لێره ماوم

دۆستێکی خۆشه‌ویستم مه‌یلێکی بۆناردووم و نووسیویه‌تی فڵانی ئه‌وه چ خه‌به‌ره؟ ههوارگهکهت په‌پووی لێدهخوێنێ! که بۆخۆشم سه‌رم دا، ته‌ماشام کرد به‌ڵێ، خۆزیا په‌پووی ته‌ته‌ر و قاسیدی سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ری لێیخوێندبا، چونکه ئه‌وده‌م لانیکه‌م هه‌میشه ئاوازێکی تازه‌ی لێده‌هات و جێگای خاوهنماڵێکی که‌مته‌رخه‌می وه‌ک من پڕ ده‌بۆوه.
به‌ڵێ، به ڕاستی له‌مێژه هه‌وارگه‌که‌م تازه نه‌کراوه‌ته‌وه و دیاریی نوێی بۆ دۆستان که تا ئێستا به‌رده‌وام سه‌ریان داوم، تێدا دانه‌نراوه.
به ڕاستی پێموانه‌بوو کات ئه‌وه‌نده خێرا تێپه‌ڕێ و مرۆڤ ئاوا بخافڵێ و له ده‌وروبه‌ری خۆی بێخهبهر بێ. ئه‌و بهینه ماوه‌یه‌ک له سه‌فه‌ر دا بووم. زۆریش دوور نه‌ڕۆیشتبووم و هه‌ر له‌و ده‌وروبه‌رانه بووم. پێشتریش ماوه‌یه‌ک سه‌رقاڵ بووم و نهدهپهرژامه سه‌ر نووسین، به‌ڵام با ددان به شتێکیش دا بێنم، جاری واش هه‌بوه هیچ گیروگرفت و به‌رگرێک ده‌گۆڕێ دا نه‌بوه، بابه‌تیش که هه‌میشه ده‌ست ده‌که‌وێ، به‌ڵام وازی نووسینم نه‌بوه. پێموایه زۆر که‌س وه‌ک من له ده‌ست ده‌ردی بێ‌وازی ده‌ناڵێنن. هۆی ئه‌و ده‌رده، ژینگه یا ده‌وروبه‌ره، ماندوویی بیره، بێزاریی له گزه و دووڕوویی و درۆزنییه، که به داخه‌وه هه‌ر هه‌ن، یان شتی دی؟ (که ئێستا وه‌بیرم نایه‌نه‌وه و ئه‌گه‌ر وازتان هه‌یه بۆخۆتان له جیاتیی من وه‌ک هۆی بێ‌وازی به‌راوه‌ردیان بکه‌ن) نازانم.
ئه‌مشۆ ته‌ماشای لیستی میوانانم کرد و دیتم هه‌رچه‌ند ئه‌من له ماڵ نه‌بووم، ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له دۆستان به‌سه‌ریان کردوومه‌وه و سه‌ریان داوم. سوپاسیان ده‌که‌م و هیوادارم بتوانم له‌مه‌ودوا مه‌ودای تازه‌کردنه‌وه‌ی ڕوومای هه‌وارگه‌که‌م که‌متر که‌مه‌وه.