له یادی بیست ساڵه‌ی کۆچی‌دوایی "مامۆستا هێمن"دا
● ئاشق
(ئه‌م وتاره‌م بۆ سێمیناری " یادی مامۆستا هێمن" ، که ڕۆژی 23/4/2006 له شاری "ستۆکهۆڵم" به‌ڕێوه‌چوو، ئاماده کردوه و هه‌ر له‌و سێمیناره‌ش دا خوێندوومه‌ته‌وه).
بۆت نووسیوم بۆت بنووسم ئه‌من چیم
دوندی قه‌ندیل، گۆڕه‌پانی هه‌ڵگورد نیم
به‌ره‌و به‌رزایی ده‌چم، گه‌رچــــی وردم
خاکی به‌ر پێی تێکۆشــــــه‌رێکی کوردم
خوشکان و برایانی به‌ڕێز
ڕۆژباش !
ئه‌مڕۆ ئێمه، لێره، یادی بیست ساڵه‌ی کۆچی دوایی مامۆستا هێمنی نه‌مر ده‌که‌ینه‌وه. بێ‌گومان هه‌رکام له ئێمه‌ش که دێینه سه‌ر ئه‌م سه‌کۆیه و به‌م بۆنه‌یه‌وه قسه ده‌که‌ین، هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌وه‌نده‌ی له ده‌ستمان بێ، به‌رهه‌مه‌کانی هێمن هه‌ڵسه‌نگێنین و ئاسه‌واره‌کانی بنرخێنین، به‌ڵام داخوا مه‌ودای بیر، بڕستی خه‌یاڵ و توانای لێکدانه‌وه‌ی بۆ وێنه منی ده‌ستکورت و ئه‌وینداری شێعری هێمن، ئه‌وه‌نده یارمه‌تییم ده‌که‌ن که وێنه‌یه‌کی ڕوون له دنیای به‌رینی بیری هێمن بخه‌مه به‌رچاو و ئاستێکی ته‌واو و ڕاست بۆ پله و پایه‌ی زمانزانی، ناسکوێژی، نیشتمانویستی و هێزی تاریفی سروشت و ڕاده‌ی ڕه‌وانوێژی و پشوودرێژیی ئه‌و له شێعر و ئه‌ده‌بی کوردی دا دیاری بکه‌م؟ بێ‌گومان نا. له‌و ڕێگایه دا من ده‌توانم ته‌نیا پیاده‌یه‌کی هاوڕێی کاراوانی ئۆگرانی شێعری هێمن بم، که له‌قه‌ده‌ر هێزی پێی هه‌نگاو داوێ، جارێ ته‌نیا چه‌ند مه‌نزڵێکی ئه‌و ڕێگایه‌ی پێواوه و بۆ سه‌رمنزڵی مه‌به‌ست زۆری ماوه. ئاخر هێمن ته‌نانه‌ت دوای مه‌رگیشی هه‌روه‌ک خۆی له‌و شێعره دا گوتوویه‌تی، به‌رده‌وام به‌ره‌و به‌رزایی ده‌ڕوا و لووتکه‌یه‌کی دیاریکراو ناناسێ که له سه‌ری بگیرسێته‌وه و بوه‌ستێ. ئه‌وه نیه ئێستا دوای تێپه‌ڕینی دوو ده‌یه له کووژانه‌وه‌ی چرای ته‌مه‌نی، هه‌زاران مۆمی بیره‌وه‌ریی له دڵی ئه‌ویندارانی به‌رهه‌مه‌کانی دا بۆ هه‌ڵده‌کرێ و لێره‌و له‌وێ، له هه‌رشوێنێک که کوردی لێ‌ده‌ژی، و له‌و کوردستانه پارچه پارچه کراوه به "بستوو سنوور بۆ دیاری‌کراوه‌ی"ی که کانگای ئه‌وین و