نه‌ورۆزتان پیرۆزبێ
به‌هاری کوردستان، (ده‌نگ و ڕه‌نگ) ده‌توانی وێڕای بیستن و دیتن، شێعر و په‌خشانه‌که‌ش، ئه‌گه‌ر پێت خۆش‌بوو، له خواره‌وه بخوێنیه‌وه.
کات: نه‌ورۆزی ساڵی 69 ی هه‌تاوی.
شوێن: چیا (ستۆدیۆی ده‌نگی کوردستانی ئێران)
نووسه‌ر و ئاماده‌کار: ئاشق
وێژه‌ره‌کان: خه‌جیج سواره و ئاشق
تۆمارکار: حوسێن چه‌مه‌ک
به‌شی زۆری وێنه‌کان: وه‌فا ئیسماعیلی
مونتاژ و ڕێکخستنی وێنه‌کان: فاروق ئیسماعیلی
ئه‌م په‌خشان و شێعره‌م نه‌ورۆزی ساڵی 1369ی هه‌تاوی له به‌رنامه‌یه‌کی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ده‌نگی کوردستانی ئێران دا خوێنده‌وه. په‌خشانه‌که‌م هه‌ر ئه‌وکات نووسی، به‌ڵام شێعره‌که‌م ساڵی 1353 ی هه‌تاوی داناوه.
به‌هاره. ئاسه‌وار و نیشانه‌کانی وه‌رزی نوێ سه‌ر به که‌لێن و قوژبنی هۆده بچکۆڵانه‌که‌م دا ده‌که‌ن. تیشکی خۆر به ئه‌سپایی له په‌رده‌ی ڕوونی شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌کان تێده‌په‌ڕێ و گه‌رمایه‌کی شادیدهر ده‌خاته خوێنی ده‌ماره‌کانی له‌شم. گه‌رمایه‌ک، که تینی ئاگری ده‌سکردی نێو ماڵم له پێش چاو ده‌خا و وه‌بیرم دێنێته‌وه که کاتی هه‌ڵکورمان و دوشدامان له گۆشه‌ی دیوی ته‌مگرتوو و له پاڵ کووره‌ی نێڵدراو به سه‌رچووه. به ناخی دڵمه‌وه هه‌ست ده‌که‌م و حه‌ز ده‌که‌م ده‌رگا و په‌نجه‌ران بکه‌مه‌وه و لهمپهران هه‌ڵگرم، تا شه‌پۆلی تیشکی هه‌تاو به سانایی بڕژێته ژووره‌که‌م و ئاسه‌وار و بۆنی خه‌می زستان پاک کاته‌وه.
سه‌یر که! جریوه‌ی چۆله‌که و مه‌لی جۆراوجۆر چ ئاههنگێکێ جێژنیان له‌سه‌ر دار و بنچک و قه‌راخ ڕووبار و گوێسوانه‌ی ماڵه‌کان وه‌ڕێخستوه. هه‌ر ده‌ڵێی شای به‌هار دوای سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر سوپای زستان دا ده‌ستووری ڕازاندنه‌وه‌ی زه‌وی و پێکهاتنی کۆنسێرتی خۆشخونانی هه‌رێمی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی داوه.
ئه‌وه‌ی ده‌یبینم خه‌ون و خه‌یاڵ نیه. پێلوو و مژۆڵهکانم هێدی هێدی وه‌ک په‌رده‌یه‌کی دووبه‌ر ئاواڵه ده‌بن و له‌شی شه‌که‌ت و خه‌ماوی و خه‌واڵووی چاوه‌کانم به‌جێدێڵن. له‌رانه‌وه‌ی ئاهه‌نگی کۆنسێرتی ده‌نگخۆشانی به‌هار له‌سه‌ر په‌رده‌ی گوێم و تینی هه‌تاو که وه‌ک ده‌ستی دڵداری بێئۆقرهی خه‌یاڵ له‌شم ده‌لاوێننه‌وه، وشیارم ده‌که‌نه‌وه:" هه‌سته! چ کاتی دانیشتن و بیرکردنه‌وه و دوورکه‌وتنه‌وه‌یه. بڕوانه وه‌ستای سروشت چۆن دیمه‌نی بووکی دنیای ڕازاندۆته‌وه. حه‌ف نیه ئه‌و هه‌موو جوانییه له ئاوێنه‌ی هه‌ست دا ڕه‌نگ نه‌داته‌وه و نه‌بێته ئیلهام و سووژه‌ی ستایشێکی به‌جێ و ڕاستگۆیانه؟!"
