به‌رینکردنه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان{ که‌ دیاره‌ یاسا ده‌سه‌ڵاته‌کان به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه‌ و سنووریان بۆ داده‌نێ} یاسا و ڕێوشوێنه‌کان پشتگوێ ده‌خه‌ن و بایه‌خیان بۆ دانانێن.

با له‌و باره‌وه‌ یه‌ک دوو وێنه‌ش له‌ خۆمان و حیزبی خۆمان بێنمه‌وه‌:
له‌ پێڕه‌وی نێوخۆی حیزبی دێمۆکڕات دا به ‌ڕوونی مافی هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵبژێران، بۆ ئه‌ندامانی حیزب دیاری کراوه. بۆ نموونه‌‌:
"هه‌موو ئۆرگانێكی‌ حیزبی‌ له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌رێ‌ هه‌ڵ‌ده‌بژێردرێ‌( ماده‌ی 7 به‌ندی یه‌ک)"
"كومیته‌ی‌ هه‌ر ڕێكخراوێك له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی‌ ئه‌و ڕێكخراوه‌ یان نوێنه‌رانی‌ ئه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵ‌ده‌بژێردرێ‌( ماده‌ی دوازده‌ به‌ندی 4 )".

به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من وه‌بیرم دێ‌، هه‌ر دوور نه‌چین، له‌ ته‌شکیلاتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزب دا، به‌رپرسی ئۆرگانه‌کان و کۆمیته‌کانی وڵات و جاری وابووه‌ هه‌موو، یان به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌ندامانی کۆمیته‌ش ته‌نیا له‌ لایه‌ن سکرتێری حیزب و ده‌فته‌ری سیاسی‌‌یه‌وه‌ دیاری کراون.
{ لێره‌ دا هه‌رچه‌ند وتاره‌که‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌، ناچارم بڵێم ئه‌و کاره‌ بێجگه‌ له‌ پێشێلکردنی مافی هه‌ڵبژاردنی به‌رپرس و.. له‌ لایه‌ن خودی ئه‌ندامانی ئۆرگانه‌کانه‌وه،‌ لانی که‌م دوو عه‌یبی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌، که‌ له‌ پێش چاوی ئه‌ندامانی حیزب و خه‌ڵکی دیکه‌ش شاراوه‌ نه‌بوون:
یه‌که‌م: سکرتێر و ده‌فته‌ری سیاسی که ‌شوێنی کاریان له‌ کوردستانه‌، هه‌رچه‌ند له‌ وه‌زعی ته‌شکیلات و بارودۆخی تێکۆشان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش ئاگادار بن، دیسانیش وه‌ک ئه‌و کادرانه‌ی بۆخۆیان له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ژین و ساڵانێکی زۆره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ کاری حیزبی ده‌که‌ن، ناتوانن به‌ وردی پێچ و خواره‌کانی کار له‌و به‌شه دا ببینن، بارۆدۆخه‌کان شاره‌زا بن و لێهاتوویی‌یه‌کانیش بناسن. هه‌روه‌تر چونکه‌ به‌راوه‌رده‌کانیان زۆرتر به‌ پێی پێوانه‌کانی کار کردن له‌ کوردستانه‌، ناتوانن به‌رپرسایه‌تی‌یه‌کان به‌ که‌سانێک بسپێرن، که‌ زیاتر کاره‌کا‌نیان له‌ ده‌ست بێ و تێیان دا شاره‌زاتر بن.
دووهه‌م: ئه‌و چه‌شنه‌ دیاریکردن و دانان(ئینتیساب)ــه‌، هه‌ر له‌ خۆوه‌ ده‌بێته‌ هۆی پێکهاتنی ده‌سته‌به‌ندی له‌ نێو حیزب دا. به‌و مانایه‌ که‌ کاتێک به‌رپرسی پله‌ یه‌که‌می حیزب، به‌ پێی لێکدانه‌وه‌ و په‌سندی خۆی که‌سێک یان چه‌ند که‌س دیاری ده‌کا، ئه‌وه‌ ئه‌و که‌سانه‌ش، بته‌وێ نه‌ته‌وێ، که‌م و زۆر چه‌شنه‌ به‌سراوه‌یی‌یه‌ک به‌و به‌رپرسه‌وه‌ په‌یدا ده‌که‌ن و به‌و چه‌شنه‌ جه‌غزێک له‌ ده‌وری ده‌سه‌ڵات پێک‌دێ، که‌ هه‌روا به‌ هاسانی ئاماده‌ نابێ دواتر و له‌ کاتی کۆنگره‌ دا جڵه‌وی ئیداره‌ کردنی حیزب به‌ که‌سانی دیکه‌ بسپێرێ و دیاره‌ ئه‌و کاتیش به‌ پێی به‌راوه‌ردی خۆی به‌ڵگه‌ دێنێته‌وه‌ و پاساو ده‌بینێته‌وه‌ که‌ کاره‌که‌ی ڕاسته‌ و پێی‌وایه‌ خزمه‌تی به‌ حیزب کردوه‌، چونکه‌ ته‌نیا که‌سانی نێو ئه‌و جه‌غزه‌ به‌ هه‌ڵسووڕ، خاوه‌نبیر و لێوه‌شاوه‌ ده‌زانێ. ئه‌وه‌ش بۆ ئاینده‌ی ڕێکخراوی حیزب زۆر پڕ مه‌ترسی‌یه‌. بێجگه‌ له‌ وه‌ش ئه‌و چه‌شنه‌ که‌سانه‌ که‌ ده‌که‌ونه‌ نێو جه‌غزی لوتف و سه‌رنجی تایبه‌تیی سکرتێر و ده‌فته‌ری سیاسی‌‌یه‌وه‌، زۆر جار به‌ بێ ته‌ئییدی به‌ده‌نه‌ی حیزب و ته‌نانه‌ت ئۆرگانه‌کانی خۆشیان ده‌کرێنه‌ جێگر و ڕاوێژکار و به‌ هاسانی و به‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌ کۆنفڕانس و هه‌ڵبژاردنێکی دێمۆکڕاتی دا به‌شداری بکه‌ن، مافی به‌شداربوون له‌ کۆنگره‌یان دا پێ‌ده‌درێ. ئه‌و شێوه‌ نادێمۆکڕاتی‌یه‌ به‌ ئاشکرا ده‌بێته‌ هۆی پێشێلکرانی مافی هه‌ڵبژێررانی ئه‌ندامانی دیکه‌ که‌ زۆر جار ده‌رکه‌وتووه لێوه‌شاوه‌یی‌یان له‌ دیاریکراوه‌کان زۆرتر بووه‌}.

ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ی حیزب له‌ت‌بوو و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان(باڵی که‌مایه‌تیی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی کۆنگره‌ی سێزده‌) له‌ سه‌ر بناخه‌یه‌کی نوێ ئۆرگانه‌کانی خۆی ساغ‌کرده‌وه‌، هه‌رچه‌ند من پێموایه‌ ده‌کرا کۆنفڕانسێکی به‌په‌له،‌ لانی که‌م له‌ کۆمه‌ڵێک کادر و ئه‌ندامی ناسراو و به‌ ئه‌زموونی حیزب بۆ هه‌موو ده‌ره‌وه‌ گیرابا، دیسان چاره‌نووسی مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن و سیستیمی دیاریکردنی به‌رپرسایه‌تی‌یه‌کان که‌وته‌وه‌ به‌رده‌ستی ناوه‌ند و به‌ تایبه‌ت دوو سێ که‌سی سه‌رووی حیزب. ئاکام ئه‌وه‌ بوو که‌ بۆ وێنه‌ هه‌موو ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ئورووپای حیزب له‌ لایه‌ن ناوه‌نده‌وه‌‌ دیاری کران و بێجگه‌ له‌ یه‌ک دوو که‌س که‌ ئه‌م دوایی‌یانه‌ له‌ یه‌ک دوو کۆمیته‌ی وڵاته‌وه‌ له‌ کۆمیته‌ی ئورووپا زیاد کراون، ئێستا ئه‌و کۆمیته‌یه‌ هیچکه‌سێکی هه‌ڵبژێرراوی ئه‌ندامانی ئورووپای حیزبی تێ‌دا نیه‌. ته‌نانه‌ت کۆمیته‌ی نووسینه‌وه‌ی پێره‌و و پرۆگرامی حیزب له‌ به‌شی ته‌شکیلاتی ئورووپاش هه‌ر ناوه‌ند دیاری کردوه‌، که‌ دیاره‌ ئه‌و شێوه‌ کاره‌ هه‌م له‌ گه‌ڵ ئه‌و ماددانه‌‌ی پێڕه‌و ناکۆکه‌ و هه‌م له‌ گه‌ڵ ڕووحی "خه‌ته‌گشتی‌یه‌کانی ڕێبازی حیزب" که‌ به‌ بڕوای من بناخه‌یه‌کی باش بۆ ده‌ستپێکردنی ئاڵوگۆڕ‌ و چوون به‌ره‌و قۆناخێکی پێشکه‌وتووتری حیزبایه‌تی‌یه‌، ناته‌بایه‌.

من کاتێک لێره‌ دا ئه‌و شتانه‌ ده‌ڵێم‌، مه‌به‌ستم ڕه‌خنه‌ گرتن نیه‌، جێگای ڕه‌خنه‌ ده‌رفه‌ت و‌ کاتی دیکه‌یه‌، به‌ڵام ده‌مه‌وێ له‌و وێنانه‌ بۆ خاڵی دواتری باسه‌که‌م ئاکامێکی دیار و ڕوون وه‌رگرم که‌ ده‌ڵێ ئاڵوگۆڕ ده‌بێ پێش هه‌موو شتێک له‌ خۆمانه‌وه‌ ده‌ست پێ‌بکه‌ین، ده‌نا ئه‌گه‌ر پێشکه‌وتووترین پێڕه‌و و پرۆگرام و یاسا وڕێوشوێنمان له‌ توێی جوانترین و رازاوه‌ترین وشه‌ و زاراوه‌ی سیاسی و ئه‌ده‌بی دا له‌ سه‌ر کاغه‌ز هه‌بن و وه‌به‌رچاویان نه‌گرین، هه‌ر دێینه‌وه‌ سه‌ر دۆخی جاران و سوودێک نابه‌ین.