سه‌رچاوه‌ی ئیلهامی شێعری ئه‌و بوو، کچان، کوڕان، پیاوان و ژنانی کورد، شێعر و به‌رهه‌مه‌کانی ده‌که‌نه سوکناییده‌ری هه‌ناوی تینووی ئه‌ده‌بیان، له ڕێگای ئه‌وین، ژیان، خه‌بات بۆ سه‌ربه‌ستی و نه‌هێشتنی دیلی و ژێرده‌ستی دا تین و توانایان لێ‌وه‌رده‌گرن، لێکیان ده‌ده‌نه‌وه، توانانامه‌ی زانستگه‌یان له سه‌ر ده‌نووسن و وشه‌ی پاراوی کوردی‌یان لێ‌فێر ده‌بن! بڵێی ئه‌و دوو شێعره‌ی مامۆستا، هه‌رچه‌ند مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی ئه‌و تاریفی بارودۆخی کورد به گشتیی بێ، زمانی حاڵی خۆی و شێعره‌کانیشی نه‌بن که ده‌ڵێ:
کێ وه‌کوو من سارد و گه‌رمــــــــــــــــــــــی ڕۆژگــاری چێشتوه
گا له ده‌شتی گه‌رمه‌ســێر و گــــــا له کوێســـــــتانی گه‌ده‌م
وه‌ک شه‌پۆلی زێی خوڕم، ســـــــــاتێ هــــــــــــــــــه‌دادانم نیه
گێژ ده‌ده‌م، پێچێ ده‌ده‌م، من ڕۆڵه‌کوردی ئه‌م ســـــــــه‌ده‌م
ئاگری سینه‌م بڵێسه‌ی دێ و وڵات ڕۆشــــــــــــــــــــــــــن ده‌کا
ئه‌و ده‌مه‌ی خۆم وه‌ک دڵۆپێک ده‌چمه نێو ده‌ریای عه‌ده‌م
به‌ڕێزان!
نێزیک به ده ساڵ پێش ئێستا، واته ساڵی 1997ی زاینی ده‌رفه‌تی بڵاوکردنه‌وه‌ی زنجیره به‌رنامه‌یه‌کی شێعر‌و ئه‌ده‌بم له ته‌له‌ویزیۆنی کوردیی" مه‌د" بۆ هاته پێش. به‌رنامه‌که‌م ناونابوو "سه‌فه‌رێک بۆ جیهانی شێعر و ئه‌ده‌ب". باسێکی کورت له سه‌ر مامۆستا هێمنی مه‌زنم کردبوه یه‌که‌م ئاڵقه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه و بۆ پێرۆزی‌وه‌رگرتن، مامۆستا هێمنم کردبوه سه‌رقافڵه‌ی کاروانی ئه‌و سه‌فه‌ره. به‌شێک له‌و باسه ده‌که‌مه نێوئاخنی ئه‌م لێدوانه‌ی ئێستاشم.
له گه‌ڵ ته‌یری تیژباڵی سنوورنه‌ناسی خه‌یاڵ ده‌چینه سه‌فه‌رێکی دڵ‌بزوێن. ده‌ڕۆین تا برینی ده‌ردوخه‌م به مه‌رهه‌می وشه‌ی جوان و سوکناییده‌ری کوردی تیمار که‌ین. ده‌ڕۆین تا ده‌مێک له ژێر شوێنه‌واری بیرلاوێنه‌ره‌وه‌ی به‌رهه‌می شاعیرێکی ناسکخه‌یاڵ دا خه‌م و په‌ژاره له بیر به‌رینه‌وه و تاوێک مه‌ست و سه‌رخۆشی بیستنی وشه‌ی شیرین، به‌یانی پاراو و ته‌عبیری به‌رزی شاعیرانه بین.
