21.5.07

بێچووه‌هه‌ڵۆ


نووسینی : ویلیس لاسیس
فه‌تاحی کاویان له‌ ئینگلیسی‌یه‌وه‌ کردوویه‌ به‌ فارسی
● ئاشق کردوویه‌ به‌ کوردی

بێچووه‌هه‌ڵۆ له‌ ڕاستی دا باڵنده‌ نه‌بوو، کوڕێکی بچکۆله‌ی هه‌نگاوورد و چابوک بوو. ده‌موچاوی چیل و قژه‌کانی لووس و هێندێک کاڵ بوون. ڕاست وه‌ک هه‌موو منداڵه‌کانی هاوته‌مه‌نی خۆی بوو. له‌ به‌هاری ئه‌مساڵه‌وه‌ پێی نابووه‌ ته‌مه‌نی پێنج ساڵی‌یه‌وه‌، ته‌مه‌نێک که‌ ئه‌ڵبه‌ت ده‌بێ ڕێزی ڕابگیرێ.
ناوی ڕاستی ئه‌و "بێچووه‌هه‌ڵۆ" نه‌بوو، ناوی جانیس جانیتیس بوو. هه‌ر بابی پێی‌ده‌گوت"بێچووه‌ هه‌ڵۆ".
کاتێک "بابه‌" له‌ ماسیگرتن ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، چه‌کمه‌ زله‌کانی داویشته‌ قولینچکێک، داده‌نیشت و کوڕه‌که‌ی له‌ سه‌ر کۆشی، که‌ وه‌ک ده‌ست و چه‌کمه‌کانی بۆنی ماسی و قه‌وزه‌‌یان لێ‌ده‌هات، داده‌نا. هه‌موو شتێک ئه‌و بۆنه‌ی لێ‌ده‌هات. تۆڕی ماسیگرتن، لۆتکه‌ ڕه‌شه‌که‌ و ئه‌و هۆده‌یه‌ش که‌ تێی‌دا ده‌ژیان، هه‌ر ئه‌و بۆنه‌یان لێ‌ده‌هات.

"بابه‌" له‌ حاڵێک دا منداڵه‌که‌ی له‌ سه‌ر کۆشی هه‌ڵده‌په‌ڕاند، لێی ده‌پرسی:" ده‌ی بێچووه‌هه‌ڵۆ چۆنی؟ جاروباریش به‌ گاڵته‌ پێی‌ده‌گوت:" ئه‌تۆ چ بێچووه‌هه‌ڵۆیه‌کی؟ هیچکوێت وه‌ک ئه‌و بێچووه‌هه‌ڵۆیه‌ی له‌ مه‌زرایه‌ ڕاوی مشک و که‌روێشکان ده‌کا، ناچێ". ئه‌و کات کوڕه‌که‌ له‌ شه‌رمان سه‌ری ده‌برده‌ بن چاکه‌ته‌که‌ی بابی و ده‌یگوت:" بێچووه‌هه‌ڵۆی بابه‌م".

ئه‌و جار هه‌ردووکیان پێ‌ده‌که‌نین. بابه‌ ده‌سته‌ زبر و تاوه‌سووتبووه‌کانی به‌ سه‌ری کوڕه‌که‌ی دا دێنا و به‌ بزه‌یه‌کی پڕ له‌ خۆشه‌ویستی‌یه‌وه،‌ له‌ سه‌ره‌خۆ له‌ سه‌ر عه‌رزیی داده‌نا. ئه‌و ده‌سته‌ زبرانه‌ که‌ به‌ هۆی کارکردن له‌ نێو ئاوی ده‌ریا دا شه‌قارشه‌قار و پیره‌ڵۆک ببوون، ده‌یانتوانی به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌یر لاوێنه‌ره‌وه‌ بن. قامکه‌کانی که‌ هه‌موویان گرێ‌گرێ بوون و جێ‌بلۆقی ڕه‌قهه‌ڵاتوویان پێوه‌ بوو، ده‌یانتوانی ئه‌و نووسه‌کانه‌ی به‌ سه‌ری کوڕه‌که‌وه‌ نووسابوون، ده‌ربێنن و نه‌شهێڵن ئێشی وێڕابگا.

