•
کورته‌چیرۆک (ژماره 3)
•
نووسینی به سوێدی: ئارام ئیسماعیلی
•
وه‌رگێڕانی بۆ سه‌ر کوردی: ئاشق
شه‌ماڵ به بێ ڕاوه‌ستان به نێو دارستانی چڕ و پڕ دا ڕای‌ده‌كرد. سه‌رتا پێی له‌شی شه‌ڵاڵی ئاره‌ق بوو. بیری له هیچ شتێكی دیكه بێجگه له وه‌ی بتوانێ خۆی له ده‌ستی ئه‌وبه‌كرێگیراوه دڕندانه‌ی به دوویه‌وه بوون، ڕزگار بكا، نه‌بوو. ئه‌و تا ئه‌وكاته‌ی هه‌ستی ده‌كرد دڕنده چه‌كداره‌كان به دوایه‌وه‌ن هه‌ر ڕایكرد و سه‌ره‌نجام كاتێك ئاوڕی دایه‌وه و دوای چه‌ند جار هه‌ڵوێسته كردن و گوێهه‌ڵخستن خۆی له شوێنێكی بێ‌ده‌نگ و لاپه‌ڕ دا دیته‌وه، ڕاوه‌ستا. پشووی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر سوار ببوو. ئه‌وه‌نده ماندوو بوو هه‌ناسه‌ی لێ‌بڕابوو و هه‌وا به ڕاده‌ی پێویست نه‌ده‌گه‌یشته سی‌یه‌كانی. ڕاست له سه‌ر عه‌رزی درێژ بوو و باسكه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ی ده‌یتوانی درێژ كرده‌وه. هه‌وڵی دا هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ هه‌ڵكێشی و هه‌ر له‌و كاته‌ش دا بیری كرده‌وه:" بێ‌گومان چه‌كداره‌كان دوای ئه‌وه‌ی منیان ون كردوه، ماندوو بوون و گه‌ڕاونه‌وه. من، زۆر دوور که‌وتوومه‌وه. له‌وانه‌یه له مێژ بێ به دوومه‌وه نه‌مابن"
شه‌ماڵ چاوێكی به ده‌وروبه‌ری خۆی دا گێڕا، سه‌ره‌تا ئه‌و شوێنه‌ی نه‌ناسیه‌وه. ئه‌و سه‌رگه‌ردانی‌یه بوو به هۆی ئه‌وه كه ترس و دڵه‌كوته جارێكی دیكه‌ش سه‌رتاپای له‌شی داگرێته‌وه. له دڵی خۆی دا گوتی:" هه‌تا له‌و دارستانه نه‌ڕۆمه ده‌رێ و نه‌گه‌مه جێگایه‌كی ئاواڵه، ئه‌و ترس و سامه له كۆڵم نابێته‌وه. ئای ... به ڕاستی ئه‌و ترسه وای لێكردم كاره‌ساتی سامناكی ئه‌مڕۆشم له بیر بچێته‌وه. سه‌یره فرمێسك‌ڕشتنیشم له بیر چۆته‌وه، چونكه سام و هه‌ستی پاراستنی گیانی خۆ، له هه‌ردووكی وانه به هێزترن".
زۆری پێ نه‌چوو وه‌بیری هاته‌وه ئێره کوێیه. ئه‌و جار هاوکات له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به وردی چاوی به که‌لێنی داره‌کان دا ده‌گێڕا و هێمنایه‌تیی ده‌وروبه‌ری خۆی هه‌ڵده‌سه‌نگاند، بیری له کاره‌ساته‌که ده‌کرده‌وه. له‌و کاته دا چاوی به جۆگه‌ئاوێکی ڕوون له مه‌ودای بیست ـ سی میتریی خۆیه‌وه که‌وت. نه‌خافڵ هه‌ستێکی خۆشحاڵیی ده‌دڵی گه‌ڕا. ئاخر له سه‌رانسه‌ری ئه‌و ماوه‌یه دا که هه‌ڵده‌هات، گه‌رووی وشک بوو و تینوێتی ئازاری ده‌دا.
دیتنی ئه‌و جۆگه ئاوه ترسی تا ڕاده‌یه‌ک له بیر برده‌وه و سوکنایی‌یه‌کی خسته ده‌روونی. هه‌نگاوه ماندوو و شه‌که‌ته‌کانی به‌ره‌و جۆگه‌که ڕه‌کێشیان کرد. بزه‌یه‌کی که‌وته سه‌رلێوان، که بۆخۆی پێی سه‌یر بوو، چونکه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به سه‌ر ئه‌و هاتبوو، و ئه‌و کاره‌ساته‌ی ئه‌و به چاوی خۆی دیتبووی، بۆ ئه‌وه ده‌بوون که ئه‌و ئیدی به‌رده‌وام بگری، به‌ڵام ئێستا که له‌شی تا ئه‌و ڕاده‌یه پێویستیی به ئاو هه‌بوو، لێکدانه‌وه‌ی هۆی ئه‌و بزه‌یه دژوار نه‌بوو.