ده‌چینه موکوریان، ئه‌و مه‌ڵبه‌نده جوانه‌ی کوردستان که گه‌لێک شاعیر و ئه‌دیبی ناودار له باوه‌شی دا چاویان کردۆته‌وه، پێگه‌یشتوون و له ئاسمانی ئه‌ده‌بی کوردی دا دره‌وشاونه‌وه. ده‌چینه خزمه‌ت شاعیری گه‌وره‌ی کورد مامۆستا هێمن. گه‌شتێک به نێو گوڵزاری به‌رهه‌مه‌کانی دا لێ‌ده‌ده‌ین و له جوانی و بۆن و به‌رامه‌ی شێعره‌کانی به‌هره وه‌رده‌گرین. له "تاریک و ڕوون"ی به‌یان دا گوێی دڵ به "ناڵه‌ی جودایی" ده‌سپێرین و له باغی پڕبه‌ره‌که‌ت و خێروبێری پیری ته‌ریقه‌تی شێعر و جوانی و ئه‌وین دا" پاشه‌رۆک"ی پوخت و به بایه‌خ ده‌ستچن ده‌که‌ین و بۆ دڵی تامزرۆی به دیاری دێنینه‌وه.
جوانکاری و ڕێکخستنی ڕواڵه‌ت و نێوه‌رۆک له شێعری هێمن دا وه‌ستایه‌تییه‌کی تایبه‌ت به‌و شاعیره‌یان تێ‌دا ده‌ناسرێته‌وه. بۆ وێنه بڕوانه له پارچه شێعری "چاره‌نووسی شاعیر" دا، مامۆستا چۆن بیر و ویستی شاعیرانه‌ی خۆی له گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک په‌ندی پێشینیان تێکه‌ڵ ده‌کا و چ دیمه‌نێکی جوان ده‌خولقێنێ.
له سه‌ر به‌فرێ به‌کار نایه وه‌کوو بیستوومه داوی ڕه‌ش
له سه‌ر کۆڵمه‌ت ئه‌دی بۆ دڵگره ئه‌و بســـــــــــکه تاتایه
هونه‌ر ناتوانێ جوانیی تۆ به هیچ شـــــــــێوێکی بنوێنێ
له مه‌ڕمه‌ڕ چۆن ده‌تاشرێ هه‌یکه‌لی ئه‌م به‌ژن و باڵایه
به ڕیشی بۆزه‌وه سوژده‌ی ده‌به‌م من بـــــــــۆ جه‌ماڵی تۆ
ئه‌دی بۆچی ده‌یان‌گوت دار که پــــــــــیر بوو تازه دانایه
هه‌ر له‌و پارچه شێعره دا مامۆستا ئاماژه به ڕاستییه‌کی تاڵ ده‌کا، ئه‌ویش ژیانی ناخۆش و په‌رێشانی هونه‌رمه‌ندان و شاعیرانی کورد و بێ‌بره‌ویی کاڵای هونه‌ر له بازاڕی ژیانی سه‌رده‌م دایه، که ڕاسته‌وڕاست ڕه‌نگدانه‌وه‌ی که‌سه‌ر و خه‌فه‌تی دڵ و داستانی ژیانی خۆشیه‌تی:
ده‌زانی بۆچی من هێنده په‌رێشان و خه‌فه‌تـــــبـــــــارم
له بازاڕی ژیان غه‌یری هونه‌ر نیمه چ سه‌رمایـــــــــــــه
به تووتووش تووشی مه‌کته‌ب بۆ ده‌هاتم من که زانیبام
خه‌فه‌ت، مه‌ینه‌ت، که‌سه‌ر، حه‌سره‌ت، به‌شی ئینسانی زانایه
له گه‌ڵ چاره‌ڕه‌شی و دووره‌به‌شی و مه‌ینه‌ت ده‌بێ هه‌ڵکه‌م
له‌مێژه چاره‌نووسی شاعـــــــــــــیرانی کوردی هه‌ر وایه
بێ‌گومان ئێمه نامانه‌وێ به هێنانه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ند نموونه‌یه له‌م باسه زۆر کورته دا بڵێین هێمن ده‌ناسێنین، چونکه:
له لایه‌که‌وه هێمن پێویستیی به ناساندن نیه. ناو و ناوبانگی ئه‌و شاعیره مه‌زنه و بۆن و به‌رامه‌ی گوڵی شیعره‌کانی له گه‌ڵ سروه‌ی به‌یانانی به‌هاران ده گه‌رمێن و کوێستانی کوردستان گه‌ڕاون، گه‌یشتوونه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری بڵاوکراوه‌کان و به‌هره‌یان که‌م و زۆر به هه‌موو ئه‌و ئه‌ویندارانه به‌خشیوه، که دڵیان بۆ شێعر و ئه‌ده‌بیاتی کوردی لێ‌ده‌دا و له بازاڕی هونه‌ر دا کڕیاری حه‌سڵه گه‌وهه‌رن.