ژیانێکی خۆشیان ڕاده‌بوارد. هه‌ر دووکه‌س بوون. خانووه‌ چکۆڵه‌که‌یان له‌ هه‌موو خانووه‌کانی دیکه‌ له‌ ده‌ریا نێزیکتر بوو.
سه‌رده‌مێک سێ که‌س بوون. بابه ئه‌وکاتی باش له‌ بیر مابوو، به‌ڵام بێچووه‌هه‌ڵۆ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌زانی که‌ ئه‌وی سێهه‌میان دایکی بوو. ئه‌و له‌و چه‌شنه‌ ژنانه‌ بوو که‌ له‌چکه‌ له‌ سه‌ر ده‌نێن و کوڕ، یا کچی چکۆڵه‌ له‌ کۆڵ ده‌که‌ن، یان له‌ ڕێیه‌ ده‌ستیان ده‌گرن.

هه‌موو کوڕ و کچانی گونده‌که‌ دایکیان هه‌بوو. کاتێک ده‌گریان، دایکه‌کان فرمێسکه‌کانیان بۆ ده‌سڕینه‌وه‌ و ده‌یانبردنه‌ پیاسه‌کردن. هه‌موو دایکیان هه‌بوو، هه‌ر ئه‌و دایکی نه‌بوو. بێچووه‌هه‌ڵۆ نه‌یده‌زانی ئه‌گه‌ر مرۆڤ دایکی هه‌بێ، باشه‌ یان خراپه‌. ئه‌و بابی هه‌بوو، بابێکی به‌ قه‌ڵافه‌ت و به‌هێز و میهره‌بان، که‌ ئه‌وی له‌ سه‌ر کۆشی داده‌نا و گه‌مه‌ی له‌ گه‌ڵ ده‌کرد. جارجاریش بابه‌ له‌ قه‌راغ ده‌ریایه‌ڕا له‌ سه‌ر قه‌ڵاندۆشی داده‌نا و ده‌یهێناوه‌ ماڵێ. باوکی له‌ هه‌موو بارێکه‌وه‌ وه‌ک ئه‌وانه‌ی له‌چکه‌یان به‌ سه‌ره‌وه‌ بوو، باش بوو. زۆریش له‌وان که‌ڵه‌گه‌تتر و به‌هێزتر بوو. زۆر جاران بێچووه‌هه‌ڵۆ ده‌یدیت که بابی به‌ته‌نێ ‌ لۆتکه‌ قورسه‌که‌ی ماسیگرتنێی بۆ نێو ئاوێ پاڵ پێوه‌ده‌نا. که‌س ئه‌و کاره‌ی پێ‌نه‌ده‌کرا.