● له‌ کوێوه‌ ئاڵوگۆڕ ده‌ست پێ‌بکه‌ین؟

ده‌بێ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ڕێفۆرم و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ:
1ــ به‌ خۆمان دا بچینه‌وه‌.
هه‌نگاوی یه‌که‌ممان له‌ ڕێگای نوێکردنه‌وه‌ دا ده‌بێ ئه‌وه‌ بێ که‌ به‌ خۆمان دا بچینه‌وه‌ و له‌و پێوه‌ندی‌یه‌ش دا پێش هه‌موو شتێک ئه‌و هۆکارانه‌ بده‌ینه‌ به‌ر سه‌رنج که‌ بوونه‌ هۆی له‌تبوونی حیزبی دێمۆکڕات. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌که‌ین هه‌ر ده‌چینه‌وه‌ نێو ئه‌و بازنه‌ شوومه‌ی تائێستا هه‌ر تێی‌دا خولاوینه‌وه‌. با بزانین هۆی ڕاوه‌ستانی ڕه‌وتی گه‌شه‌کردنی حیزبی ئێمه‌ و کارانه‌بوونی بۆ خۆ ڕێکخستنی ته‌واو له‌ گه‌ڵ ئاڵوگۆڕه‌ سیاسی‌ و کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کانی سه‌رده‌م چ بووه‌. بێ‌گومان ئه‌و کاره‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی ئازایانه‌یه‌ وه‌ک هه‌نگاوی یه‌که‌م له‌ ڕێگای ڕێفۆڕم دا پێویسته‌.
ڕاستی‌یه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ ــ وه‌ک پێشتر گوتمان ــ دووبه‌ره‌کی‌یه‌ک له‌ نێو حیزبی ئێمه‌ دا هه‌بووه‌، که‌ له‌ سه‌ریه‌ک تا ڕاده‌یه‌کی زۆر نه‌ی‌هێشتووه‌ هیچ لایه‌کمان بێجگه‌ له‌ کێشه‌ی نێوخۆیی و هه‌وڵدان بۆ پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی پلانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر بۆ داگیرکردنی کورسی‌یه‌کانی ڕێبه‌رایه‌تی، بیر له‌ شتێکی دیکه‌ی وا بکه‌ینه‌وه‌، که‌ سوودی بۆ گه‌شه‌کردنی حیزب هه‌بێ. به‌ڵام دووبه‌ره‌کایه‌تی و کێشه‌که‌ش هه‌ر له‌ خۆڕا نه‌بووه‌ و به‌رهه‌می هێندێک هه‌ڵه‌ بووه‌، که‌ هه‌رچه‌ند به‌شی زۆرتر ئاکامی ئاکار و هه‌ڵسوکه‌وتی لایه‌نی به‌رامبه‌ری ئێمه‌ش‌ بووبن، ده‌بێ ئێمه‌ ئه‌و هه‌ڵانه‌ ده‌ستنیشان بکه‌ین، دانیان پێدا بێنین و ئه‌و جار بڕیار بده‌ین که‌ نه‌ بۆخۆمان دووپاتیان بکه‌ینه‌وه‌ و نه بهێڵین له‌ حیزب دا دووپات ببنه‌وه‌.

