ئاشق 2004،04،25
به كورتی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی حه‌وته‌می ئێران
هه‌لبژاردنی مه‌جلیسی حه‌وته‌می ئێران ته‌واو بوو و ده‌توانین بڵێین ئێستا پاش تێپه‌ڕینی دو ـ سێ‌ڕۆژ به سه‌ركۆتایی هاتنی هه‌ڵبژاردن دا ورده ورده كه‌فوكوڵی ئه‌و ڕووداوه‌ش نیشتۆته‌وه. هه‌رجه‌ند جارێ زۆر زووه كه له‌سه‌ر ئاكامه‌كانی به شێوه‌یه‌كی ڕوونتر نه‌زه‌ر بده‌ین و بڵێین ئه‌و هه‌لبژاردنه چ شوێنه‌وارێك له سه‌ر وه‌زعی سیاسیی ئێران به گشتی داده‌نێ و چ گوڕانێك له بارودۆخ و پارسه‌نگه سیاسی‌یه‌كان دا پێك دێنێ. دیاره ئه‌وه جێگای باس نیه كه ئه‌وه‌ی نه‌ختێك ئاگاداریی به سه‌ر وه‌زعی سیاسیی ئێران دا بووبێ، ته‌نانه‌ت له یه‌ك ـ دوو مانگێكی پێش هه‌ڵبژاردنیشه‌وه زانیویه‌تی كه له شانۆی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره دا ئه‌وانه‌ی سه‌ریان زۆرتر له سندووقه‌كانی ده‌نگه‌وه ده‌ردێنن و كورسی‌یه‌كانی مه‌جلیسی حه‌وته‌م داگیر ده‌كه‌ن، نوێنه‌رانی پاڵێوراوی باڵی توندڕه‌و ده‌بن، كه له‌مێژ بوو به پشتیوانیی ئۆرگانه جۆراوجۆره‌كانی ده‌سه‌ڵات وه‌ك" شۆڕای نیگابانی یاسای بنه‌ڕه‌تی"، " ده‌زگای قه‌زایی" و خودی "ڕێبه‌ر" واته جه‌نابی خامنه‌یی ته‌نگیان به لایه‌نی "ڕێفۆرمخواز" هه‌ڵچنیبوو و وه‌ك پاڵه‌وانێكی ماندووی گورز و مه‌تاڵ شكاو له گۆشه‌ی مه‌یدانی به‌ربه‌ره‌كانی‌یان په‌ستاوتبوو وبڕستیان لێ‌بڕیبوو.
ده‌ڵێن " دز و سێحه‌بماڵ ڕێكکه‌ون، گای به كۆلانه‌ی دا هه‌ڵده‌كێشن"، به ڕاستی ئۆرگانه سه‌رووه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كۆماری ئێسلامی، كه هه‌موویان له باڵی توندڕه‌وون، به شێوه‌یه‌ك ده‌ستیان له گه‌ڵ" ڕێبه‌ر"، ئۆرگانه‌كان و پاڵێوراوانی به‌شی خۆیان تێكه‌ڵ كردبوو و له سه‌ر ئاینده‌ی مه‌جلیس ڕێككه‌وتبوون و وابه ئاشكرا مه‌یدانی جموجۆڵی نه‌یارانی "ڕێفۆڕمخواز"یان ته‌نگ كرده‌وه، كه هه‌ڵبژاردنه‌كه زیاتر وه‌ك شانۆیه‌كی لێهات كه ته‌نیا بۆ پاراستنی ڕواڵه‌تی مه‌سه‌له‌كه به‌ڕێوه‌چوو، ده‌نا هه‌موو شتێك پێشتر له سه‌ر بناخه‌ی فێڵ و زۆره‌ملی دیاری كرابوو و بڕیاریشی له سه‌ر درابوو.