هه‌رکاتێک " بابه‌" بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ چووبا ماسیگرتنێ(به‌ شێوه‌ی ئاسایی به‌هاران)، بێچووه‌هه‌ڵۆی ده‌برده‌‌ ئاوایی، لای"پووره‌ ئانیا"ی، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌وێ له‌ لای ئه‌و بمێنێته‌وه‌. ماڵه‌ پووره‌ ئانیای چه‌ند کوڕ و کچی چکۆڵه‌یان هه‌بوو، به‌ڵام پووره‌ ئانیا له‌وانی دیکه‌ی پتر ڕوو ده‌دایه‌، یان لانی‌که‌م ئه‌و وای هه‌ست پێ‌ده‌کرد. منداڵه‌کان زۆر گه‌مه‌ی جۆراوجۆریان ده‌کردن و دوایه‌ش وێکڕا شێویان ده‌خوارد.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بێچووه‌هه‌ڵۆ ماڵی خۆیانی پێ‌خۆشتر بوو، ئه‌گه‌رچی بێجگه‌ له‌ پشیله‌که‌ی، "مینکا"، که‌ له‌ یاسای گه‌مه‌کردن هیچ تێ‌نه‌ده‌گه‌یشت، که‌سی دیکه‌ نه‌بوو گه‌مه‌ی له‌گه‌ڵ بکا. به‌ڵام مینکا زۆریش فێڵه‌زان بوو. هه‌رئه‌وه‌نده‌ بێچووه‌هه‌ڵۆ کوته‌په‌ڕۆیه‌ک، یان چیلکه‌یه‌کی به‌ به‌نێکه‌وه‌ به‌ستبا و به‌ نێو هۆده‌که‌ دا ڕای‌کردبا، مینکا له‌ پڕ ده‌گۆڕا. له‌ قولینچکێک خۆی مات ده‌کرد، سینگی به‌ عه‌رزی‌یه‌وه‌ ده‌نووساند و چاوی ده‌بڕیه‌ په‌ڕۆکه‌ که‌ به‌ هه‌ڵبه‌ز هه‌ڵبه‌ز به‌ دوای بێچووه‌هه‌ڵۆ دا ده‌کێشرا. ئه‌وکات چاوه‌ شینه‌کانی ده‌بریقانه‌وه‌، کلکی هه‌ڵده‌سووڕاند، وه‌ک گوڵۆڵه‌ خڕ ده‌بۆوه‌ و له‌ پڕ خۆی داویشت. به‌سته‌زمانه‌ پێی‌وابوو ئه‌و شته‌ی به‌ به‌نه‌که‌وه‌ ده‌جووڵێته‌وه‌، زیندووه‌. له‌ سه‌ریه‌ک پشیله‌یه‌کی خوێنشیرین بوو. فێڵه‌زان و ئارام. کاتێک له‌ کایه‌کردن ماندوو ده‌بوو، خۆی ڕه‌به‌له‌کی بێچووه‌هه‌ڵۆ ده‌خست و مڕخه‌مڕخی ده‌کرد، پاشان سه‌ری هه‌ڵدێنا. ده‌تگوت به‌ چاوه‌ شینه‌ وشیاره‌کانی قسه‌ ده‌کا و ده‌ڵێ:" زۆر چاکه‌ ، گه‌مه‌یه‌کی باشمان کرد، ئیدی به‌سه‌".

به‌ڵێ مینکا زۆر ئاقڵ بوو. شه‌وانه‌ کاتێک بابه‌ له‌ ماسیگرتنێ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ دوای بێچووه‌هه‌ڵۆ دا ڕای‌ده‌کرد و دووبه‌دوو به‌ پیریه‌وه‌ ده‌چوون. ئه‌و له‌و جێیه‌ی لۆتکه‌که‌یان لێ‌ده‌به‌سته‌وه‌، هه‌ڵده‌تووته‌کا و چاوی له‌ ده‌ریایه‌ ده‌بڕی. هه‌رکه‌ ڕاوچی‌یه‌کان لۆتکه‌کانیان ده‌کێشاوه‌ وشکایی‌یه‌، هه‌ڵده‌ستا، به‌ ده‌وری بابه‌ دا ده‌سووڕا و له‌ حاڵێک دا کلکی وه‌ک ئه‌ستونده‌کی لۆتکه‌کان قیت ده‌کرده‌وه‌، به‌ مڕخه‌مڕخ خۆی ڕه‌لاقی ده‌خست. فێڵه‌زانه‌ ده‌یزانی بابه‌ قه‌ت به‌ ده‌ستبه‌تاڵی نایه‌ته‌وه‌ ماڵێ و بێ‌گومان ئه‌ویش ماسی‌یه‌کی پێ‌ده‌گا. به‌ڵی، ئه‌و ژیانه‌ بۆ مینکا خانمێ خراپ نه‌بوو.