شه‌ماڵ له سه‌ر جۆگه‌که هه‌ڵترووشکا بۆئه‌وه‌ی له ئاوه‌که بخواته‌وه. کاتێک له‌شی له‌و حاڵه‌ته دا ئارامی گرت و چاوی بڕی‌یه قووڵایی ئاوه‌که، له پڕ ئه‌و پرسیاره‌ی له خۆی کرد:" بۆچی ئه‌و ده‌بێ له‌و حاڵ و بارودۆخه دا به دیتنی ئه‌و دیمه‌نه ئۆقره‌ی بێتێ و سوکنایی ده دڵی پڕ ده‌ردی بگه‌ڕێ؟". ساتێک دواتر ڕیزێک فرمێسک به سه‌ر گۆناکانی دا ده‌خزێن و ده‌ڕژێنه ناو ئاوه‌ڕوونه‌که. سوێراوی چاوه‌کانی شه‌ماڵ له گه‌ڵ ئاوی شیرینی جۆگه‌که تێکه‌ڵ ده‌بن. ئه‌وجار دیمه‌نی تاڵی به‌سه‌رهاتی ئه‌و ڕۆژه، یان با بڵێین ئه‌و دیمه‌نانه‌ی چه‌ند سه‌عات پێش ئێستا به چاوی خۆی دیتبونی، له پێش چاوی زیندوو ده‌بنه‌وه:
" به‌کرێگیراوه چه‌کداره‌کان ڕژاونه ناو گوند ،ده‌نگی ده‌سڕێژی تفه‌نگان و گرمه‌ی "ئار،پی، جی"یان دۆڵه‌که‌یان پڕ کردوه. خانوو ده‌ڕووخێن و ئاگر ده‌گرن. خه‌ڵک تێکه‌وه ده‌ده‌ن. پیاو یان ده‌کوژرێن، یان قۆڵبه‌ست ده‌کرێن و به سه‌ر و سه‌کوتی خوێناوی‌یه‌وه ده ماشێنان ده‌په‌ستێورێن. ژن و منداڵ و پیر و په‌ککه‌وته وه‌به‌ر ده‌سڕێژ ده‌درێن. گریان و هاواری ژنان و زیڕه‌ی منداڵان، تێکه‌ڵ له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئاژه‌ڵ و مه‌ڕ و ماڵات له ئاوایی دا ده‌نگ ده‌داته‌وه. دووکه‌ڵ به‌ری ئاسمانی گرتوه. بڵێسه‌ی ئاگر ماڵی ئه‌وانیشی داگرتوه. چاو له هه‌ر شوێنێک بکه‌ی، بێجگه له فرمێسک و خوێن شتێکی دیکه نابینی. شه‌ماڵ ده‌رفه‌تێکی بۆ هه‌ڵده‌که‌وێ و له په‌نا ته‌پ‌وتۆز و دووکه‌ڵ دا به‌ره‌و لای سه‌ره‌وه‌ی ئاوایی که دارستانێکی چڕوپڕه، فیزماڵکی ده‌داتێ. چه‌ند چه‌کداری خوینتاڵ که به‌رگی پڵینگی‌یان له به‌ردایه، پێش ئه‌وه‌ی له دارستان دا ون بێ، ده‌یبینن و به زمانێکی بێگانه تێی‌ڕاده‌خوڕن:
ـــ سه‌گباب هه‌ڵنه‌یه‌ی، کوژرای!
به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی لێ بێنن، شه‌ماڵ ده باوه‌شی دارستان دا ون بوه. خرمه‌ی چه‌ند ڕیزه گولله و قرچه‌ی پێکرانی داره‌کانی ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌بیسێ. هه‌موو هێزی خۆی له لاقه‌کانی دا کۆ ده‌کاته‌وه و ڕا ده‌کا. هه‌ست ده‌کا مرۆڤکوژه دڕنده‌کان به دوویه‌وه‌ن، به‌ڵام چونکه شه‌ماڵ هه‌موو که‌لین و قوژبنێکی ئه‌م دارستانه به‌ڵه‌ده، ده‌زانێ به کوێ دا بڕوا. دڕنده‌کان سه‌ر له‌و دارستانه ده‌رناکه‌ن و بێ‌گومان زۆر له مێژه ده‌ستیان له ڕاونانی ئه‌و هه‌ڵگرتوه و گه‌ڕاونه‌وه. ئاخر ئه‌وان له ڕووبه‌ڕووبوون له گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ش ده‌ترسن، ده‌ڵین نه‌کا له که‌لێنێکی دارستانه‌که‌وه لێیان په‌یدا بن و سه‌که‌تیان که‌ن. ده‌زانم دوای ئه‌وه‌ش که‌ئاوایی‌یان له ئاگر و خوێن دا نوقم کردوه، په‌له‌یان بوه هه‌رچی زووتر بگه‌رێنه‌وه، نه‌وه‌ک پێشمه‌رگه له‌و ده‌وروبه‌ره بن و کت‌وپڕ به‌سه‌ریان داده‌ن. ئاخ کوێر بم وا دیاره ئه‌مڕۆ ئه‌و ناوه پێشمه‌رگه‌ی لێ نه‌بوه. ئاخ ئێستا ئیدی ژیان چ که‌لکێکی بۆ من هه‌یه........."