هه‌ڵده‌ستم دێمه ده‌ر. پڕ بهسینگم هه‌وای بێگه‌ردی به‌هاری هه‌ڵده‌مژم و و پڕ به چاوان له دیمه‌نی سه‌وز و جوانی زه‌وی ده‌ڕوانم. له پڕ پرسیارێک به مێشکم دادێ. بڵێی هیچ به‌هارێک له به‌هاری کورده‌واری جوانتر و ڕازاوه‌تر بێ؟....بڵێمچی ڕه‌نگه هه‌شبێ. به‌ڵام جوانی له‌یل ته‌نیا به ڕوانین له په‌نجه‌ره‌ی چاوی مه‌جنوونه‌وه ده‌رده‌که‌وێ. ئه‌وه‌نده ده‌زانم به‌هاری هیچ شوێنێک کوێستان و هه‌وارگه و ههوارچی و بێری و بانه‌مه‌ڕ و هۆبه و ههوارچی و ڕه‌شماڵ و ڕان و کانیاوی به جوانیی کوردستان نیه.
ڕه‌نگه ئه‌م پارچه شێعره ته‌نیا وه‌سفی دڵگریی گۆشه‌یه‌کی به‌هاری کوردستان بێ، به‌ڵام هه‌ڵگری هه‌ستێکی به‌سۆز پاک و جوانیپهرستانهیه.
نه‌ورۆزه هه‌وای خۆشی به‌هار دڵ دهڕفـــێــنێ
داوێنی چیا سه‌وز و گه‌شه هه‌ست دهبزوێـــنێ
گوڵشه‌ن له گوڵا سووره وه‌کوو بووک دهنوێـــــنێ
بولبول به ئه‌وینی گوڵه‌وه به‌سته دهخوێـــــنێ
ئاهه‌نگی به هه‌ستی له دڵان خه‌م دهڕهوێـــــــــنێ
شاسواری شه‌ماڵ کردی به مه‌یدان سه‌ری شاخــان
کۆبهفری سه‌ران تواوه له شه‌رمان و له داخان
پیرێژنی زستان دڵی تاپۆ بوو له ئــاخان
دیتی که گه‌ڵای سه‌وز و شکۆفه‌ی گوڵه باخــــــــــان
بێ ماڵ و په‌نا ماوه به کۆڵ ئه‌شک ئهڕژێـــــــنێ
ڕۆژ چادری هه‌وری له سه‌ری کرده‌وه دهرهــــــــات
گرشا و ته‌مه‌نی دێوی ڕه‌شی ساردی به‌سه‌ر هات
گیا شین بوو، له باخا لکی دارمیوه وهبهرهـــــات
بۆنی گوڵ و ڕیحانه له گه‌ڵ بادی سه‌حه‌ر هـــات
به‌زم و ته‌ره‌ب و عه‌یشه له هه‌ر کونج و که‌لێنێ
قومری به نه‌وا موژده ده‌دا :" وه‌رزی بــــــههــاره"
واده‌ی گه‌پ و سه‌یرانه نه‌ما کاتـــــــی پــهژاره
ڕۆژی فه‌ره‌ح و که‌یفه، ده‌می ڕاو و شــــــــــکاره
بۆ گه‌شت و هه‌ڕان ده‌شت و چه‌مه‌ن ساز و ته‌یاره
جوانی که‌ژ و کێو بۆ دڵی پڕ شادی دههـــــــــێنێ
دڵپهروهره سه‌یری ده‌وه‌ن و دیمه‌نی ســـــارا
نه‌وبووکی گوڵی سوور له‌سه‌ری کردوه تــــــــارا
ئه‌و چۆم و ده‌راوه‌ی که وه‌نه‌وشه‌ی له کهنـــــارا
ده‌ستێنێ له عاله‌م دڵ و هۆش، سه‌بر و مــــودارا
هێند جوانه ته‌نانه‌ت دڵی مردووش ده‌بزوێنێ
"ئاشق" له دڵی خۆتی وه‌ده‌رخه که‌سه‌ر و خـــه‌م
بڕوانه له سه‌یران و گه‌ڕانن هه‌موو عالــهم
تۆش ڕابه سه‌یاحه‌ت له دڵی خۆت بکه مه‌رهه‌م
وا چاکه به شادی بده‌یه سه‌ر ته‌مه‌نی کـــــه‌م
خه‌مبار مه‌به خه‌مناکی دڵ و له‌ش ده‌ڕزێنێ