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئاشکرایه هێمنناسی و لێکدانه‌وه‌ی گشتی له سه‌ر ئاسه‌وار و به‌رهه‌مه‌کانی هێمن، نه‌ک له کات و باسێکی ئاوا کورت دا، به‌ڵکوو به شێنه‌یی، به ته‌رخانکردنی کاتی پێویست و له درێژخایه‌ن دا به نووسینی کتێب و وتاری زۆر ده‌کرێ. ئه‌م باسه ده‌توانێ ته‌نیا به یادکردنه‌وه‌یه‌کی گه‌لێک کورت دابنرێ، که ڕه‌نگه بکرێ ناوی" گوڵێک له گوڵزارێک" یان "دڵۆپێک له ڕووبارێک"ی لێ‌بنرێ.
به‌رچاوترین و له هه‌مانکات دا گه‌وره‌ترین تایبه‌تیی شێعری هێمن ئه‌وه‌یه که به زمانی په‌تی و ساکاری کوردی گوتراون، ئه‌وه‌نده پاراو و ڕه‌وان که جووتێرێکی لادێی ده‌توانێ وه‌ک خوێنده‌وارێکی شاره‌یی تێی‌بگا وه چێژی لێ‌وه‌رگرێ. هێمن نه بۆ چینێکی تایبه‌تیی شێعر گوتوه و نه ویستوویه‌تی ڕێبازی "هونه‌ر بۆ هونه‌ر" ڕه‌چاو بکا و به‌م چه‌شنه مه‌یدانی تێگه‌یشتن له شێعره‌کانی به‌رته‌سک بکاته‌وه. ئه‌وه‌ش به بڕوای من یه‌کێک له‌و هۆیانه‌یه که "هێمن" ناوی "شاعیری گه‌ل"ی لێ‌ده‌وه‌شێته‌وه.
له سه‌ر خوانی شێعری هێمن، هه‌رکه‌س ، له هه‌ر چێن و توێژێکی کۆمه‌ڵی کورده‌واری، مادام ئۆگری شێعری کوردی بێ، به‌شی هه‌یه و به‌هره وه‌رده‌گرێ. جوانیی ئه‌و زمانه ڕه‌سه‌نه‌ش کاتێک ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی خۆی، که شوبهاندن و زاراوه‌ی شاعیرانه، داهێنه‌رانه و تازه‌ی تێ‌دا به کار دێ.
باسه‌رنجێک بده‌ینه ئه‌و دوو‌ــ سێ به‌یته له پارچه‌شێعری " ناسۆری ته‌شه‌نا" که به شێوه‌ی ئاسایی شێعری هێمن هه‌م زمانی ده‌ربڕینی تێ‌دا جوانه و هه‌م تاریف و نێوه‌رۆکی تێ‌دا به‌هێزه:
وه‌ره مه‌یگێڕ ده‌مه‌وێ ئه‌وشۆ خه‌می دڵ که‌م که‌م
لووزه‌وم به‌رده سه‌رێ، نامه‌وێ جورعه‌ی که‌م‌که‌م
ته‌شه‌نا بۆته‌وه ناســـــــــــــــــــــۆری ده‌روونم دیسان
زامی کۆنه و به مه‌ی کۆنی ده‌بێ مه‌رهـــــه‌م که‌م
مشتوماڵی ده‌وی ئاوێنه‌ی ژه‌نـــــــــــــــگاویی خه‌یاڵ
مه‌ست و گێژم که، هه‌تا گاڵه به جامی جه‌م که‌م
ئێسته بۆ چاری خه‌مم گۆشه‌ی مه‌یـــــخانه‌یه جێم
من که ڕۆژێ ده‌مه‌ویست میلله‌ته‌که‌م بێ‌خه‌م که‌م
هێمن وه‌ک هه‌موو شاعیره‌کانی دیکه ئاوات و ئاره‌زووه‌کانی خۆی ده شێعره‌کانی دا باس ده‌کا، به‌ڵام ئه‌و ویست و ئاواتانه زۆرتر چوارچێوه‌یه‌کی گه‌لێک به‌رینتریان له ویستی شه‌خسی و تاکه‌که‌سی هه‌یه. ئه‌و وه‌ک شاعیرێکی به‌رپرس، باری گرانی مه‌ینه‌ت و ژێرده‌ستی له سه‌رشانی نه‌ته‌وه‌که‌ی هه‌ست پێ‌ده‌کا و هێز و بڕستی بیرکرنه‌وه و توانای شاعیریی خۆی بۆ به‌یانی هه‌موو ئه‌و خۆشی و ناخۆشییانه و خه‌م و شادییانه ته‌رخان ده‌کا، که له ژیان و مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌ی دا شاهیدیان بوه و هه‌ستی پێ‌کردوون.
