هه‌ڵبژاردنه‌کان له عێڕاق و کوردستان
● سیاسی
● ئاشق
نیزیک به حه‌وتوویه‌ک پێش ئێستا بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی گه‌لانی عێراق دا هه‌ڵبژاردنێکی گشتی که له راستی دا سێ هه‌ڵبژاردن له ڕۆژێک دا، واته هه‌ڵبژاردن بۆ پاڕلمانی عێراق، هه‌ڵبژاردن بۆ پاڕلمانی کوردستان و هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پارێزگاکانی عێراقی له خۆی دا جێ کردبۆوه، له‌و وڵاته به‌ڕێوه چوو. ئێستا ژماردنی ده‌نگه‌کان ده‌گۆڕێ دایه و هه‌رچه‌ند هێندێک زانیاری له سه‌ر ڕاده و ڕێژه‌ی ده‌نگه‌کان له ڕادیۆ و سایته ئینتێرنێتی‌یه‌کان دا بڵاو بۆته‌وه، به‌ڵام جارێ چه‌ند ڕۆژی دیکه‌ش ده‌رفه‌ت پێویسته تا ئاکامی ته‌واو و یه‌کجاریی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، یان ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه ده‌رکه‌وێ و بڵاو بێته‌وه.
سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڵبژاردنانه به گشتی چه‌ند خاڵ هه‌ن که بێ‌گومان له پێوه‌ندی له گه‌ڵ لێکدانه‌وه‌ی وه‌زعی ئێستا، داهاتووی وڵاتی عێراق، داهاتووی کوردستان و چۆنیه‌تی و ئاڵ‌و‌گۆڕه‌کانی مه‌یدانی سیاسی و دیپلۆماتی له‌و مه‌ڵبه‌نده دا به‌رچاون و ده‌بێ سه‌رنجیان بدرێتێ. ئه‌و خاڵانه تا ئه‌و ڕاده‌یه که به کورتی به بیری من دا هاتبن، ئه‌مانه‌ن:
یه‌که‌م : ڕه‌نگه که‌م چاوه‌دێری سیاسی، یان پسپۆڕی باس و مه‌سه‌له‌کانی عێڕاقیش هه‌بووبن که ته‌نانه‌ت ڕۆژی پێش هه‌ڵبژاردنه‌کانیش هێمنایه‌تیی شوێنه‌کانی ده‌نگدان، شێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوون، ئاکامه خێراکان و ڕه‌نگدانه‌وه‌کانی ئه‌و ڕووداوه‌یان به‌و چه‌شنه‌ی که هاته پێش و دیتمان، پێشبینی کردبێ. گورووپه تێرۆریستی‌یه‌کان و له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویانه‌وه "ئه‌لقاعیده" ی "زه‌ڕقاوی" له سه‌روبه‌ندی نێزیک بوونه‌وه‌ی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن دا هێرشی تێرۆریستی‌یان زۆر له جاران به هێزتر کردبوو و ئه‌وه‌نده‌ش که توانیبوویان هه‌ڕه‌شه‌یان کردبوو و ئه‌وه‌یان بڵاو کردبۆوه که له ڕۆژی هه‌ڵبژاردن دا زه‌بری زیاتر ده‌وه‌شینن و ئاڵۆزیی زیاتر دروست ده‌که‌ن. به‌و پێیه وا وێ‌ده‌چوو که خه‌ڵک ترسیان له ئاڵۆزیی باری هێمنایه‌تی هه‌بێ و هه‌ر بۆیه‌ش به‌شێکی زۆرنه‌وێرن تخوون شوێنه‌کانی ده‌نگدان بکه‌ون، به‌ڵام وه‌ک دیتمان سه‌ره‌ڕای ئه‌و مه‌ترسی‌یانه ڕێژه‌ی به‌شداران له هه‌موو ناوچه ومه‌ڵبه‌نده‌کانی عێراق دا له ڕاده‌ی چاوه‌ڕوانکراو زۆرتر بوو و هه‌موو ناوه‌نده‌کانی هه‌واڵ و ڕاگه‌یه‌نه گشتی‌یه‌کانیش پێش هه‌موو شتێکی دیکه قامکیان له سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه دانا و وه‌ک خاڵێکی گرینگ ده‌ستنیشانیان کرد. ئه‌وه‌ش به ڕوونی ئه‌و ڕاستی‌یه‌ی ده‌رخست که هه‌رچه‌ند گورووپه تێرۆریستی‌یه‌کان و دوژمنانی سیستیمی تازه‌ی عێراق ئاڵۆزی‌یه‌کی زۆریان دروست کردوه و به به‌ڕێوه‌بردن و ته‌شه‌ناپێدانی کوشتار، تێرۆر، ته‌قاندنه‌وه و خۆکوژی وبڵاوکردنه‌وه‌ی جه‌وی ترس و تۆقاندن نه‌یانهێشتوه هێمنایه‌تی به‌سه‌ر وڵاته‌که دا زاڵ بێ و به‌رده‌وام توانیویانه ته‌گه‌ره بخه‌نه سه‌ر ڕێی سه‌قامگیربوونی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت، به‌و حاڵه‌ش زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵکی عێڕاق له گه‌ڵ ئه‌وان هاوده‌نگ نین و ده‌یانه‌وێ یارمه‌تیی ڕه‌وتی به دێمۆکڕاتی کردنی عێڕاق که باوه‌ڕیان وایه به‌هه‌رحاڵ دوای ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس ده‌ستی پێ‌کردوه، بده‌ن و له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیان و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌که‌یان له ڕێگای دامه‌زراندنی حکوومه‌تێکی فیدڕاڵی ـ دێمۆکڕاتی‌یه‌وه هه‌ڵسووڕ بن