به‌ بڕوای بێچووه‌هه‌ڵۆ هاوین له‌ وه‌رزه‌کانی دیکه‌ خۆشتر بوو. ڕۆژه‌کان تاووساو بوون. پیاوان به‌ ڕۆژ خه‌ریکی چاککردنه‌وه‌ی تۆڕه‌ ته‌ڕه‌کانیان ده‌بوون و دوایه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی وشک ببنه‌وه‌، له‌ سه‌ر خیزه‌ڵێنی لێواری ده‌ریایه‌ هه‌ڵیانده‌خستن. له‌و ڕۆژانه‌ دا بێچووه‌هه‌ڵۆ زۆرتر له‌ قه‌راغ ده‌ریایه‌ ده‌بوو. مینکا بۆنی به‌ هه‌موو شتێکه‌وه‌ ده‌کرد و تاقی‌ده‌کرده‌وه‌. به‌نێو لۆتکه‌کان دا ده‌گه‌ڕا و کاتێک له‌ هه‌موو بارێکه‌وه‌ له‌ پشکنینه‌که‌ی دڵنیا ده‌بوو، له‌ سه‌ر کورسی‌یه‌ک درێژ ده‌بوو و وێژینگی ده‌دان.
ئه‌و کاته‌ی بابه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی توندوتۆڵ و وه‌ستایانه‌ خه‌ریکی چنینه‌وه‌ی تۆڕه‌که‌ی ده‌بوو، بێچووه‌هه‌ڵۆ به‌ ڕه‌ڵمی نمدار خانووی دروست ده‌کرد. جاروبار بابه‌ ده‌ستی له‌ کار هه‌ڵده‌گرت، له‌ ته‌نیشت کوڕه‌که‌ی له‌ سه‌ر خیزی داده‌نیشت و لێی‌ده‌پرسی:
ــ ئه‌رێ بێچووه‌هه‌ڵۆ ئه‌وه‌ چ دروست ده‌که‌ی؟
بێچووه‌هه‌ڵۆ به‌ ئۆگری‌یه‌کی زۆره‌وه‌ وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه:
ــ خانوویه‌کی بچووک دروست ده‌که‌م، ئه‌ها ئه‌وه‌ خانووی خۆمانه‌. ئه‌و هاڵه‌ گه‌وره‌یه‌ش دوکانه‌. ده‌مه‌وێ هۆده‌یه‌کی بچکۆلانه‌ش بۆ مینکای دروست که‌م.

ئه‌و کاتانه‌ی بابه‌ له‌ لای بێچووه‌هه‌ڵۆ داده‌نیشت، جاروبار له‌ ده‌ریا ورد ده‌بۆوه،‌ قامکی بۆ جێگایه‌کی دوور، ئه‌و شوێنه‌ی ئاسمان و ده‌ریای لێ‌وێکده‌که‌وتنه‌وه‌، ڕاده‌داشت:
ــده‌زانی هۆ.........و جێگا دووره‌ چیی لێیه‌؟
نه‌خێر، بێچووه‌هه‌ڵۆ نه‌یده‌زانی، به‌ڵام زۆری پێ‌خۆش بوو بزانێ.
ڕۆژێکیان بابه‌ بێچووه‌هه‌ڵۆی ده‌ ئامێز گرت و گوتی:
ــ ئه‌و کاته‌ی بێچووه‌هه‌ڵۆی من باڵی گرت، بۆ ئه‌وێ هه‌ڵده‌فڕێ و به‌ چاوی خۆی ده‌ی‌بینێ. ڕه‌نگه‌ به‌ هه‌ڵفڕین بگه‌ڕێته‌وه‌ و هه‌موو شتێک بۆ بابی خۆی بگێڕێته‌وه‌ و واش هه‌یه‌...
لێره‌ دا ده‌نگی بابه‌ی کزبوو و به‌ بزه‌یه‌کی تاڵه‌وه‌ گوتی:
ــ وا هه‌یه‌ نه‌شگه‌ڕێته‌وه‌.

ژیانی وان به‌و شێوه‌یه‌ تێ‌ده‌په‌ڕی. ئه‌وه‌ که‌ ڕه‌نگه‌ خه‌ڵکی دی ژیانێکی باشتریان هه‌بێ، یان ڕه‌نگه‌ له‌وان که‌یفخۆشتر بن، به‌ خه‌یاڵی بێچووه‌هه‌ڵۆ دا نه‌ده‌هات. ئه‌و ئاگای له‌و شتانه‌ نه‌بوو، یان هه‌ر له‌ بناخه‌ دا پێی گرینگ نه‌بوون. ئه‌و له‌و وه‌زعه‌ی هه‌یانبوو، زۆر ڕازی بوو. بێ‌گومان بابیشی هه‌ر وای بیر ده‌کرده‌وه‌، مینکاش هه‌روا.