له‌پێناو ئه‌و مه‌به‌سته‌ دا:
ئه‌لف ــ شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات ڕیشه‌کێش بکه‌ین.
نازانم سه‌ردێڕی"شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات" که‌ من لێره‌ دا هێناومه‌ و تا ئێستاش له‌ سه‌ر زمانی خه‌ڵک بووه‌، بۆ کێشه‌ی نێو حیزبی دێمۆکڕات ده‌گونجێ، یان نا؟! حیزبی ئێمه‌ له‌ خه‌باتی سیاسی دایه‌ و جارێ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ڕزگار نه‌بووه‌، تا شتێک وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌بێ، که‌ مرۆڤ هه‌وڵ بدا وه‌ده‌ستی بێنێ، یان ببێته‌ مایه‌ی کێشه‌ و شه‌ڕی له‌ سه‌ر بکرێ. به‌و حاڵه‌ش گرتنه‌وه‌ی کورسیی زیاتری ڕێبه‌رایه‌تی، کۆنتڕۆڵکردنی چاره‌نووسی حیزب و به‌کارهێنانی ویست و ئیراده‌ی تاک و گورووپ، ئه‌و خاڵانه‌ بوون که‌ باڵه‌کانی نێو حیزبی دێمۆکڕات ئۆگریان بوون و هه‌موو توانا و بیری خۆیان بۆ ته‌رخان کردوون. قسه‌ی تێ‌دا نیه‌ که‌ خه‌بات و کێبه‌رکێی نێوخۆیی، به‌ شێوه‌ی ئاشکرا و له‌ چوارچێوه‌ی پڕێنسیپ و بنه‌ماکانی مافی ئه‌ندامانی حیزب دا، نه‌ک هه‌ر زیانی بۆ حیزبێکی سیاسی نیه‌، به‌ڵکوو ده‌بێته‌ هۆی گه‌شه‌کردن و سه‌رکه‌وتنی و هه‌روه‌ها له‌ خه‌باتێکی نێوخۆیی ساغ و بێ‌غه‌ره‌ز و مه‌ره‌ز دا مێشکه‌کان ده‌کرێنه‌وه‌، کادره‌کان پوخته‌ ده‌بن، لاوه‌کان پێ‌ده‌گه‌ن و خه‌ڵکیش فێر ده‌بن و ده‌زانن چۆن هه‌ڵبژێرن و کێ‌هه‌ڵبژێرن. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ حیزبی ئێمه‌ دا ده‌کرا و هێندێک که‌س ناویشیان ده‌نا "کیبه‌رکێی نێوخۆیی"، به‌ نه‌هێنی ده‌کرا، که‌لک له‌ زۆر که‌ره‌سه‌ و شێوه‌ی ناڕه‌وا بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانج وه‌رده‌گیرا و خه‌باته‌که‌ به‌ مه‌به‌ستی پشت له‌ زه‌ویدان و له‌ مه‌یدانده‌رکردنی باڵی به‌رامبه‌ر ده‌کرا و له‌ سه‌ر یه‌ک ڕووخینه‌ر بوو.
ده‌بێ ئاسه‌واری شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات نه‌هێڵێن و شکڵێکی سه‌رده‌می‌یانه‌ و ئاشکرا"شه‌فاف" به‌ خه‌باتی نێوخۆیی بده‌ین.

ب ــ هه‌ستی متمانه‌ کردن به‌ یه‌کتر له‌ نێو حیزب دا به‌ هێز بکه‌ین. (دیپلۆماسی) له‌ گه‌ڵ یه‌کتر نه‌که‌ین.

ئه‌گه‌ر چاوێک به‌ مێژوو دا بخشێنین و بۆ وێنه‌ بۆ ساتێک بچینه‌وه‌ سه‌رده‌می کۆمه‌ڵه‌ی ژــ ک، ده‌بینین ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ سوێندیان به‌ ئاڵای کوردستان و قوڕئان بۆ یه‌کتر خواردوه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ په‌یمانیان به‌ستوه‌ که‌ خه‌یانه‌ت به‌ یه‌کتر و به‌ ئامانجه‌که‌یان نه‌که‌ن، ئه‌ندامه‌کانی متمانه‌یان به‌ یه‌کتر بووه‌، به‌ ڕاستی دڵسۆزی ڕێکخراوه‌که‌یان بوون و بڕوایان پێی هه‌بووه‌. هه‌ربۆیه‌شه ده‌بینین کۆمه‌ڵه‌ له‌ به‌راوه‌رد له‌ گه‌ڵ سه‌رده‌می خۆی دا ڕێکخراوێکی پته‌و و سه‌رکه‌وتوو بووه‌ و سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی ده‌زگای پێوه‌ندی و ڕاگه‌یاندنێکی وه‌ک ئێستا، له‌ ماوه‌یه‌کی که‌م دا توانیویه‌تی له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان دا بڵاو ببێته‌وه‌. من ناڵێم ئێمه‌ش به‌ ئاڵای کوردستان و قوڕئان سوێند بخۆین، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌مان باوه‌ڕ به‌ هاوڕێیانی حیزبیی خۆمان هه‌بێ، که‌ بتوانین له‌ نیازپاکیی یه‌کتر دڵنیا بین. دیپلۆماسی کردن بۆ نێو حیزب و له‌گه‌ڵ هاوڕێی خۆ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی کورسی تاوانه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی حیزب و له‌ گه‌ڵ نه‌یارانیش هێندێک پابه‌ند بوون و به‌رعۆده‌بوونی هه‌ر تێ‌دایه‌ و ده‌بێ بناخه‌ و ئوسوولی باوه‌ڕ به‌ یه‌کترکردنی تێ‌دا بێ، به‌ڵام من له‌ ماوه‌ی دووبه‌ره‌کیی نێوخۆیی دا و تا کاتی له‌تبوونی حیزب، زۆر جار شاهیدبووم که‌ ڕاست ئه‌و کاته‌ی کابرای هاوڕێ بێزاریی له‌ ناکۆکی ده‌رده‌بڕی و قه‌ولی ده‌دا هه‌وڵ بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ی بارودۆخ و یه‌کخستنه‌وه‌ی ڕیزه‌کان بدا، له‌ مێشکی خۆی دا بیری له‌ ڕیگایه‌کی نوێ بۆ شکاندنی لایه‌نی به‌رامبه‌ر ده‌کرده‌وه‌ و ئه‌وه‌ش هه‌ر زوو ده‌رده‌که‌وت. ئه‌و دیارده‌ ناحه‌زه‌ش ده‌بێ له‌ حیزبی ئێمه‌ دا نه‌مێنێ.