نێوه‌رۆکی شێعری هێمن هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له قالبی وشکی نه‌ریتی هاتۆته ده‌ر و نوێ و پێشکه‌وتنخوازانه‌یه. زمانی شێعری هێمن ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ش که هۆی ده‌ربڕینی هه‌ستی سروشتیی دڵداری و ئه‌ویندارییه، له باسی خه‌بات و ئازادی و چاره‌نووسی وڵات و نه‌ته‌وه و تاریفی سروشتی جوانی کوردستانی خۆشه‌ویستی دانابڕێ. به ڕاستیش ئه‌و شاعیره زمانپاراوه گه‌لێک سه‌رکه‌وتوانه توانیویه‌تی ئه‌و ڕێبازه، واته، تێکه‌ڵکردنی ئه‌وین و سروشت و خه‌بات له ژیانی ئه‌ده‌بیی خۆی دا گه‌شه پێ‌بدا و ئه‌وه‌ش یه‌کێک له‌و تایبه‌تییانه‌یه که شێعری هێمن ده‌گه‌یه‌نێته لووتکه‌ی جوانی و به‌هێزی.
ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه له زۆربه‌ی شێعره‌کانی هێمن دا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. نموونه‌یه‌کی جوان له‌و هونه‌ره، له‌و چه‌ند شێعره‌ی گوڵبژێر له "فرمێسکی ڕنوو" دا ببینه:
شاعیرم، جوانیپه‌رستم، دڵته‌ڕم، شێـــــــــتم له شۆق
کێوی بژوێن، دیمه‌نی جوان، ده‌شتی ڕه‌نگینم ده‌وێ
من به فرمێسکی ڕنووی کوێستانی کورد په‌روه‌رده بووم
کوڵمی سوور و چاوی شین و سینگی به‌فرینــم ده‌وێ
خۆشه‌ویستی من کچه کوردێـــــــــــکه پاک و نازه‌نین
باغه‌وانه پیره‌م و باغی به په‌رژیـــــــــــــــــــــنم ده‌وێ
نایه‌ڵن قه‌ت چێــــــــــــــــــــــژی ئازادی بچێژم من ده‌نا
خوێنی شیرینم ده‌وێ، کوا ته‌رمی خوێــــــــــنینم ده‌وێ
نایه‌ڵن ئاسووده دانیــــــــــــــــــــــــــــشم له لاپاڵی چیام
قاسپه‌قاسپی خاسه‌که‌و بێ، گرمــــــــــــه‌ی مینم ده‌وێ؟
هه‌ڵپه‌ڕین و پێکه‌نین ده‌بزێوێ هه‌ســـــــــــــــتی ناسکم
کوا دڵی پڕ ئێش و ئۆف و جه‌رگی به بریـــــنم ده‌وێ؟
جێی گه‌رم، پارووی نه‌رم خۆشه، به‌ڵام بۆ مافی خۆم
سێبه‌ری ئه‌شکه‌وتی سارد و نوێنی به‌ردیــــــــنم ده‌وێ