هاوین تێ‌په‌ڕی و پاییز داهات. ئیدی ئاو ئه‌وه‌نده‌ گه‌رم نه‌بوو که‌ بابه‌ ده‌لینگی هه‌ڵکا و هاتوچۆی تێ‌دا بکا. جار جار با به‌ هاشه‌هاشێکی زۆره‌وه‌ ده‌هات و شه‌پۆلی گه‌وره‌گه‌وره‌ی به‌ لێواره‌کان داده‌دا. پیاو له‌وه‌ ده‌ترسا که‌ ئه‌و با سامناکه‌ لێواره‌کان بشواته‌وه‌ و هه‌موو شتێکی ده‌گه‌ڵ خۆی ده‌ ده‌ریایه‌ کا. ماسیگره‌کان لۆتکه‌کانیان تا مه‌ودایه‌کی زۆر له‌ ده‌ریا دوور ده‌کرده‌وه‌. له‌ بارودۆخێکی ئه‌وتۆ‌ دا بێچووه‌هه‌ڵۆ ناچار ده‌بوو ده‌ست له‌ کۆکردنه‌وه‌ی گوێماسیلکه‌ جوانه‌کان هه‌ڵگرێ و مینکاش له‌ ترسی ته‌ڕبوونی تووکی نه‌رمونۆڵی قاچ و ده‌سته‌کانی له‌ سه‌ری خیزه‌ڵێنێ واوه‌تر نه‌ده‌چوو.
بابه‌ له‌و سه‌روبه‌نده‌ دا قه‌ت نه‌ده‌چووه‌ ده‌ریایه‌ و بێچووه‌هه‌ڵۆ و مینکاش ناچار نه‌بوون له‌ قه‌راغ ده‌ریایه‌ چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی ئه‌و بن.

به‌ڵام ڕۆژێک کاره‌که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ که‌وت. به‌یانی هه‌وا خۆش و ده‌ریا ئارام بوو. ئاسمانیش بێجگه‌ له‌ په‌ڵه‌هه‌ورێکی خۆڵه‌مێشی که‌ ورده‌ ورده‌ له‌ ئاسۆ سه‌رده‌که‌وت، شتێکی دیکه‌ی پێوه‌ دیار نه‌بوو و به‌ ته‌واوی ساو بوو. ئاواڵێکی بابه‌ی هاته‌ لای و پێکه‌وه‌ بڕیاریان دا تۆڕه‌کان، که‌ له‌ دوێنێوه‌ وشک ببوونه‌وه‌ به‌رن و بچنه‌ ده‌ریایه‌. ده‌یانگوت ڕاوێکی باش ده‌که‌ن، چونکه‌ شه‌وی پێشوو ژماره‌یه‌ک ڕاوچی توانیبوویان ماسی‌یه‌کی زۆر بگرن و به‌ ده‌ستی پڕه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌.
ئه‌وان تۆڕه‌کانیان هه‌ڵگرت، له‌نگه‌ریان هێنا و بۆ لای لۆتکه‌که‌ داپه‌ڕین.
پێش ڕۆیشتن بابه‌ بێچووه‌هه‌ڵۆی برده‌ ژوورێ، هێندێک ڕۆنی که‌ره‌ی بۆ ده‌ له‌تێک نانی گه‌وره‌ هه‌ڵسوو، نانه‌که‌ی بۆ کرده‌ بابۆڵه‌ و ده‌ کۆمۆدی چێشتخانه‌که‌یانی نا و گوتی:
ــ ئه‌گه‌ر برسیت بوو، ئه‌و بابۆڵه‌یه‌ی بخۆ. ئێستا له‌ گه‌ڵ مینکای گه‌مه‌ بکه‌ و مه‌یه‌ قه‌راغ ده‌ریایه‌. هێنده‌م پێ‌ناچێ، زوو ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌!