پ ــ ڕێز له‌ مافی حیزبی و ته‌شکیلاتیی هاوڕێیانمان بگرین.
مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو ئۆرگانه‌کانی حیزب له‌ به‌رامبه‌ر پێشێلکرانی هه‌رچه‌شنه‌ مافێکی حیزبیی تاکه‌کانی حیزب وه‌ده‌نگ بێن و سته‌ملێکراو هه‌رکه‌س بێ، له‌ هه‌ر ئۆرگانێک دا بێ و له‌ هه‌ر شوێنێک بێ، پشتیوانی لێ‌بکرێ. که‌م نین ئه‌و کادر و پێشمه‌رگانه‌ی دوای ساڵانێکی زۆر زه‌حمه‌ت و فیداکاری له‌ قۆناخه‌ جۆراوجۆره‌کان دا به‌ بیانووی جۆراوجۆر ده‌رکراون، یان ته‌ریک کراونه‌وه‌ و که‌سیش لێی نه‌پرسیونه‌وه‌.

ج ــ فه‌رق و جیاوازیدانان له‌ حیزب دا نه‌هێڵین.

هه‌ر وه‌ک له‌و چه‌ند ساڵانه‌ی دوایی و له‌ گه‌رمه‌ی دووبه‌ره‌کی‌ دا ‌ دیتمان، په‌یدابوونی خۆبه‌خۆیی، یان دابه‌شکردنی خه‌باتکارانی حیزب به‌ "خۆمانه"‌ و"غه‌یری" یه‌کێک له‌و زه‌بره‌ قورسانه‌ بوو که‌ وه‌حیزبی دێمۆکڕات که‌وت و به‌ره‌و له‌تبوونی برد. له‌بیرمان بێ حیزبێکی سیاسیی دێمۆکڕات به‌ بێ هه‌بوون و به‌رخوردی بیروڕای جیاواز ناتوانێ بژی، به‌ڵام ته‌نانه‌ت هه‌بوونی دووباڵ، دوو فراکسیۆن، یان دوولایه‌نیش به‌ دوو بیری جیاوازه‌وه‌ ده‌ حیزب دا، نابێ حیزب به‌ دوو به‌شی خۆمانه‌ و بێگانه‌ دابه‌ش بکا. ده‌بێ بیرکردنه‌وه‌ی هه‌ر تاکێکی حیزب به‌و شێوه‌یه‌ بێ که‌ هه‌موو کادر و ئه‌ندامانی حیزب ئه‌ندامانی یه‌ک بنه‌ماڵه‌ن و ئه‌وه‌ی شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ من جیاوازه‌، له‌ هاوبیره‌که‌م بۆ من خۆییتره‌.
بێجگه‌له‌وه‌ش که‌ره‌سه‌ و ئیمکاناتی ماڵی، ته‌شکیلاتی و ته‌بلیغاتیی حیزبیش ده‌بێ به‌ پێی پێویست و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخ و شوێن، بۆ که‌لک لێوه‌رگرتنی هه‌موو ئه‌ندامانی حیزب بن و له‌و باره‌وه‌ بۆ هیچ‌که‌س جیاوازی دانه‌نرێ.

2 ــ ده‌سه‌ڵات، یان "سه‌ڵاحییه‌ت" و "ئیختیارات" ته‌نیا له‌ پاوانی ناوه‌ند دا نه‌بێ. واته‌ ده‌سه‌ڵات(دیسانتڕالیزه‌) بکه‌ین.