هێمن نه خوێندنی به‌رزی هه‌بووه و نه زانستگه‌دیتووش بووه، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به بڕوای من هێمن سوارچاکێکه زه‌حمه‌ته مامۆستای زانستگه هه‌بێ بتوانێ له "مه‌یدانی شه‌ڕانخێوی"ی وشه‌ی کوردی دا تۆزی پێی بشکێنێ و بێ‌گومان له ئاینده دا به‌رهه‌مه‌کانی ڕۆژبه‌ڕۆژ زیاتر ده‌بنه جێگای که‌لک‌لێ‌وه‌رگرتنی مامۆستایانی زمان و کتێبه ده‌رسییه‌کان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و ڕاستییه که هێمن هه‌ر له سه‌ر ده‌می منداڵییه‌وه نێو کۆمه‌ڵی کورده‌واری، به تایبه‌ت دێهات و هه‌وارو هۆبه و مه‌جلیسی پیر و که‌یخودا و مامۆستاکان و مزگه‌وت و حوجره‌ی کردۆته زانستگه‌ی خۆی، له گه‌ڵیان ژیاوه و وشه‌ی ڕه‌سه‌نی کوردی‌یان لێ‌فێر بوه.
ته‌نیا سه‌رنجدان به چه‌ند شێعرێکی ناڵه‌ی جودایی، بۆمان ده‌رده‌خا که وشه‌ی کوردی چه‌ند له ده‌ستی هێمن دا ده‌سته‌مۆ بوه، که وه‌ک ملوانکه‌یه‌کی مرواری هۆندوونیه‌وه.
ڕیگه ده‌بڕم، کوانێ هه‌نــــــــــــــــــگاوم شله
ڕاسته بێ‌هێزم، ده‌کـــــــــــه‌م ئه‌مــــــما مله
هه‌ر ده‌پێوم کێو و شاخ و چـــــــۆڵ و ده‌شت
دێم به‌ره‌و کانی، به‌ره‌و بـــــاخی به‌هه‌شت
دێم به‌ره‌و زیخ و چه‌و و کانــــــــــیاوی خۆم
چۆن له‌وانه وه‌رده‌گێڕم چـــــــــــــــــاوی خۆم
دێم به‌ره‌و ئه‌و داروبـــــــــــــــــه‌ردو به‌نده‌نه
دێم به‌ره‌و ئــــــــــه‌و باغ و مێرگ و چیمه‌نه
دێم به‌ره‌و زورک و تــــــــــه‌لان و که‌ندوله‌ند
دێم به‌ره‌و بژوێن و زه‌نـــــــــــــــوێر و زه‌مه‌ند
دێم به‌ره‌و پانـــــــــــــــاوک و هه‌وراز و نشێو
دێم به‌ره‌و ئه‌شـــــکه‌وت و زه‌ندۆڵ و په‌سێو
دێم به‌ره‌و به‌فر و چـــــــلووره و به‌سته‌ڵه‌ک
دێم به‌ره‌و شــــیخاڵ و ڕێچکه و ڕه‌شبه‌ڵه‌ک
دێم به‌ره‌و لــــێڕ و چڕ و به‌ســــــــتێن و چۆم
دێم به‌ره‌و هه‌ڵـــدێر و گێژ و به‌نـــــــد و گۆم
دێم به‌ره‌و هۆبه و هـه‌واری باســــــــــــــــــه‌فا
دێم به‌ره‌و لادێ، به‌ره‌و کانــــــــــــــگه‌ی وه‌فا
ژن له شێعری مامۆستا هێمن دا سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌رین و بنه‌ڕه‌تیی ئیلهامه و جوانیی ژن ڕووحێکی ناسک و نێوه‌رۆکێکی نه‌خشین و نیان به شێعره‌کانی ده‌به‌خشێ. دیاره په‌ری شێعریش که مامۆستا زۆر جار باسی ده‌کا، به سروشت کچێکی جوانه که جاروبار نازی له سه‌ر ده‌کا و ده ژوانی خه‌یاڵی شاعیرانه‌ی نایه.