دوای ڕۆیشتنی بابه‌ی،‌ بێچووه‌هه‌ڵۆ ماوه‌یه‌ک له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ڕاوه‌ستا و چاوی له‌ لۆتکه‌که‌ی باوکی کرد، که‌ ورده‌ ورده‌ دوور ده‌که‌وته‌وه‌، سات‌به‌‌سات چکۆڵه‌تر ده‌بۆوه‌ و ئاخری‌یه‌که‌شی له‌ پێش چاوان ون بوو. ئه‌وجار شتێکی دیکه‌ نه‌بوو چاوی لێ‌بکا، هه‌ر بۆیه‌ په‌تک و په‌ڕۆکه‌ی دیته‌وه‌ وله‌ گه‌ڵ مینکای ده‌ستی به‌ گه‌مه‌کردن کرد:
"ده‌ی مینکا بیگره‌! ده‌ی خۆی پێ‌داده‌! با بڕێک گه‌مه‌ بکه‌ین، جا دوایه‌ ده‌چینه‌ خوارێ، به‌ پیر بابه‌وه‌ ده‌چین".
ئه‌وان به‌ شێوه‌یه‌ک خه‌ریکی گه‌مه‌کردن بوون و به‌ یه‌که‌وه‌ خافڵابوون، که‌ هه‌ر نه‌یانزانی کات چۆن تێ‌په‌ڕی. ئه‌و ده‌مه‌ی به‌ ته‌واوی ماندوو بوون و له‌ پشوو که‌وتن، ده‌ستیان له‌ گه‌مه‌کردن هه‌ڵگرت. بێچووه‌هه‌ڵۆ چووه‌ سه‌ر کورسی‌یه‌ک و چاوی له‌ ده‌رێ کرد تا بزانێ باوکی دیاره‌، یان نا، به‌ڵام شوێنه‌وارێک له‌ لۆتکه‌که‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌بوو. کاتێک ئه‌وان خه‌ریکی گه‌مه‌کردن بوون، ده‌ریا ڕه‌نگێکی تڵخی گرتبوو و شه‌پۆله‌ تووڕه‌ و تڵخه‌کان وه‌ک شێتان خۆیان به‌ لێواره‌کان داده‌دا. با، به‌ هاڕوهووڕ خیزی قه‌راغ ده‌ریای هه‌ڵده‌گرت و دارکاجه‌ لکوپۆپ شکاوه‌کانی به‌ زه‌وی‌یه‌وه‌ ده‌نووساند، به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ ده‌تگوت ده‌ستێکی نادیار خه‌ریکه‌ تێکیانه‌وه‌ ده‌پێچێ.
