سپێده‌ی هومێد له بوومه‌لێڵی خه‌م و بێده‌ره‌تانی دا

● به بۆنه‌ی شه‌سته‌مین ساڵڕۆژی له سێداره‌درانی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و هاوڕێیانییه‌وه
به‌ره‌به‌یانیی ڕۆژی ده‌ی خاکه‌لێوه‌ی ساڵی 1326ی هه‌تاوی، ئه‌و کاته‌ی سپێده ورده ورده پاشه‌کشه‌ی به تاریکی ده‌کرد و ڕووناکی به‌ره‌به‌ره لووتکه‌ی چیای "زاواوبووک" و "قوڵقوڵاغ"ی ده ئامێز ده‌گرت، پارێزه‌رانی سه‌ره‌ڕۆیی و کۆنه‌په‌رستی داری بێدادیان له مه‌یدانی چوارچرای مه‌هاباد، پێته‌ختی کۆماره ناکامه‌که‌ی کوردستان چه‌قاند و پێشه‌وا قازی سه‌رکۆماری کوردستان، حه‌مه‌حوسێنی سه‌یفی قازی وه‌زیری به‌رگریی ئه‌و کۆماره و سه‌دری قازی نوێنه‌ری کوردستان له مه‌جلیسی ئه‌و کاتی ئێرانیان له سێداره دا.
پێشه‌وای گه‌وره‌ی کوردستان که به‌ڵێنی دابوو خۆی له ڕێگای ئامانجی نه‌ته‌وه‌که‌ی و پارێزگاری کردن له گیان و ماڵومنداڵی هاونیشتمانانی بکاته قوربانی، له ژێر داری ئیعدام دا، دوو مه‌به‌ستی له چه‌ند وشه دا به‌یان کرد، که مانایه‌کی به‌رینیان له خۆیان دا حه‌شار دابوو.
ڕه‌نگه ئه‌و کات و له‌و هه‌لومه‌رجه دژوار و سامناکه دا که کۆمار ڕووخابوو، بزووتنه‌وه‌ی کورد کاره‌ساتێکی ئاوا جه‌رگبڕی به سه‌ر هاتبوو و دوژمن خۆی له لووتکه‌ی سه‌رکه‌وتن دا ده‌دی، مانا و نێوه‌رۆکی ئه‌و وتانه بۆ یار و نه‌یار زۆر دیار و به‌رچاو نه‌بوون، به‌ڵام تێپه‌ڕینی زه‌مان، هه‌وراز و نشێوه‌کانی قۆناخه‌کانی خه‌بات و سه‌ره‌نجام هه‌ستانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕه‌وای نه‌ته‌وایه‌تیی کورد له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان، نێوه‌رۆکی ئه‌و وتانه‌ی پێشه‌وا قازی‌یان باشتر ڕوون کرده‌وه و ده‌رکه‌وت که ئه‌و مرۆڤه مه‌زنه‌ی مێژووی کوردستان، له‌و کاته دا که دێوه‌زمه‌ی مه‌رگی له به‌رامبه‌ر خۆی دا دیوه، مه‌به‌ستی له ده‌ربڕینی ئه‌و وتانه درۆشمدان نه‌بووه و پێشبینییه‌کی کردوه، که دواتر به ته‌واوی ڕاستبوونی ده‌رکه‌وتووه.
پێشه‌وا فه‌رمووی: " ئێوه به له سێداره‌دانی من ته‌نیا قازی محه‌ممه‌دێک ده‌کوژن، به‌ڵام ئه‌وه‌تان له بیر نیه که هه‌ر تاکێکی نه‌ته‌وه‌ی کورد قازی محهممهدێکه و ڕێگای ئه‌و خه‌باته درێژه ده‌دا"
له ڕاستیش دا هه‌ر وا بوو. ئێستا شه‌ست ساڵ دوای شه‌هیدبوونی پێشه‌وا، ده‌بینین بیری قازی و ئامانجی قازی له مێشک، هه‌ڵسوکه‌وت، بزووتنه‌وه و خه‌باتی به میلیۆنان ڕۆڵه‌ی گه‌لی کورد دا زیندوو ماوه‌ته‌وه و ئه‌و ئاڵایه‌ش که به ده‌ستی ئه‌و و هاوبیرانی هه‌ڵکرا، هێشتاش له ده‌ستی ڕێبوارانی ڕێگای ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌ی کورد دا ده‌شه‌کێته‌وه.