تا ئێستا له‌ حیزبی ئێمه‌ دا عاده‌ت وابووه‌ که ده‌کرێ بڵێین ده‌فته‌ری سیاسی و کۆمیته‌ی ناوه‌ندی که‌ شوێنی تێکۆشانیان له‌ کوردستان بووه‌، ده‌سه‌ڵاتی بێ‌ئه‌ملا و ئه‌ولایان هه‌بووه‌. شتێکی سروشتی‌یه‌ ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبێک بۆیه‌ هه‌ڵده‌بژێدرێ‌، تا حیزبه‌که‌ ئیداره‌ بکا و بۆ ئه‌و ئیداره‌ کردنه‌ش پێویسته‌ به‌ ڕاده‌ی پێویست ده‌ستی بڕوا و به‌ قسه‌ی بکرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌ سه‌ره‌، تا ئێستا به‌ ته‌جره‌به‌ ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ گرفتی گه‌وره‌ی پێک‌هێناوه و به‌ کرده‌وه‌ ده‌وری تۆرمزی ماتۆڕی گه‌شه‌کردن و نوێکردنه‌وه‌ی حیزبی گێڕاوه‌‌، شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنه‌که‌یه‌. ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی ئێمه‌ و له‌ پله‌ی یه‌که‌م دا سکرتێری حیزب که‌ ئۆرگانی هه‌ره‌سه‌رووی به‌ڕێوه‌بردن له‌ حیزبی دێمۆکڕات دا بوون‌، تا ئێستا بۆ هه‌موو شتێک له‌ دیاریکردنی به‌رپرسانه‌وه‌ بگره‌، تا بڕیاردان له‌ سه‌ر پێوه‌ندی‌یه‌کان، سه‌روبه‌رکردنی کاره‌کان و ڕێوشوێن دانان بۆ هه‌ڵسووڕان و حه‌لکردنی مه‌سه‌له‌کان، له‌ ناوه‌ندی حیزب، نێوخۆی وڵات و ته‌نانه‌ت ته‌شکیلاتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش، هه‌ر بۆخۆیان خه‌ت و له‌له‌یان دیاری کردوه‌ و بڕیاریان داوه‌. دیاره‌ ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌ بووه‌. بۆ؟
بۆ ڕوونبوونه‌وه‌ی زیاتری قسه‌که‌ با دیسان هه‌ر ته‌شکیلاتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ نموونه‌ بێنینه‌وه‌: ئێستا به‌ ده‌یان کادری به‌ ئه‌زموون له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات کار ده‌که‌ن، که‌ ئه‌گه‌ر باری شایسته‌یی و لێهاتوویی له‌ هه‌ر بوارێک دا وه‌به‌رچاو بگرین، به‌شێکی زۆریان بۆ ئه‌وه‌ ده‌بن له‌ کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب دا بن و ته‌نانه‌ت هه‌ر بۆخۆیان ڕێبه‌رایه‌تی‌یه‌کی به‌ هێز پێک‌بێنن. له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌، وه‌ک پێشتریش ئیشاڕه‌م پێ‌کرد، ئه‌و خه‌ڵکه‌ که‌ بۆخۆیان له‌ ئورووپا ده‌ژین و شه‌و و ڕۆژ له‌ گه‌ڵ ئاڵوگۆڕ و باسوخواسه‌کانی وێ ده‌ژین، بۆ ده‌بێ ئیبتیکاری بڕیاردان له‌ سه‌ر کاروباری ئه‌و به‌شه‌یان پێ‌نه‌سپێردرێ{که‌ تا ئێستا پێیان نه‌سپێردراوه‌} و بۆ وێنه‌ به‌رپرس و به‌ڕێوه‌به‌ریان له‌ کوردستانه‌وه‌ بۆ دیاری بکرێ؟!
ئه‌و شێوه‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌‌ی تا ئێستا ڕه‌چاوکراوه‌، که‌مترین زیانی ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ زۆر کادری هه‌ڵسووڕ و شاره‌زا نه‌یانتوانیوه‌ خۆیان له‌ گه‌ڵ ئه‌و سیستیمه‌ ڕێکخه‌ن و دوور که‌وتوونه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و شێوه‌یه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ کادره‌کانی ئه‌و به‌شه‌ هه‌ستی متمانه‌ به‌ خۆبوونیان که‌م بێته‌وه‌، ئیبتیکار، لێهاتوویی و شێوه‌کاری تازه‌ ئیمکانی سه‌رهه‌ڵدانیان نه‌بێ و شێوه‌ی کۆن وه‌ک خۆی بمێنێته‌وه‌.
دیاره‌ مه‌به‌ست له‌ " دیسانتڕالیزه‌ کردن" ته‌نیا بڕیاردان له‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنی به‌رپرسان و شێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی کاروباری ڕێکخستنی کۆمیته‌کان له‌ به‌شه‌کانی خۆیان دا نیه‌، به‌ڵکوو ده‌بێ له‌ ڕاده‌یه‌کی گونجاو دا، ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ گرینگه‌ سیاسی‌یه‌کان، پێوه‌ندیی حیزب له‌ گه‌ڵ ڕێکخراو و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ و دیاریکردنی شێوه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی حیزب له‌ به‌رامبه‌ر ڕووداوه‌ گرینگه‌کانی ڕۆژ، به‌ هاوکاری و هاوفکری له‌ نێوان ئۆرگانه‌کانی ناوه‌ندی حیزب، ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و نێوخۆی وڵاتیش دا، بگرێته‌وه‌.

3 ــ له‌ هه‌موو توانایی‌ و لێوه‌شاوه‌یی‌یه‌کان بۆ باشتر به‌ڕێوه‌چوونی کاروباری حیزب که‌لک وه‌ربگیرێ.