به‌ڵام ئه‌ی فریشته‌ی جوانی
ڕنگبێ ئه‌م نوکته نه‌زانی
په‌ریی شێعر وه‌ک کچی جوان
بۆ پیاوی پیر نایه‌ته ژوان
کاتێکیش که قسه دێته سه‌ر مافی ژن، ئه‌و بێ‌ئه‌وه‌ی ڕواڵه‌تێکی ڕووتی ڕووناکبیرانه به خۆوه بگرێ، و خۆی پێوه ڕابنێ، به زمانێکی ساکار و ڕه‌وانی کوردی که وه‌ک گوتمان شوانێکی نه‌خوێنده‌واریش بۆی لێک‌ده‌درێته‌وه، ده‌ڵێ ئیدی ده‌وری چه‌وساندنه‌وه، بێبه‌شکردن و به نیوه‌مرۆڤزانینی ژنان به سه‌رچوه و ژن له مه‌یدانی تێکۆشان و له نێو کۆمه‌ڵ دا هیچ شتێکی له پیاوان که‌متر نیه و ده‌بێ ئازاد بێ. له شێعری "یادگاری شیرن" دا که ساڵی 1324ی هه‌تاوی، واته 61 ساڵ پێش ئیستا دای‌ناوه، ده‌ڵێ:
با هه‌زار (زێ) و (گاده‌ر) و (لاوێن)ی ڕوونیشمان هه‌بێ
تاکوو ژن ئازاد نه‌بێ، سه‌رچــــــــــــــاوه‌که‌ی ژین لیخنه
کۆیله‌تی باوی نه‌ماوه کــــــــــــیژی کوردی خۆشه‌ویست!
ڕاپه‌ڕه، هه‌سته له خه‌و، ئاخـــــــــــــر چ‌وه‌ختی خه‌وتنه
یان دواتر له ساڵی 1358 دا ده‌ڵێ:
من ته‌شیڕێسێــکی وه‌ک شــــــــــــیرنی وه‌فاییم بۆ چییه؟
کیژی وریای چاوکراوه‌ی فــــــــــــێره‌زانـــــــــــــــــینم ده‌وێ
مه‌سه‌له‌یه‌ک که پێم‌وایه پێویسته ئاماژه‌یه‌کی کورتی پێ‌بکه‌م ئه‌وه‌یه، که ژیانی مامۆستا هێمن لانیکه‌م له کاتی لاوه‌تییه‌وه تا قۆناخێکی کورتی کۆتایی ته‌مه‌نی له گه‌ڵ سیاسه‌ت تێکه‌ڵاو بووه و ته‌نانه‌ت بیر و تێکۆشانی سیاسی بوونه هۆی گه‌شه‌کردنی تێکۆشانه ئه‌ده‌بییه‌که‌شی. نازانم بۆ هێندێک که‌س ده‌ڵێن خۆزیا هێمن هه‌رگیز خۆی ده سیاسه‌ت هه‌ڵنه‌قوتاندبا. له حاڵێک دا ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت و به‌شداربوون له خه‌باتی سیاسی له ڕێگای نه‌ته‌وه‌که‌ی دا نه‌بوایه، زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری شێعره‌کانی هێمن هه‌ر له دایک نه‌ده‌بوون. هێمن سیاسه‌تی به ئه‌ندامبوون له کۆمه‌ڵه‌ی ژــ ک دا ده‌ست‌پێ‌کردوه و دواتر به تێکۆشان له حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دا درێژه‌ی پێ‌داوه. ده ساڵ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و دوو ساڵ ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی ئه‌و حیزبه بووه.
له پێوه‌ندی له گه‌ڵ کێشه‌یه‌ک که ساڵی 59 ، دوای جیابوونه‌وه‌ی حه‌وت که‌س له ڕێبه‌رایه‌تیی حیزب، بۆ مامۆستا هێمن پێک‌هات و ئه‌و و حیزبی دێمۆکڕاتی لێک‌دوور کرده‌وه، هێندێک بۆچوون ده‌ربڕاون و ده‌رده‌بڕین که جاروبار زێده‌ڕه‌وییان تێ‌دایه و زۆرتر ڕا و داوه‌ریی شه‌خسیی خاوه‌نه‌کانی ئه‌و بۆچوونانه‌ن.
