حیزبوڵڵا له نێوان ئێران و ده‌وڵه‌تی سینیۆره دا

● نووسینی: ئه‌حمه‌دی زهیدابادی، کارناسی مه‌سه‌له سیاسییه‌کانی ئێران و ڕۆژهه‌لاتی نێوه‌ڕاست
● وه‌رگێرانی بۆ سه‌ر کوردی: ئاشق
(ئه‌م وتاره له به‌شی فارسیی "سایتی بی.بی.سی "یه‌وه وه‌رگێڕدراوه. وێنه‌که‌ش هه‌ر له‌و سایته وه‌رگیراوه)
هه‌وڵه دیپلۆماتییه‌کان، وێچوونی کۆتاییهاتنی شه‌ڕ و وه‌گه‌ڕکه‌وتنی هه‌وڵه دیپلۆماتییه‌کانی دیکه له لوبنان دا ڕه‌نگه ڕه‌وتێکی سانا نه‌بێ و ئه‌و ڕه‌وته به تایبه‌ت بۆ حیزبوڵڵا له لایه‌ک و ئێران و سووریه(وه‌ک دوو پشتیوانی حیزبوڵڵا له لایه‌کی دیکه‌وه) ده‌رده‌سه‌رێکی زۆری له گه‌ڵ ده‌بێ.
ئێران خوازیاری ئاگربه‌سی خیرا له شه‌ڕی لوبنان دایه و له گه‌ڵ هه‌ر پێشنیارێکی سیاسی که به چه‌ککردنی حیزبوڵڵا کۆتایی بێ، دژایه‌تی ده‌کا. هه‌ڵوێستی سووریه‌ش هه‌ر وه‌ک ئی ئێرانه به‌ڵام وا دیاره سووریه وه‌ک ئێران ڕاشکاوانه دهرینابڕێ.
به‌ڵام حیزبوڵڵا هه‌ڵوێستێکی ڕوونی سه‌باره‌ت به ئایندهی خۆی نه‌گرتوه. سه‌ید حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ڕێبه‌ری ئه‌و حیزبه له قسه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی خۆی دا ته‌نیا پێی له سه‌ر سووربوونی حیزبه‌که‌ی له سه‌ر شکاندنی ئیسڕائیل داگرتوه و بۆچوونێکی ڕوونی سه‌باره‌ت به ڕێگا چاره‌سه‌ره سیاسییه‌کان بۆ کۆتاییهێنان به شه‌ڕ له وڵاته‌که‌ی ده‌رنه‌بڕیوه.
ئه‌وه له حاڵێک دایه که ده‌وڵه‌تی فوئاد سینیۆره، سه‌رۆکوه‌زیری لوبنان، ڕایگه‌یاندوه که ئه‌ندامانی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی، به وه‌زیره‌کانی سه‌ر به حیزبوڵڵاشه‌وه، له گه‌ڵ گه‌ڵاله‌ی سینیۆره بۆ کۆتاییهێنان به شه‌ڕ هاوده‌نگن.
هه‌رچه‌ند گه‌ڵاله‌ی سینیۆره ئاگربه‌سی خێرا و کشانه‌وه‌ی ئه‌رته‌شی ئیسڕائیل له خاکی لوبنان وه‌ک یه‌که‌م هه‌نگاو بۆ ڕێگاچاره‌سه‌رێکی سیاسی ده‌ستنیشان ده‌کا، به‌ڵام به ئاشکرا له سه‌ر به‌رینکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی لوبنان به سه‌ر هه‌موو خاکی لوبنان دا و دامه‌زرانی ئه‌رته‌ش له ناوچه‌کانی باشووری لوبنانیش دا پێداده‌گرێ.
چوونه‌ده‌ری حیزبوڵڵا له باشووری لوبنان؟
دامه‌زرانی ئه‌رته‌شی لوبنان له باشووری ئه‌و وڵاته واتایه‌کی بێجگه له کۆتایی هاتنی هه‌بوونی چه‌کدارانه‌ی حیزبوڵڵا له باشووری لوبنان و ده‌رهاتنی ئه‌و ناوچه‌یه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌کانی سه‌ید حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا نیه.
له ڕاستی دا سینیۆره هیچ کاتێک به بوونی چه‌کداره‌کانی حیزبوڵڵا له باشووری لوبنان ڕازی نه‌بوه و زۆرجاران وه‌ک "بوونی ده‌وڵه‌ت له ده‌وڵه‌ت دا" ڕه‌خنه‌ی لێگرتوه.
