خه‌بات خوێنی ده‌وێ
. په‌خشان "خه‌بات خوێنی ده‌وێ"
یادێك له‌شه‌هید"عه‌لی حوسێن‌پوور" ناسراو به (شوان)
. ئاشق
[ پێموانیه له‌و جیهانه پانوبه‌رینه داــ ده‌سه‌ڵاتداره دیكتاتۆر و خوێنخۆره‌كان و داروده‌سته‌كه‌یانی لێده‌رچن ــ هیچ كه‌س هه‌بێ كه حه‌ز له شه‌ڕ و خوێنڕشتن بكا و ته‌نانه‌ت هه‌ر پێی خۆش بێ باسی خوێن بكا. مرۆڤی كوردیش وه‌ك هه‌موو ئاده‌میزادێكی ئاشتیخوازی دیكه قه‌تی شه‌ڕ و خوێنڕشتن پێخۆش نه‌بوه، به‌ڵام مه‌خابن دایم به سه‌ریان دا سه‌پاندوه، ناچاریان كردوه بۆ مانی خۆی ده‌ست بۆ چه‌ك به‌رێ و به‌رگری له خۆی بكا. له‌و ڕێگایه‌ش دا به‌شێكی گه‌وره له باشترین ڕۆڵه‌كانی بوونه‌ته قوربانی. مێژووی كوردان پڕه له نموونه‌ی ئه‌وتۆ.
ئێمه منه‌تباری شه‌هیده‌كانمانین، هه‌ر بۆیه‌ش له بیریان ناكه‌ین و یادیان ده‌كه‌ینه‌وه.
ئه‌م په‌خشانه‌ی خواره‌وه یادێكه له شه‌هیدی نه‌مر "عه‌لی حوسێن‌پوور" ناسراو به "شوان" كه‌فه‌رمانده‌ری لكی یه‌كی هێزی پێشه‌وای مه‌هاباد بوو و ڕۆژی 21/8/1981 له بۆسه‌یه‌كی دوژمن دا له سه‌ر جاده‌ی مه‌هاباد ــ میاندواو شه‌هید كرا.
په‌خشانه‌كه‌م دوای شه‌هید بوونی كاك شوان نووسی و ئه‌و كات له ژماره‌ی 21ی بڵاوكراوه‌ی "پێشه‌وا" دا چاپ كرا. دوایی هه‌م ده‌ستنووسه‌كه‌م فه‌وتا و هه‌م قه‌ت ئه‌و ژماره‌یه‌ی بڵاوكراوه‌كه‌م نه‌دیته‌وه، به‌ڵام شێوه‌ی نووسین و به‌شێك له ده‌قی نووسراوه‌كه‌م هه‌ر وا له بیر مابوو و ئێستا جارێكی دیكه له هه‌ر له سه‌ر ئه‌و بناخه كۆنه دامڕشته‌وه و بۆ یاد كردنه‌وه‌یه‌ك له كاك شوان له ساڵڕۆژی شه‌هیدبوونه‌كه‌ی دا، ئاماده‌م كرده‌وه ]
شه‌ڕ به توندی درێژه‌ی هه‌بوو. هێزی دوژمن به هه‌موو چه‌كێك سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌كانیان ده‌كوتا. مه‌یدانی شه‌ر له به‌ر ته‌قینه‌وه‌ی تۆپ و خۆمپاره و بازووكا گڕی گرتبوو. گرمه‌ی تۆپان و خرمه‌ی تفه‌نگان گوێی مرۆڤیان ئازار ده‌دا. پێنج پێشمه‌رگه، پێنج لاوی به‌جه‌رگ، پێنج ڕۆڵه‌ی ڕێی ڕزگاریی نیشتمان، زیاتر له سێ سه‌عات بوو، كه‌وتبوونه بۆسه‌یه‌كی دوژمنه‌وه و ده‌وریان به سه‌دان به‌كرێگیراو و چه‌ند تانك و زرێپۆشی كۆنه‌په‌رستان گه‌مارۆ درابوو.