یه‌کجار گرینگه‌ که‌ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان به‌رنامه‌ی بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و خاڵه‌ش هه‌بێ. به‌ بڕوای من ئه‌و ڕیگایانه‌ ده‌توانن بۆ وه‌گه‌ڕخستنی تواناکان له‌ خزمه‌ت حیزب دا یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ بن:
ئه‌سڵی هه‌ڵبژاردن و ‌هه‌ڵبژێران پێی له‌ سه‌ر دابگیرێ و دیاریکردنه‌کان"ئینتیسابه‌کان" کۆتایی‌یان بێ، تا ئه‌و که‌سانه‌ی شاره‌زایی‌یان هه‌یه‌ و ده‌خۆیان ڕاده‌بینن،( به‌ تایبه‌ت له‌ به‌ره‌ی که‌مته‌مه‌نتر و لاوتر) ده‌ستیان به‌ به‌رپرسایه‌تی‌یه‌کان ڕابگا و ئه‌زموونی خۆیان له‌ مه‌یدانی کرده‌وه‌ دا تاقی که‌نه‌وه‌. بێ تاقیکردنه‌وه‌ کارایی ده‌رناکه‌وێ.
ئه‌وه‌ مه‌رج نیه‌ ته‌نیا ئه‌وانه‌ی به‌رپرسایه‌تی‌یان هه‌یه‌، هه‌ڵسووڕ بن. زۆر ئه‌ندامی کارزان و شاره‌زامان هه‌ن که‌ وه‌رگرتنی به‌رپرسایه‌تیی ڕاسته‌وخۆیان پێ‌خۆش نیه‌، به‌ڵام زۆر کاریان له‌ ده‌ست دێن و ئاماده‌شن بیانکه‌ن. سه‌رنج و بایه‌خ به‌و جۆره‌ که‌سانه‌ بدرێ، که‌لکیان لێ‌وه‌ربگیرێ و کاری گونجاویان پێ‌بسپێردرێ.
پێوندیی به‌رده‌وام له‌ گه‌ڵ که‌سانی خاوه‌نبیر، دڵسۆز و زانای ده‌ره‌وه‌ی حیزب(ئه‌و که‌سایه‌تی‌یانه‌ی ئه‌ندامی حیزب نین) هه‌بێ، سه‌باره‌ت به‌ وه‌زعی حیزب و بزووتنه‌وه‌ باس و راوێژیان له‌ گه‌ڵ بکرێ و که‌لک له‌ هاوکاری‌یه‌کان و ڕێنوێنی‌یه‌کانیان وه‌ربگیرێ.
وێڕای ڕێگا ئاواڵه‌کردن بۆ نه‌وه‌ی نوێ له‌ هه‌موو ئۆرگانه‌کانی حیزب دا، بایه‌خی کاری کادر و ئه‌ندامه‌ دێرینه‌کانمان له‌ بیرنه‌چێ. بڕیاری خانه‌نشینکردنی ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان ده‌گاته‌ حه‌فتا ساڵ، که‌ پێشتر و له‌ هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌تی دا دراوه‌، به‌‌جێ نه‌بووه‌ و پێویسته‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه.‌ با تێکۆشه‌ره‌ دێرینه‌کان تا ئه‌و کاته‌ی بۆخۆیان پێیان‌خۆشه‌، به‌ پێی ده‌ره‌تان و توانای خۆیان کار بکه‌ن، ده‌نا وه‌ک ڕاوێژکار که‌لک له‌ ئه‌زموونیان وه‌ربگیرێ.
4 ــ بیروڕای پاوانخوازانه‌ نه‌مێنێ.
له‌ کۆنه‌وه‌ فکرێک له‌ حیزب دا هه‌بووه‌ که‌ ده‌کرێ بڵێین خۆی به‌ حیزبیی پله‌‌ یه‌ک، یان خاوه‌نی پله‌یه‌کی حیزب داناوه‌. ئه‌و فکره‌ پێی‌وایه‌ خۆی له‌ هه‌موو که‌س بۆ حیزب دڵسۆزتره و خه‌ڵکی دیکه‌ که‌لکی خراپ له‌ ئیمکانات و ئیعتیباری حیزب وه‌رده‌گرن، هه‌ربۆیه‌ش جێگای خۆی به‌ جیاواز و تا سه‌ر و شوێن و پێگه‌ی خه‌ڵکی دیکه‌‌ی به‌رته‌سک و کاتی دیتوه‌. ئه‌و فکره‌ چونکه‌ بۆی زه‌حمه‌ت بووه‌ متمانه‌ به‌ خه‌ڵکی دیکه‌ بکا‌، ئه‌گه‌ر ده‌ره‌تانی بووبێ، که‌سانی نێزیک به‌خۆی بۆ کار ده‌ستنیشان کردوه‌ و خه‌ڵکی دیکه‌ی له‌ ناوه‌نده‌کانی بڕیاردان دوور کردۆته‌وه‌.
فکرێکی ئه‌وتۆ نابێ له‌ ژیانی نوێی حیزبی دێمۆکڕات دا جێگای هه‌بێ. ده‌بێ هێندێک میکانیزم، و پڕێنسیپمان بۆ لێپرسینه‌وه‌، به‌راوه‌ردکردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی کار و به‌رهه‌می تێکۆشانی هاوڕێیانمان هه‌بێ. نابێ له‌خۆڕا له‌ هیچ ئه‌ندامێکی حیزب دڕدۆنگ بین، یان پێمان وابێ بێکاره‌ و نادڵسۆزن. ئه‌و حیزبه‌ ئی هه‌مووانه‌ و ده‌بێ مه‌یدانی کارکردن و هه‌روه‌تر گه‌شه‌کردنیش بۆ هه‌مووان ئاواڵه‌ بێ.