پاشان کاتێک ویستیان چاوی ببه‌ستن، ئه‌وجار قوڵفی ته‌نافی سێداره‌ی بخه‌نه ئه‌ستۆی، فه‌رمووی:
" ئه‌ی خاینان، من له حاست نه‌ته‌وه و نیشتمانم دا شه‌رمه‌نده نیم که چاوم ببه‌ستن، به‌ڵکوو سه‌ربه‌رزم و ده‌مه‌وێ له دوایین ساته‌کانی ژیانم دا له سپێده‌ی به‌ره‌به‌یانی ئاسۆی نیشتمانی جوانم بڕوانم و ببینم چۆن دڕ به تارێکی ده‌دا. بژی نه‌ته‌وه‌ی کورد، بژی ڕزگاریی کوردستان!"
ئه‌و وتهبهرزه شاعیرانه‌یه ئه‌وه‌نده به‌هێز بوو، که سامی ته‌ناف و داری به‌زاند. ڕووحی پێشه‌وا له گه‌ڵ جیهانی هه‌رمان تێکه‌ڵ بوو. هه‌ر له‌و کاته دا شنه‌یه‌کی نه‌رمی به‌هاری له " کلکه‌ی خه‌زایی" و "مه‌حموودکان"ــه‌وه هه‌ڵیکردێ و دوای ئه‌وه‌ی خۆی به بۆن و به‌رامه‌ی وه‌نه‌وشه‌کانی ده‌م جۆگه‌کانی "باغی گوڵان" بۆنخۆش کرد، له مه‌یدانی "چوارچرا" سه‌روڕووی سێ سه‌رداری سه‌ربه‌رزی سه‌رداری لاوانده‌وه، پاشان به پانایی مه‌هاباد و کوردستان بڵاو بۆوه، خۆی به هه‌موو ماڵه کوردێک دا کرد و تۆوی هومێد به هه‌ستانه‌وه و هیوا به ڕزگاریی کوردستانی له دڵی کوڕان و کچانی کورد دا چاند.
له ڕۆژی دوای ئه‌و کاره‌ساته‌وه، به‌یانان، خۆر، کاتێک له سه‌ری "داشامه‌جید"ه‌وه ده‌رده‌که‌وێ، پاش ئه‌وه‌ی سڵاوێک له تاقه‌داری دوشداماوی هێشتاش تازیه‌دار ده‌کا و شه‌به‌قی زێڕینی خۆی به سه‌ر "چوارچرا"، شوێنی ماڵ و باره‌گای حکوومه‌تی پێشه‌وا و شه‌قام و گه‌ڕه‌که‌کانی پێته‌ختی کۆمار دا بڵاو ده‌کاته‌وه، به‌ره‌به‌ره رووپۆشی سێبه‌ر له سه‌ر گڵکۆی سه‌رکۆمار لاده‌دا، کڕنۆش بۆ مه‌زاری زیاره‌تگه‌ی میلیۆنان ئۆگر و ڕێبواری ڕێگای ده‌با و پاشان په‌یامه‌که‌ی پێشه‌وا له توێی تیشکی گه‌رمی خۆی دا بڵاو ده‌کاته‌وه که:
" تاریکی ناتوانێ هه‌تا سه‌ر بێ و سه‌رکه‌وتن سه‌ره‌نجام بۆ ڕووناکی ده‌بێ"
یان:
"زستان هه‌رچه‌نده تووش و ته‌مه‌ندرێژیش بێ، سه‌ره‌نجامی هه‌ر نابوودی و چۆڵکردنی ڕێگا و به‌جێهێشتنی جێگا بۆ سوپای به‌هاره!"
ئاشق
ده‌ی خاکه‌لێوه‌ی 1386 ی هه‌تاوی