ڕه‌تكردنه‌وه‌ی(سه‌ڵاحیه‌ت) شایسته‌یی هه‌زاران نوێنه‌ر، پێكهێنانی جه‌وێكی گێره‌شێوێنانه و دواتر هه‌ڵڵاو بگری ته‌ئییدی شایسته‌یی هێندێك له پاڵێوراوان ته‌نیا یه‌ك - دوو ڕۆژ پێش هه‌ڵبژاردن و پێ‌چه‌قاندنی خامنه‌یی له سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆی دا، سه‌ره‌ڕای داوای نوێنه‌ره مانگرتووه‌كان و وه‌زاڕه‌تی نێوخۆ، كه به پێی هه‌موو یاسایه‌ك و نه‌ریتێك ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی دیاری كردن یان گۆڕینی كاتی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی هه‌بێ، له‌و گه‌نده‌ڵفێڵانه بوون كه ده‌سه‌ڵاتی پاوانخواز كردنی و گوێی به هیچ ڕه‌خنه و گازه‌نده‌یه‌كیش نه‌بزووت.
خه‌ڵكی ئێران به گشتی وڵامێكی باشیان به‌و ملهوڕی‌یه دایه‌وه. به پێی هه‌واڵی هه‌موو ناوه‌نده‌كانی هه‌واڵ به ئی كۆماری ئیسلامیشه‌وه، ڕاده‌ی به‌شداربووانی ئه‌م شانۆی هه‌ڵبژاردنه به به‌راوه‌ردكردن له گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پێشوو كه‌م بوه و دیاره كه ئه‌و ڕێژه‌یه له كوردستان زۆر كه‌متر بوه. سه‌رژمێری له‌و باره‌وه بڵاو كراونه‌ته‌وه و من نامه‌وێ لێره دووپاتیان كه‌مه‌وه، به‌ڵام كاتێك ڕاده‌ی ساردیی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر به‌و هه‌ڵبژاردنه‌مان باشتر بۆ ده‌رد‌كه‌وێ، كه بزانین ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان داوه كێ بوون و چ وه‌زعێكیان هه‌بوه. ئه‌وانه:
- دیاره به‌شێكیان ئه‌و كه‌سانه بوون كه لایه‌نگری شێلگیری پاوانخوازه‌كانن كه وێناچێ ژماره‌یان له نێو هه‌موو حه‌شیمه‌تی وڵات دا زۆر بێ.
- به‌شێك مووچه‌خۆر و كارمه‌ندی ده‌وڵه‌تن كه له ترسی بڕانی داهات و سزای دواڕۆژ ئه‌و كاره‌یان كردوه.( بۆ به‌رژ‌ه‌وه‌ندیی خۆیان ویستوویانه مۆری هه‌ڵبژاردن به ناسنامه‌كه‌یانه‌وه هه‌بێ)
- ژماره‌یه‌كی زۆر بنه‌ماڵه‌ی كوژراوانی شه‌ڕ و كه‌مئه‌ندامانی شه‌ڕن، كه سه‌رجاوه‌ی داهاتیان ئه‌و ڕێژیمه‌یه و به‌م هۆیه‌وه پێیه‌وه گرێ‌دراون.
- ئه‌وه‌ش ئاشكرایه كه هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌رته‌ش وسوپاو به‌سیجیش ناچار بوون به‌شداری یكه‌ن.
ـ ته‌نانه‌ت به‌ده‌یان هه‌زار كوڕوكچ له به‌ر پێویستیی وه‌رگیران له زانستگه و خوێندنگه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی دیكه و بۆ ئه‌وه‌ی له‌و پێوه‌ندی‌یه دا دواتر بیانوویان پێ‌نه‌گیرێ، به‌شدار بوون و له‌به‌ر مۆركردنی ناسنامه‌كانیان چوون.
وه‌ك دیتمان هه‌لبژارنه‌كه له زۆر شوێنیش كێشه و ئاڵۆزیی به‌دواوه بوو. له چه‌ندین شوێنی وڵات نائارامی ڕووی دا. له شاری "ئیزه" 4 كه‌س و له" فیروزاباد" 3 كه‌س له پێك‌هه‌ڵپڕژان له گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕێژیم دا كوژران و زۆر كه‌سیش بریندار بوون.