5 ــ ئاڵوگۆڕ له‌ ئه‌ده‌بیاتی حیزب دا پێک‌بێنین.
ئه‌و نوێکردنه‌وه‌یه‌‌ بمانه‌وێ نه‌مانه‌وێ پێویستیی به‌ پێکهێنانی هێندێک ئاڵوگۆڕ له‌ زمانی ڕاگه‌یاندنی حیزب و ئه‌ده‌بیاتی حیزبیش دا هه‌یه. بۆ وێنه‌ تائێستا هێندێک درۆشم و ده‌ربڕینی حیزبی ئێمه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و بناخه‌یه‌ بووه‌ که‌ حیزبی دێمۆکڕاتمان به‌ ته‌نیا ڕێبه‌ر و ڕێکخه‌ری خه‌باتی گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان زانیوه. ئه‌وه‌ بۆ هێندێک قۆناخی پێشووی مێژوویی ڕاست بووه‌، به‌ڵام ئێستا زۆر حیزب و ڕێکخراوی دیکه‌ هه‌ن، که‌ له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان خه‌بات ده‌که‌ن و گومانی تێ‌دا نیه‌‌ له‌ ئاینده‌ دا و به‌ تایبه‌ت کاتێک ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا چاوه‌ڕوان ده‌کرێن، ڕووبده‌ن، ڕێکخراوی دیکه‌ش دروست ده‌بن و دێنه‌ نێو مه‌یدانی خه‌باتی سیاسی‌یه‌وه‌. دیاره‌ حیزبی دێمۆکڕات زۆر له‌مێژه‌ باوه‌ڕی به‌ سیستیمی دێمۆکڕاتیی فره‌حیزبی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاندوه‌، که‌وابوو واباشه‌ نووسراوه‌ و گوتاری حیزبیش له‌و بوار و پێوه‌ندی‌یانه‌ دا بگۆڕین.

6 ــ ئاڵوگۆڕ له‌ به‌رنامه‌ و پێڕه‌وی حیزب دا پێک بێنین.
خه‌ڵکێکی زۆر سه‌باره‌ت به‌ نوێکردنه‌وه‌، ئاڵوگۆڕتێ‌داپێکهێنان، یان وه‌ک کۆمیته‌ی ئاماده‌کردن خۆی نێودێری کردوه‌، "نووسینه‌وه‌ی به‌رنامه‌ و پێڕه‌و"، بابه‌تیان نووسیوه‌ و ڕایان ده‌ربڕیوه‌، که‌ دیاره‌ ده‌بێ سه‌رنج بدرێته‌ ئه‌و بیروبووچوونانه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رکه‌وێ کام به‌ش، یان شوێن و بڕگه‌ی پێره‌و و پرۆگرام ده‌بێ بگۆڕێ، پێویسته‌ مرۆڤ خاڵبه‌خاڵ ئه‌و به‌ڵگانه‌ بخوێنێته‌وه‌ و ئه‌و شوێنانه‌ که‌ ده‌گۆڕدرێن به‌ ڕوونی ده‌ستنیشان بکا. ئه‌وه‌ش له‌م وتاره‌ دا که‌ هه‌رئێستاش زۆر درێژ بۆته‌وه‌، ناگونجێ و بۆ ده‌رفه‌تێکی دیکه‌ی‌ ده‌هێڵمه‌وه‌. ته‌نیا ده‌ڵێم که‌ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌کرێ، ڕووحی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد و مافی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌و ئه‌سڵانه‌ دا بگونجی و به‌هێز بکرێ. بۆ وێنه‌ له‌ به‌شی ئامانجه‌ گشتی‌یه‌کانی به‌رنامه‌ دا ئه‌وه‌ به‌ ڕوونی دیاربێ که‌ حیزبی ئێمه‌ فیدڕالیزم وه‌ک میکانیزمێک که‌ له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رج و به‌رژه‌وه‌ندیی ئێستای گه‌لانی ئێران، وه‌زعی سیاسیی ناوچه‌ و پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان دێته‌وه‌، چاو لێ‌ده‌کا و وه‌ک چاره‌سه‌رێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه،‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌که‌مانی نابینێ. با ناسیۆنالیزمی‌ به‌رچاوته‌نگی فارس ورده‌ ورده‌ تێ‌بگا و {چاو و گوێی عاده‌تی پێ‌بکا} که‌ قبووڵکردنی فیدڕالیزم له‌ لایه‌ن گه‌لی کورده‌وه‌ به‌ مانای چاوپۆشی له‌ مافی سه‌ربه‌خۆیی نیه‌ و ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌ بن لێوانه‌وه‌ ناڵێین و به‌ ئاشکرا ڕای‌ده‌گه‌یه‌نین.