بێچووه‌هه‌ڵۆ ده‌یزانی هه‌رکاتێک داره‌کان به‌م جۆره‌ به‌ره‌و زه‌وی دابێنه‌وه‌، شومی چاک نیه‌. بابه‌ هه‌میشه‌ ده‌یگوت کاتێک با هه‌ڵی‌ده‌کاتێ و وێ‌ده‌چێ تۆفان هه‌ستێ، ڕاوچی‌یه‌کان له‌ ماڵێ وه‌ده‌ر ناکه‌ون. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ده‌زانی که‌ ئه‌گه‌ر ڕاوچی له‌ ده‌ریایه‌ دا بێ، له‌وکاته‌ دا گژه‌با هه‌ڵی‌کاتێ و مه‌ترسیی تۆفان هه‌ست پێ‌بکرێ، ئه‌وه‌ ده‌سبه‌جێ ڕاوچی‌یه‌که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، که‌وابوو بابه‌ هه‌ربینا گه‌یشته‌وه‌.
به‌ڵام لۆتکه‌ی بابه‌ سه‌روشوێنی نه‌بوو. هه‌وا به‌ره‌و تاریکی ده‌چوو، ئیدی ئاسۆ نه‌ده‌بینرا، با سات‌به‌‌سات توندتر ده‌بوو و میچی هۆده‌که‌یانی ده‌له‌رزانده‌وه‌. کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بابه‌یه‌، ئاخر ئه‌دی بۆ نه‌گه‌یشته‌وه‌؟!
بێچووه‌هه‌ڵۆ کڵاوه‌که‌ی هه‌تا سه‌ر برۆیان داکێشا و بێ ئه‌وه‌ی باڵتۆکه‌ی بکاته‌ به‌ری، له‌ ماڵێ وه‌ده‌رکه‌وت و مینکاش به‌ بێ ئیشاڕه‌ و بانگکردن وه‌دوای که‌وت. ئه‌ویش ده‌یزانی کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی ماڵێیه‌ و بیری له‌ ماسیی تازه‌ ده‌کرده‌وه‌.
بڕینی مه‌ودای نێوان خانووه‌که‌ و لێواری ده‌ریا کارێکی هاسان نه‌بوو، چونکه‌ ڕووه‌وبا ده‌ڕۆیشتن و چه‌ند جاران هێنده‌ی نه‌مابوو با بێچووهه‌ڵۆی بڕفێنێ. لۆتکه‌ی بابه‌ی له‌ هیچکوێ دیار نه‌بوو نه‌ له‌ لێواری ئاوێ و نه‌ له‌ نێو ئاوێ، ئه‌گه‌رچی له‌ سه‌ر شه‌پۆله‌ تووڕه‌ و ئاڵۆزه‌کان زه‌حمه‌ت بوو شتێک ببینرێ. نا، بابه‌ ده‌بێ هه‌ر ئێستا په‌یدا بێته‌وه‌، ئاخر به‌م دره‌نگوه‌خته‌ چ ده‌کا و بۆ وا زۆری پێ‌چووه‌؟ نه‌خێر ئێستا ده‌بێ بگاته‌وه‌، ئاخر ئه‌و کاتێک ده‌یه‌ویست بۆ ماوه‌یه‌کی دوور بچێته‌ ڕاوێ، بێچووه‌هه‌ڵۆی ده‌برده‌ گوند و له‌ لای پووره‌ئانیای به‌جێ‌ده‌هێشت. ده‌ی خۆ ئه‌وجار وای نه‌کردوه‌، که‌ وایه‌ ده‌بێ هه‌رئێستا بگه‌ڕێته‌وه‌.