فه‌رمانده‌ری ئازا بریندار ببوو. سێ جێگای قه‌ڵافه‌تی دلێرانه‌ی خوێنیان لێ‌ده‌تكا و ژان هه‌موو له‌شی ئازار ده‌دا، به‌ڵام ئیراده‌ی پته‌وی به سه‌ر ئێش و ئۆف دا زاڵ بوو. به هه‌موو لایه‌ك دا هه‌ڵده‌سووڕا، وه‌ك شێری بریندار به گژ دوژمن دا ده‌چووه و به هه‌ر گولله‌یه‌ك به‌كرێگیراوێكی ده‌پێكا. هه‌ستی نه‌ده‌كرد له‌شی برینداره. جار به جار سه‌نگه‌ری ده‌گوێزته‌وه و ده‌ور و به‌ری ئه‌و پرد و جۆگه‌یه‌ی تاقی ده‌كرده‌وه كه بۆ ئه‌و و چوار پێشمه‌رگه‌كه‌ی هاوڕێی ببوونه قه‌ڵایه‌كی به هێزی به‌رگری و دوژمن نه‌یتوانیبوو له‌و ماوه‌یه دا به سه‌ر ئه‌و شوێنه به‌رته‌سكه دا زاڵ بێ.
فه‌رمانده‌ر به هه‌موو لایه‌ك دا ده‌یڕوانی، به‌ڵكه ئاڵقه‌یه‌كی كز له گه‌مارۆی دوژمن دا بدۆزێته‌وه كه بكرێ به هێرشێكی كتوپڕ بیشكێنێ و هاوڕێیانی پێدا ڕزگار بكا، مخابن هه‌موو لایه‌كیان وه‌ها ته‌نرابوو كه هومێدی بیرێكی وا و ڕێگاچاره‌سه‌رێكی ئه‌وتۆی ده‌بڕی. ته‌نیا ڕێگا: ده‌سكردنه‌وه و دیفاع كردن بوو. خۆڕاگرتن و هه‌وڵدان بۆ ده‌رباز بوون، یان شه‌هید بوون! ده‌یزانی هه‌ربینا هێزی یارمه‌تیده‌ری پێشمه‌رگه گه‌یشته هانایان. فره‌رمانده‌ر بیری كرده‌وه:"خۆزیا هێندێك فیشه‌ك و ته‌نیا چه‌ند گولله ئار پی جی دیكه‌مان پێبا!" ئه‌وجار ڕووی ده هاواڵانی كرد و گوتی:
ــ"كوڕینه ده‌ست به فیشه‌كانه‌وه بگرن. هه‌وڵ بده‌ن تاق تاق باوێن و گولله‌كانتان به فیڕۆ مه‌ده‌ن. دڵنیام هێنده‌ی پێناچێ هاوڕێیانمان به هانامانه‌وه دێن. ده‌بێ تا ئه‌و كاته فیشه‌كمان لێ‌نه‌بڕێ"
ماوه‌یه‌ك پێ‌چوو. چه‌ند هێرش و ده‌سڕێژی توندی دوژمن بریندار بوونی سێ هاوڕێی دیكه‌ی لێ‌كه‌وه‌ته‌وه و ته‌نیا هاواڵێك به ساغی مایه‌وه. دوژمن ئاڵقه‌ی گه‌مارۆی ته‌نگتر كردبۆوه، به‌ڵام هێشتاش نه‌یده‌وێرا لێ‌یان نێزیكتر بێته‌وه. فه‌رمانده‌ر هه‌ستی به ماندوویی كرد. له نێو سه‌نگه‌ره‌كه‌ی دا كه جۆگه‌یه‌كی قووڵ بوو، پاڵی دایه‌وه. هێندێك هێزی هاته‌وه به‌ر. سه‌ری هه‌ڵێنا، چاوی به به‌رزایی‌یه‌كانی "خه‌زایی"* كه‌وت. پێگه‌ی دوژمنی دی كه وه‌ك كوندێكی سیمبولی ماڵوێرانی خۆی به سه‌ر به‌رزترین دوندی ئه‌و كێوه‌وه مه‌ڵاس كردبوو. یان ده‌تگوت دێوه‌زمه‌یه‌كی زۆرداری خوێنتاڵه كه ده‌ستی ده گه‌رووی "خه‌زایی" ناوه و ده‌یه‌وێ نه‌فه‌سی لێ ببڕێ. فه‌رمانده‌ر هه‌ناسه‌یه‌كی ساردی هه‌ڵكێشا. دڵۆپێك فرمێسك ته‌ڕایی دایه سه‌ر گۆنای و ڕژایه سه‌ر یه‌كه‌م برینی. ئاخر ئه‌و ئاواتی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌وه بوو كه ڕۆژێك هێزی دوژمن له وڵاته‌كه‌ی وه‌ده‌رنرێ و ئاڵای كوردستان له جێی پێگه‌كانی دوژمن بشه‌كێته‌وه.