دیاره‌هه‌رکه‌س هه‌رچۆنێک بیر ده‌کاته‌وه و ده‌نووسێ، ئازاده، به‌ڵام با له‌بیرمان بێ، وانه‌که‌ین له‌و باره‌وه ئه‌و شێعره به‌رزه‌ی مه‌وله‌وی که مامۆستا هێمنی خۆشه‌ویستمان ئیلهامی بۆ ناڵه‌ی جودایی لێ‌وه‌رگرتوه، بمان‌گرێته‌وه که ده‌ڵێ:
هرکسی از ظن خود شد یار من
از درون من نجست اسرار من
به بڕوای من ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ی ژیانی مامۆستا هێمنیش له لایه‌ن لێکۆڵه‌ره‌وه‌یه‌ک، یان که‌سێکی هه‌ڵسووڕ و ئاگاداری بارودۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه ناسکه‌ی خه‌باتی گه‌له‌که‌مان به شێوه‌یه‌کی بێ‌لایه‌نانه و وه‌ک خۆی باس بکرێ، ئه‌وه باشه و دیاره بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ ده‌کرێ و ده‌شبێ بکرێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌نیا به مه‌به‌ستی کوتانی حیزبی دێمۆکڕات، یان پاکانه حیسابی کۆن له گه‌ڵ ئه‌و حیزبه بێ، یان به پێچه‌وانه‌وه حه‌ریمی حورمه‌تی مامۆستا هێمنی تێ‌دا بشکێ، ئه‌وه نه‌ک هه‌ر باش نیه، به‌ڵکوو پێم‌وایه زوڵمێکه له هه‌ردووک لایه‌نی باسه‌که ده‌کرێ و ئاکامێکی باشیشی لێ‌وه‌رناگیرێ.
ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌و کاته‌ی حیزب له گه‌ڵ مامۆستا هێمن ــ که له ڕوانگه‌ی ڕێبه‌رایه‌تیی ئه‌و کاته‌ی حیزبه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت ــ نه ڕه‌وا بوو و نه له نێو کادر و پێشمه‌رگه و ئه‌ندامانی حیزبیش دا جێی گرت. له به‌رامبه‌ر دا مامۆستا هێمنیش وه‌ک هه‌موو ئینسانێک که ئیمکانی هه‌ڵه‌کردنی هه‌یه، هه‌ڵه‌ی کرد، هه‌ڵه‌یه‌ک که نه‌ده‌بوو بی‌کا. ئه‌ندامانی حیزب پێێان‌وابوو که مامۆستا هێمن جێگای له سه‌ره‌وه‌ی کێشه‌کان بوو و جێی خۆی نه‌بوو خۆ ده‌و کێشه نێوخۆیی‌یه بگه‌یه‌نێ که ده‌و بارودۆخه ناسکه دا به‌رۆکی بزووتنه‌وه‌که‌مانی گرت و به ئاشکراش به سوودی دوژمن بوو و زه‌بری لێ‌داین. به‌هه‌رحاڵ وه‌ک دواتر دیتمان مامۆستا هێمن هه‌روا وه‌ک شاعیری گه‌ل و خۆشه‌ویستی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و ئه‌ندامانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران مایه‌وه.
من پێم‌وایه وا باشتره برینه‌کۆنه‌کان نه‌کولێنینه‌وه. بێ‌گومان نه‌وه‌کانی ئاینده مامۆستا هێمن له ڕووی به‌رهه‌مه پڕبایه‌خ و نێوه‌رۆکه‌کانیه‌وه که گه‌نجینه‌یه‌کیان له ئه‌ده‌بیات و زمانی کوردی دا زیاد کردوه، ده‌ناسن، به‌هره‌ی لێ‌وه‌رده‌گرن، و ده‌رسی خه‌بات و تێکۆشانی لێ فێر ده‌بن.