بێچووه‌هه‌ڵۆ له‌ سه‌ر کورسی‌یه‌ک دانیشت و هه‌روا چاوه‌ڕوان مایه‌وه‌. به‌ره‌به‌ره‌ هه‌وا تاریکتر ده‌بوو. چه‌ند ئه‌ستێره‌ له‌ که‌لێنی هه‌وره‌کانه‌وه‌ ده‌رکه‌وتن. پاییزه‌شه‌و به‌ ته‌واوی داهاتبوو. بێچووه‌هه‌ڵۆ هه‌ر له‌وێ دانیشتبوو و چاوی ده‌ ده‌ریایه‌ بڕیبوو که‌ ئێستا وه‌ک قیلی ڕه‌شی لێ‌هاتبوو. هه‌موو هێزی خۆی ده‌گوێ‌یه‌کانی دا کۆ کردبۆوه‌ و چاوه‌ڕوان بوو ده‌نگی بابه‌ی ببیسێ:

"ها!!! ئه‌رێ ئه‌وه‌ بڵێی ده‌نگی شڵپه‌ی سه‌وڵ نه‌بێ؟" به‌ڵام له‌ نێو هاشه‌ی با و گرمه‌ی به‌ سه‌ریه‌کداکه‌وتنی شه‌پۆله‌کان دا ناسینه‌وه‌ی ده‌نگێکی ئاوا نه‌ده‌لوا.
بێچووه‌هه‌ڵۆ پێی‌خۆش نه‌بوو بچێته‌وه‌ ماڵێ، ئه‌وێش تاریک بوو و که‌سیش نه‌بوو چراکه‌ی هه‌ڵکا. بۆخۆی زۆر چکۆڵه‌ بوو و نه‌یده‌توانی چراکه‌ی هه‌ڵکا. مینکا له‌ حاڵیک دا خۆی ڕه‌لاقی وی ده‌خست، میاواندی. ده‌تگوت ده‌یه‌وێ شتێک بپرسێ. جارێکی دیکه‌شی میاواند و ئه‌وجار بێ‌ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر وه‌ڵام ڕاوه‌ستێ، بۆم لای ماڵێ وه‌ڕێ‌که‌وت. وا دیار بوو چاوه‌ڕوانیکردن ماندووی کردبوو.
بێچووه‌هه‌ڵۆ به‌ ناڕه‌حه‌تی‌یه‌وه‌ گوتی:
ــ زۆر باشه‌، ئه‌گه‌ر پێت‌خۆشه‌ بڕۆ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بزانه‌ ئیدی چاوت به‌ ماسی ناکه‌وێ!"
بۆخۆی پێی‌خۆش بوو هه‌روا له‌ وێ دانیشێ و چاوه‌ڕێ بێ:"هێنده‌ی پێ‌ناچێ بابه‌ په‌یدا ده‌بێته‌وه‌، بێچووه‌هه‌ڵۆی خۆی له‌ ئامێز ده‌کا و ده‌یباته‌وه‌ ماڵێ".

ئه‌دی بۆ ناگه‌ڕێته‌وه‌؟ بۆ هێنده‌ی پێ‌چووه‌؟ هیچ دوور نیه‌ تا ئاخری ده‌ریایه‌ ڕۆیشتبێ، چونکه‌ پێی‌خۆش بوو بزانێ ئه‌وێ چیی لێیه‌. جا که‌وابێ زۆر شتی سه‌رنجڕاکێشی پێیه‌ بۆم بگێڕێته‌وه‌. بێچووه‌ هه‌ڵۆ بۆخۆشی پێی‌خۆش بوو بزانێ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاکه‌ که‌ زۆر دووره‌، شته‌کانی چۆنن؟ خۆزیا هێنده‌ چکۆڵه‌ نه‌بوایه‌. ئه‌و ماوه‌یه‌ی که‌ ده‌بوو چاوه‌ڕوانی گه‌وره‌بوون و "باڵگرتن" بێ، زۆر دوورودرێژ ده‌هاته‌ به‌رچاو.

با وه‌ک شێتان ده‌یگوڕاند. هاڕه‌ و هاژه‌ی شه‌پۆلان پیاوی که‌ڕ ده‌کرد. له‌ولای خیزه‌ڵێن له‌ تاریکی دا تاپۆی خانوویه‌کی چکۆڵه‌ و ته‌ریککه‌وتوو ده‌بینرا. که‌س نه‌هات بێچووه‌هه‌ڵۆی به‌رێته‌وه‌ ماڵێ. ئه‌و هه‌روا دانیشتبوو و چاوی بڕیبوه‌ پانایی ده‌ریایه‌، به‌ڵام هیچی وه‌به‌رچاو نه‌ده‌هات. مانگ جاروبار به‌ که‌لێنی هه‌وره‌کان دا تریفه‌ی زێوینی خۆی ده‌ڕشته‌ سه‌ر ده‌ریا، ئه‌و ده‌ریایه‌ی که‌ بێچووه‌هه‌ڵۆ هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه‌ ڕه‌ش و نێوچاوتاڵی نه‌دیبوو. بێچووه‌هه‌ڵۆ هه‌روا له‌ لێواری ده‌ریایه‌ دانیشتبوو، لاقه‌ سڕبووه‌کانی به‌ به‌ پێچکی کورسێیه‌که‌وه‌ نووساندبوو و ‌چاوه‌کانی بڕابوونه‌ تاریکایی ئه‌و شه‌وه‌ شوومه‌ پاییزی‌یه‌.

بێچووه‌هه‌ڵۆی بچکۆلانه‌ هه‌روا دانیشتبوو و به‌ دڵه‌خورپه‌وه‌ چاوه‌ڕوان بوو. بێچووه‌هه‌ڵۆی بابه‌ی...