ده‌وڵه‌تی سینیۆره سه‌ره‌ڕای دژایه‌تیی توندی له گه‌ڵ هێرشی ئه‌ڕته‌شی ئیسڕائیل بۆ سه‌ر خاکی لوبنان، هه‌وڵی داوه ئاکامی شه‌ڕی ئێستا به لای قازانجی په‌ره‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به سه‌ر هه‌موو خاکی لوبنان دا بشکێنێته‌وه و ئاغای سێنیۆرهش گه‌ڵاڵه‌ی پێشنیارکراوی خۆی هه‌ر له سه‌ر بناخه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته ڕێکخستوه.
داخوا هاوده‌نگیی وه‌زیره‌کانی سه‌ر به حیزبوڵڵا له گه‌ڵ گه‌لاڵه‌ی سینیۆره، به واتای ڕازیبوونی ئه‌و گورووپه به دامه‌زرانی ئه‌رته‌شی لوبنان له ناوچه باشوورییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌یه؟
ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هێنده ڕوون نیه و وا دێته به‌ر چاو که حیزبوڵڵا به مه‌به‌ستی پێش‌گرتن له تێکچوونی پێوه‌ندیی خۆی له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی لوبنان لانیکه‌م مه‌یلی دژایه‌تیکردنی گه‌ڵاڵه‌ی سینیۆرهی نیه.
. ئه‌وه‌ش له حاڵێک دایه که "مهنووچیهری موتته‌کی" وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ناڕاسته‌وخۆ گه‌ڵاڵه‌ی سینیۆرهی ڕه‌د کردۆته‌وه و ئه‌و هه‌نگاوه‌ش به نۆره‌ی خۆی دژکرده‌وه‌ی سه‌رۆکوه‌زیرانی لوبنانی به دواوه بوه.
ئاکامه‌کانی بڕیارنامه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش
له گه‌ڵ هه‌مووی ئه‌وانه په‌سندکرانی گه‌ڵاڵه‌ی پێشنیارکراو له لاێه‌ن فه‌ڕانسه و ئه‌مریکاوه له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش دا، کارهاسانی بۆ ده‌وڵه‌تی سینیۆره و پشتیوانه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی ده‌کا و حیزبوڵڵا و ئێران ده‌خاته هه‌لومه‌رجێکی دژواره‌وه.
وا دێته به‌رچاو ئه‌و بڕیارنامه‌یه‌ی که ده‌گوترێ له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه ده‌رده‌چێ، زۆر وه‌ک گه‌ڵاڵه‌ی سینیۆره بچێ، هه‌رچه‌ند زۆر وێده‌چێ ڕیزکردن و ڕێکخستنی هه‌نگاوه‌کان بۆ کۆتاییهێنان به‌و قه‌یرانه له بڕیارنامه‌که دا، له گه‌ڵ شێوه‌ی پێشنیارکراوی سینیۆره ، به ته‌واوی جیاواز بێ.
له گه‌ل ئه‌وه‌ش زۆر وێده‌چێ که بڕیارنامه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به شێوه‌یه‌ک ڕێکبخرێ، که ده‌وڵه‌تی سینیۆره پێی ڕازی بێ و قبووڵی بکا، به‌ڵام داخوا حیزبوڵڵا و ئێرانیش بۆیان قبووڵ ده‌کرێ؟
وا دێته به‌رچاو که ده‌وڵه‌تی ئێران هه‌ر چه‌شنه بڕیارنامه‌یه‌ک که ئاماژه به چه‌ککردنی حیزبوڵلا بکا، ڕه‌د ده‌کاته‌وه و بۆ به‌ڕیوه‌بردنی هاوکاری ناکا. هه‌ڵوێستێکی ئه‌وتۆ بۆ ئێران که له شوێنی قه‌یرانه‌که دووره، گرفتێکی ڕاسته‌وخۆ نایه‌نێته پێش. هه‌رچه‌ند ده‌بێته هۆی ته‌ریککه‌وتنه‌وه‌ی سیاسیی زیاتری ئه‌و وڵاته له راده‌ی ناوچه و جیهان دا.
به‌ڵام حیزبوڵڵا وه‌ک حیزبێک که له نێوه‌ڕاستی قه‌یرانه‌که دایه، هه‌روا سووک و هاسان ناتوانێ به‌ربه‌ره‌کانی له گه‌ڵ بڕیارنامه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بکا، ئه‌گه‌رچی قبووڵکردنیشی هه‌ر به‌و ڕاده‌یه ناڕه‌حه‌تی ده‌کا.
هه‌رچۆنێک بێ، هه‌ر چه‌نده‌ی نمای کۆتاییهاتنی شه‌ڕ نێزیک‌تر بێته‌وه، حیزبوڵڵاش زیاتر له پێشوو خۆی بۆ هه‌ڵبژاردن له نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ده‌وڵه‌تی سینیۆره دا له ژیر گوشار دا ده‌بینێ.