شه‌ماڵ هه‌روا له سه‌ر جۆگه‌که دانیشتبوو بیری ده‌کرده‌وه. چاوی ده‌و ئاوه ڕوون و جوانه بڕیبوو که له به‌ر ڕوونی بنی جۆگه‌که‌ی تێدا دیار بوو. ئاوێکی سارد و سووک، جۆگه‌یه‌کی مه‌ند و ئارام. ورده ورده وه‌ناره‌نار که‌وت و به ده‌نگێکی له‌رزۆکی تێکه‌ڵ به سۆز خۆی‌لاوانده‌وه:
" پیری، زورهانی که‌نه‌فتی ده‌ربه‌ده‌ر
دیده‌سووری، دڵ مه‌کۆی ده‌رد و که‌سه‌ر
داته‌پیوی، بێ‌په‌سیوی، بێ‌قـــــــــــه‌رار
بێ‌که‌سی، ده‌سته‌شکاوی، کۆڵــــــــــــه‌وار
لێوبه‌باری، ده‌رده‌داری، ڕه‌نــــــــجه‌ڕۆ
شاعیری جوانی‌په‌رستی، دڵ به ســــــــۆ
*"
شه‌ماڵ تازه له‌و گۆرانی‌یه خه‌ماوی‌یه ببۆوه، که له پڕ بێهێزی‌یه‌کی کڕ له‌شی داگرت. دڵی تێکهاڵا و سه‌ری ده‌گێژه‌وه هات. شل بوو، ورده ورده له‌شی نوشتاوه‌وه‌ی به‌ره‌و زه‌وی شۆڕ بۆوه و پاشان به ته‌واوی که‌وته سه‌ر عه‌رزه‌که و درێژ بوو. هاوکات هه‌ستی به ژانێکی کت‌وپڕ له به‌له‌کی لاقێکی دا کرد. پێش ئه‌وه‌ی به‌رچاوی به ته‌واوی ڕه‌ش بێ، هه‌موو پاشماوه‌ی هێزی خۆی له چاوه‌کانی دا‌کۆکرده‌وه و به ده‌وروبه‌ری خۆی دا ڕوانی، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ هۆی ئه‌و ئاڵ‌و‌گۆڕه ناخۆشه چ بوه. هه‌نگاویک له‌ولاتری خۆی مارێکی کتکی چاو پێکه‌وت، که به کاوه‌خۆ به نێو گه‌ڵا و چیلکه و چاڵی ته‌نیشت جۆگه‌که دا ده‌خزی. شه‌ماڵ ئه‌و جار به خاترجه‌می چاوی له سه‌ریه‌ک دانا و له ته‌مێکی خه‌ستی چڕ دا سه‌فه‌ری بێگه‌ڕانه‌وه‌ی خۆی به‌ره‌و جیهانی ئه‌و دیو نادیار ده‌ست‌پیکرد.
ماره‌که هه‌روا به کاوه‌خۆ ده‌خزی و و ده‌چوه پێش، دوور نیه له‌و حاڵه دا بیری له نێچیرێکی چکۆله‌تر کردبێته‌وه.
شه‌ماڵیش له‌وێ، له سه‌ر گوێی جۆگه مه‌ند و ئارامه‌که به ڕاکشاوی مایه‌وه. له‌شی بێ‌هه‌ست و ده‌سه‌ڵات وه‌ک هه‌موو شتێکی بێ‌گیانی نێو دارستانه‌که له وێ که‌وتبوو، به‌ڵام بێ‌گومان ته‌یری گیانی به‌ره‌و کۆڕی خۆشه‌ویستانی له فڕین دا بوو.
ته‌واو
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
* دیاره ئه‌و سێ شێعره له "ناڵه‌ی جودایی" مامۆستا هێمنی نه‌مره‌وه هاتوون. ئارام ـــ بۆ ده‌قه سوێدی‌یه‌که‌ی خۆی ــ له به‌شێکی " گووگل" که وه‌رگێڕراوی ناڵه‌ی جودایی به سوێدی تێدا بوه، وه‌ری‌گرتوه.