پیلووی چاوه‌كانی فه‌رمانده‌ر خه‌ریك بوون ده‌چوونه سه‌ریه‌ك، زۆری نه‌مابوو خوێن له‌به‌رچوون هێزی لێ ببڕێ و بیباته خه‌وێكی قورسه‌وه. له‌و كاته دا به ده‌نگی هاوڕێیه‌كی كه باسی نێزیكبوونه‌وه‌ی دوژمنی بۆ ده‌كرد، ڕاپه‌ڕی. دیسان وه‌خۆ هاته‌وه و هێزی هاته‌وه به‌ر. پیاده‌كانی دوژمنی دی كه له ژێر پارێزگاریی تانك و ته‌قه‌ی زرێپۆشه‌كانیان دا ده‌ستیان به هاتنه پێش كردبوو و ئیدی مه‌ودایه‌كی زۆریان له گه‌ڵیان نه‌بوو. وا دیار بوو دوژمن ئێستا دڵنیا بوو كه ئه‌وان هه‌ر ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ن كه بریندار و شه‌كه‌تن، و ده‌توانێ به هاسانی بیانگرێ.
فه‌رمانده‌ر به دیتنی ئه‌و دیمه‌نه وشیار بۆوه. ڕووی ده هاوڕێیانی كرد و ئه‌وه‌نده‌ی ده توانای دا بوو ده‌نگی به‌رز كرده‌وه:
" كوڕینه نابێ دوژمن هه‌ر وا به هاسانی به سه‌رمان دا زاڵ بێ. ئێمه شه‌هید ده‌بین، به‌ڵام هه‌رگیز ته‌سلیمی دوژمن نابین. ئێمه تا دوایین فیشه‌كمان به سینگی دوژمنانه‌وه ده‌نێین، به‌ڵام له بیرتان بێ دوایین فیشه‌ك بۆخۆمان ڕاده‌گرین، تا ئه‌گه‌ر پێویست بوو، پێشكه‌شی دڵی پڕ له خۆشه‌ویستیی نیشتمانی خۆمانی كه‌ین، چونكه ده‌بێ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك بمرین، به‌ڵام ده‌زگیر نه‌كرێین" ئه‌وه‌ی گوت، پاشان به سه‌رنێزه‌كه‌ی كه‌مێك عه‌رزی كۆڵی و مۆر و به‌ڵگه‌كانی خۆی ـ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ده‌ست دوژمن نه‌كه‌ون ـ له ژێر خاكا شارده‌وه و له حاڵێك دا به زه‌حمه‌ت ده‌یتوانی تفه‌نگه‌كه‌ی ڕاگرێ و سێره بگرێ، ده‌ستی به ته‌قه‌كردن كرده‌وه.
