26.5.05

پێشمه‌رگه‌

ئه‌گه‌ر ئه‌م شێعره‌ گرژ و به‌ ته‌وژم و هه‌ڕه‌شه‌یه‌، هه‌ست و دروشم و مانای تێکه‌ڵ کردوه‌ و بانگی به‌ربه‌ره‌کانی، به‌رگریکردن و فیداکاریی تێ‌دا به‌رز کراوه‌ته‌وه‌، به‌ سروشتی بزانن، چونکه‌ ده‌ سه‌رده‌مێک دا گوتراوه‌، که‌ پاسدار و چه‌کداری دڵڕه‌شی دارده‌ستی داگیرکه‌ری زۆردار، کۆ کۆ پیاو و ژن، پیر و لاو و ساغ و په‌ککه‌وته‌ی کوردیان له‌ گونده‌کانی قاڕنی، قه‌ڵاتان، ئیندرقاش، سه‌روکانی، سۆفیان و زۆر شوێنی دیکه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری کوردستان قه‌تڵ و عام ده‌کرد، ڕشتنی خوێنی کوردیان به‌ حه‌ڵال ده‌زانی و به‌ کرده‌وه‌ش هه‌رچی له‌و باره‌ و له‌م بواره‌ دا بۆیان کرابا، درێخییان نه‌ده‌کرد.
ئه‌و کاته‌ به‌ ڕوونی دیار بوو که‌ : " دار له‌ دار و به‌رد له‌ به‌رد ده‌گه‌ڕێته‌وه"* و هه‌ر بۆیه‌ش کوردی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده له‌ نانی شه‌وێ زیاتر پێویستیان به‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌بوو، چونکه‌ دیالۆگ و میالۆگ له‌ قامووسی دوژمن دا نه‌بوو و مه‌ودای باس له‌ دێمۆکڕاسی، مافی مرۆڤ و ته‌نانه‌ت به‌زه‌یی هاودینی، ئه‌رکی به‌یه‌که‌وه‌ ژیان و ئه‌مه‌گی جیرانه‌تیش به قه‌ده‌ر‌ پانایی ڕیشی فتواده‌ره‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان و فه‌رمانده‌ره‌ هێرشکه‌ره‌کان نه‌مابۆوه‌. زمان ته‌نیا زمانی چه‌ک و‌ به‌رگری بوو. هه‌تبا، وێده‌چوو ده‌ره‌تانی مانت هه‌بێ، نه‌تبا، ئیدی دیار بوو چت به‌ سه‌ر ده‌هات. یان ڕه‌و یان ئه‌لفاتیحا.. ‌

من ئه‌وکات ئه‌م شێعره‌م بۆ ئه‌و قاره‌مانانه‌ گوت که‌ ده‌مدی چۆن سینگیان کردبوه‌ مه‌تاڵی به‌رگریی له‌ خه‌ڵکه‌که‌یان و و به‌ ده‌ست و دڵاواڵه‌ییه‌وه‌ئاماده‌بوون گیانیان له‌و پێناوه‌ دا ببه‌خشن، که‌ زۆریشیان به‌خشیان.

مێژوو ئه‌و کاته‌ ناسکانه‌ی تۆمار کردوه‌ و یادی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ش هه‌ر له‌ دڵان دا ده‌مێنێته‌وه‌.

__________________________________

پێشمه‌رگه‌ ( شێعر )

ئاشق 1980 (1359 ی هه‌تاوی)

له‌ به‌رنامه‌یه‌کی " دیداری ئازیزان" ی "مه‌د تێ وێ" له‌ زستانی 1997 دا خوێندراوه‌ته‌وه‌. ئه‌م پارچه‌ فیلمه‌ش ئی ئه‌و ته‌له‌ویزیونه‌ و ئه‌و ساڵه‌یه‌. ده‌ته‌وێ به‌ ده‌نگ شێعره‌که‌ ببیسی، کلیک له‌ سه‌ر ئێره‌ بکه‌: (ده‌نگ و ڕه‌نگ)


وێــــــــــــــــــــــــــــلۆن: مامۆستا عارفی ئیبڕاهیم‌پوور.
خوێندنه‌وه‌ی شێعر: ئاشق

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ


دوژمنـــــــــی به‌دفه‌ڕ بزانه‌ من فـــــــــــــــــــــــــــیداکاری گه‌لم
لاوی پێشــــــــــمه‌رگه‌ی به‌ جه‌رگ و شــــــانی زۆرداری گه‌لم
بانگی ئازادیی وڵات و ده‌ســــــــتی هاواری گـــــــــــــــــه‌لـــــم
گیانفیدام بۆ نیشــــــــــــــتمان و هێزی چه‌کداری گه‌لــــــــــــــــم

چوکڵی چاو، ناســـــــــــــــــۆری جه‌رگــی دوژمنی هاری گه‌لم.