دژكرده‌وه‌ی دنیای ده‌ره‌وه به‌رامبه ر به‌و هه‌ڵبژاردنه‌ش نیشانده‌ری ئه‌وه بوو كه هه‌موو وڵاتان و لایه‌نه گرینگه‌كانیش له چلۆنایه‌تیی هه‌ڵبژاردن و شێوه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ناڕازی بوون و به ئاشكرا ڕه‌خنه‌یان لێ‌گرتوه. به پێی ڕاپۆرتی سایتی بی،بی،سی " جه‌ك ئیسترا" وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا، ڕۆژی 23ی فێوریه به هه‌واڵده‌رانی گوت:" هه‌موو كه‌س ده‌زانێ كه شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنه‌كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خه‌وشدار بوه و كه‌م و كووڕیی هه‌بوه"
هه‌روه‌هاكۆمیسیۆنی ئوررووپاش شێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ڕۆژی هه‌ینیی به له‌مپه‌رێك له سه‌ر ڕێگای دێمۆكڕاسی زانیوه.
به پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵده‌ریی فه‌رانسه "دیگۆدیئۆیدا" قسه‌وێژی "كریس پاتن" به‌رپرسی پێوه‌ندیی ده‌ره‌وه له كۆمیسیۆنی یه‌كیه‌تیی ئورووپا دا گوتوویه‌تی كه:" پێش‌گرتن له به‌شداربوونی كۆمه‌ڵێك له نوێنه‌رانی ڕێفۆڕمخواز له هه‌ڵبژاردن دا و گیروگرفتی دواتر له ڕه‌وتی تێكۆشان دا، ئێمه ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و ئاكامه كه ئه‌و ڕه‌وته له‌مپه‌رێكه له‌سه‌ر ڕێگای پێشكه‌وتنی دێمۆكڕاسی له ئێران دا". ئه‌و پێی له سه‌ر ئه‌وه داگرتوه كه یه‌كیه‌تیی ئورووپا ناچاره له لێكۆڵینه‌وه‌ی پێوه‌ندیی خۆی له گه‌ڵ ئێران له داهاتوو دا سه‌رنج بداته ئه‌و مه‌سه‌له‌یه، هه‌رچه‌ند پیشی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرتوه كه شێوه‌ی شوێندانانی ئه‌و وه‌زعه له سه‌ر پێوه‌ندیی ئورووپا و ئێران به بڕیاری وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كیه‌تیی ئورووپاوه ده‌به‌سرێته‌وه.
پێشتریش ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكاڕه‌خنه‌ی له شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه و بۆ وێنه له بێبه‌شكردنی ده‌سته‌یه‌ك له خوازیارانی نوێنه‌رایه‌تیی هه‌ڵبژاردن، به‌ستنی دوو ڕۆژنامه‌ی ڕێفۆڕمخواز و هێندێك ده‌فته‌ری هه‌ڵبژاردن گرتبوو. ( ئه‌و هه‌واڵانه‌ش هه‌ر له سایتی بی،بی، سی وه‌رگیراون)
به هه‌رحاڵ، ئه‌وه حاڵ و وه‌زعی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی مه‌جلیس له ژێر سێبه‌ری حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامی دابوو. جارێ ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و ڕێژیمه به ملهوڕی وه‌به‌ریان داوه و له پێش جاوی هه‌موو خه‌ڵكی دنیا و وڵاته گه‌وره‌كان، ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه دێمۆكڕاتی خوازه‌كان بۆیان چۆته سه‌رێ. با بزانین ئاینده چی ده‌خۆێ دا حه‌شار داوه. بڵێی خه‌ڵكی ئێران و كوردستان هه‌تا هه‌تایه هه‌روا له ژێر سته‌می ئه‌و ڕێژیمه دا بمێننه‌وه؟!