هاوڕێیانیشی ده‌ستیان به به‌ربه‌ره‌كانی كرده‌وه و له كاتێك دا دوژمن به ته‌واوی لێ‌یان هاتبوه پێش و زۆری نه‌مابوو بگاته سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كه‌یان، له پڕ وه‌زعه‌كه گۆڕا. له پشتی هێزی داگیركه‌ر، له سێ لاوه ته‌قه‌ی ڕه‌شاش و گرمه‌ی ئار،پی،جیی ڕۆڵه‌كانی پێشه‌وا كه به به‌سه‌رهاتی هاواڵانیان زانیبوو و بۆ ڕزگار كردنیان هاتبوون، ده‌نگی دایه‌وه. دوژمن سه‌ری لێ‌شێوا. مه‌رگ له سه‌ر هێزی كۆنه‌په‌رستان تاوڵی هه‌ڵدا و ترس بڕستی لێ‌بڕین. ئه‌و جار ئه‌وان بوون كه هه‌وڵیان ده‌دا هه‌رچۆنێك بوه ڕێگایه‌ك بۆ ده‌ربازبوون بدۆزنه‌وه و سه‌ر به سڵامه‌تی به‌رنه‌وه. ئیدی شه‌ڕ زۆری نه‌خایاند. سه‌ره‌نجام دوژمن به دانی زیانێكی زۆر خۆی له ده‌ست پێشمه‌رگه‌كان ڕزگار كرد و به‌ره‌و مۆڵگه‌كانی خۆی پاشه‌كشه‌ی كرد.
پێشمه‌رگه‌كان به په‌له خۆیان گه‌یانده فه‌رمانده‌ری ئازا و چوارهاوڕێكه‌ی. فه‌رمانده‌ر ئیدی توانای له به‌ر دا نه‌مابوو و كاتێك هاوڕێیانی چاوپێكه‌وت و خاترجه‌م بوو كه دوژمن به تێكشكاوی مه‌یدانی شه‌ڕی به‌جێ‌هێشتوه، ده‌ستی له به‌ربه‌ره‌كانی هه‌ڵگرت و خۆی به‌ده‌ست ئه‌و خه‌وه قورسه‌وه دا كه ده‌مێك بوو ده‌یه‌ویست به سه‌ری دا زاڵ بێ و بیباته دنیای بێهۆشی‌یه‌وه.
هاوڕێیانی به په‌له ئه‌و و پێشمه‌رگه برینداره‌كانی دیكه‌یان بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش له شاری بۆكان به‌ڕێ‌كرد. برینی هاوڕێیان سووكتر بوو و هه‌موویان له مه‌ترسی ده‌رچوون، به‌ڵام هه‌وڵ و ماندووبوونی دوكتۆره‌كان بۆ ڕزگاركردنی فه‌رمانده‌ر سوودێكی نه‌به‌خشی و بوو به فیدای نه‌ته‌وه و نیشتمانی خۆشه‌ویستی.
دوایین وته‌ی هێشتاش له گوێی هاوسه‌نگه‌رانی دا ده‌نگ ده‌داته‌وه كه گوتی:" هاوڕێیان! به شه‌هید بوونی من ناڕه‌حه‌ت مه‌بن و تازیه‌م بۆ دامه‌گرن، چونكه ڕزگاریی گه‌لی ئێمه له ژێر چنگی ئه‌و دوژمنه كه گاڵته‌ی به ئاشتی و ماف مرۆڤ دێ و ته‌نیا زمانی چه‌ك و زه‌بروزه‌نگ ده‌زانێ، پێویستیی به فیدا بوونی هه‌زاران ڕۆڵه‌ی وه‌ك من هه‌یه. له ڕاستی دا خه‌بات خوێنی ده‌وێ. ئێوه كاتێك ده‌توانن ڕووحی من شاد كه‌ن و تۆڵه‌م بستێننه‌وه، كه نه‌هێڵن ئاڵای خه‌بات بكه‌وێته زه‌وی. دڵنیام هه‌ر واش ده‌كه‌ن و سه‌ره‌نجام ڕۆژێك دادێ كه كوردیش سه‌ربكه‌وێ و كۆیله‌تی و بنده‌ستیی ئه‌و گه‌له دوایی پێ بێ!"
شه‌وێك دوای شه‌هیدبوونی مه‌هاباد به ده‌نگی خه‌ڵكی شۆڕشگێڕ وه‌له‌رزین كه‌وت. شاری پێشه‌وا قازی یه‌كده‌نگ هاواری ده‌كرد:
"كاك شوان ڕێگات درێژه‌ی هه‌یه!"
"كاك شوانی قاره‌مان، هه‌رگیز ناچی له‌بیرمان!"
----------------------------------------------------------------------------------------------
*"خه‌زایی" ناوی كێوێكه كه كه‌وتۆته باشووری ڕۆژاوای شاری مه‌هاباد