چه‌ک‌به‌ده‌ســـــــــــــتم بۆ نیگابانی له‌ خــــــــــــــــــاکی نیشتمان
ئه‌رکی سه‌رشـــــــــــانم ده‌زانم بۆیه‌ قـــــــــــــــه‌ت ناده‌م وچان
پڕ به‌ دڵ هاوار ده‌کــــــــــه‌م کـــــــــاتی شه‌ڕ و دوژمن کوتان:
"یان به‌ سه‌ربه‌رزی شه‌هــــیدبوون، یان به‌ سه‌ربه‌ستی ژیان"

شه‌رته‌ ناوه‌ســــــــتم هه‌تاکوو ڕۆژی ڕزگـــــــــــــاریی گه‌لـــم


هاوبه‌شی خه‌ڵـــــــــکی هه‌ژارم من له‌ شـــــــــــــــین و شایی‌یا
خه‌مڕه‌وێنی خه‌ڵـــــــــکی چه‌وساوه‌م به‌ بێ فـــــــــــــــێڵ و ڕیا
هاوده‌م و خه‌مخـــــــۆری داماوم له‌ شــــــــــــــار و دێ و چیــا
چونکه‌ ڕۆڵه‌ی ئه‌و گـــــــــــه‌له‌م هه‌رگــــــــیز له‌ گه‌ل نابم جیا

گیـــــــان‌له‌مستــــــــــــــــــێکی به‌ نرخی پاک و سـاکاری گه‌لم

هێرشــــــــــی دوژمن که‌ دێ ئازا له‌ سه‌نگه‌ر جێ ده‌کـــــــــه‌م
سینــــــــــگی ناپاکی نیشانه‌ی بڕنه‌و و ژێ – سێ ده‌کــــــــه‌م
وه‌ک پڵینــــــــــــگی نێری کوێستان سه‌د برینی تێ‌ده‌کـــــــــه‌م
یان وه‌کوو شـــــــــــیر ده‌ی‌شکێنم لاشه‌که‌ی به‌رپێ ده‌کـــــــه‌م

نایــــــــــــــــــــــــــــه‌ڵم داگیر بــــــــکا ئاو و زه‌ویوزاری گه‌لم

ناشـــــــکێم و ناڕه‌وم سه‌رکه‌وتنیش هه‌ر بۆ منـــــــــــــــــــــــه‌
ملکه‌چی و ســـــــــه‌ردانه‌واندن بۆ نه‌یار و دوژمــــــــــــــــــــنه‌
ئه‌و که‌ســـــــــــه‌ی بۆ گرتنی خاکم مه‌به‌ستی هاتـــــــــــــــــــنه‌
بێ‌گومان ئه‌و شـــــــــــێته‌ بڕیاری له‌ سه‌ره‌ خۆکـــــــــــــوشتنه

چونـــــــکه‌ ده‌رناچێ له‌ ژێر زه‌بر و په‌لاماری گــــــــــــــــــه‌لم

لاوی ئازای كــــــوردم و مـــــــــــــــــــافی ڕه‌وای خۆمم ده‌وێ
نابه‌زم، من ناســـــــــره‌وم تاکوو خه‌باتم سه‌رکــــــــــــــــــه‌وێ
پاســـــــــــه‌وانی نیشـــــــــــــــتمانم هه‌وڵ ئه‌ده‌م ڕۆژ و شه‌وێ
شۆڕشـــــم به‌رزه‌ وره‌ی ئـــــــــــــــــــــیدی به‌ دوژمن ناڕه‌وێ

دێته‌ دی به‌وزووانه‌ ڕۆژێ مه‌رج و بڕیـــــــــــــــــــاری گه‌لــم

من به‌ بایی خوێنـــــــــــــــــی ئاڵم قه‌ول و په‌یمانم هـــــــــــــه‌یه
تا زمانم وێژه‌ر و تاکــــــــــوو له‌ش و گیــــــــــــــــــــــانم هه‌یه
تا له‌ سه‌ر ئه‌و نیشــــــــــــــــتمانه‌ ده‌رفه‌تی مانــــــــــــــــم هه‌یه
تا له‌ شان و ده‌ست وسیـــــــــــــــــــنگا هێــــــــــزی لێدانم هه‌یه

"ئاشق"ی گیانبـــــــــاز و پێشمه‌رگه‌ی ئه‌وینداری گـــــــــــــه‌لم‌‌‌‌

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

* "دار له‌ دار و به‌رد له‌ به‌رد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌"، په‌ندێکه‌ له‌ په‌نده‌ جوانه‌کانی پێشینیان.

19.5.05

دێمه‌وه‌

به‌ داخه‌وه‌ دیسانیش به‌ هۆی سه‌رقاڵیی زۆر ماوه‌ی تازه‌کردنه‌وه‌ی هه‌وارگه‌که‌م درێژ بۆوه‌. هه‌وڵ ده‌ده‌م دوای یه‌ک - دوو ڕۆژی دیکه‌ بێمه‌وه‌.