به بڕوای من هه‌رچه‌ند جارێ تا ده‌رکه‌وتنی چۆنیه‌تی و چوارچێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و ڕه‌وته دێمۆکڕاتی‌یه و دوای ئه‌وه‌ش ئاکامه کورتخایه‌ن و درێژخایه‌نه‌کانی ماوه‌یه‌کی دوور و ڕێگایه‌کی درێژ له پێشه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و به‌شدارێکردنه‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که له هه‌ڵبژاردن دا نیشانه‌ی مه‌یل و ئۆگریی ئه‌و خه‌ڵکه به بنه‌ما و ئاڵ‌و‌گۆڕه دێمۆکڕاتی‌یه‌کان و هه‌ر نه‌بێ هه‌نگاوێکی گه‌وره به‌ره‌وپێش له‌و ڕێگایه دایه و دیاره شوێن و کارتێکردنی تایبه‌تیی خۆی له ئاینده و داڕشتنی قه‌واره‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و وڵاته‌ش دا ده‌بێ.
دووهه‌م: له باشووری کوردستان هه‌ڵبژاردن مانا ونێوه‌رۆکێکی تایبه‌تیی هه‌بوو. ئه‌وه له لای هه‌موو که‌س سوور و ئاشکرایه که خه‌ڵکی کوردستان خوازیاری گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو و بێ ئه‌ملا و ئه‌و لای نه‌ته‌وایه‌تیی خۆیان له شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆیی دان و ئه‌وه‌ش مافێکی ڕه‌وا و حاشا هه‌ڵنه‌گره. به‌ڵام ئێستا که هه‌ل و مه‌رجی سیاسی به‌هه‌ر حاڵ تا ئێستا مه‌ودای وه‌دیهاتنی ئه‌و ئامانجه له‌مێژینه‌یه‌ی پێ‌نه‌داون، یه‌کده‌نگ هاتنه مه‌یدان تا به به‌شداربوونی هه‌ڵسووڕاوانه‌ی خۆیان وه‌دیهاتنی سیستیمیکی دێمۆکڕاتی ـ پاڕلمانی ـ پلۆڕالی(فره‌یی) و فیدڕاڵی بۆ هه‌موو عێڕاق ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن. ده‌توانم بڵێم به‌شداربوونی به‌ربڵاوی خه‌ڵکی کوردستان له هه‌ڵبژاردنه‌کان دا ئه‌و مانا و مه‌به‌ستانه‌ی ده‌خۆی دا کۆ کردبۆوه:
ئه‌لف ـ پته‌وکردنی بناخه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان واته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته کوردی‌یه‌ی که پتر له سێزده ساڵه به کرده‌وه و به که‌لک‌وه‌رگرتن له هێز و بیر و توانای خۆی له کوردستان دامه‌زراوه و خۆی به‌ڕێوه‌بردوه و له پێش چاوی هه‌موو خه‌ڵكی جیهانیش و سه‌ره‌ڕای گه‌لێک کوسپ و له‌مپه‌ری لاوه‌کی و نێوخۆیی و ته‌نانه‌ت دوچار بوون به شه‌ڕی نێوخۆییش سه‌ربه‌رزانه له تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌م قۆناخه هاتۆته ده‌ر و نه‌ک هه‌ر وا ماوه و گه‌شه‌ی کردوه، به‌ڵکوو بۆته نموونه‌ی دێمۆکڕاتی و شارستانیه‌ت بۆ هه‌موو عێڕاق و دراوسێکانیشی و هه‌روه‌ها بۆته ئاسۆی هومێد بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد له هه‌موو پارچه دابه‌شکراوه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش.
ب ـ برنه‌سه‌ری بڕست و توانای سیاسی و دیپلۆماتیی کورد و حکوومه‌تی هه‌رێم له ئاینده‌ی مه‌یدانی هه‌ڵسووڕانی سیاسیی عێڕاق دا. ده‌زانین زۆر کێشه‌ی سیاسی هه‌ن که کورد ده‌بێ له قۆناخی ئاینده دا هه‌ڵسووڕاوانه به‌ره‌نگاریان بێته‌وه و بتوانێ به شێوه‌یه‌کی ڕاست و ژیرانه و به جۆرێک که مافی کوردیان جارێکی دیکه تێ‌دا پێشێل نه‌کرێ، چاره‌سه‌ریان بکا. به‌رچاوترینی کێشه‌کان ئه‌مانه‌ن:
مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک، خانه‌قین، ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری ئه‌م شارانه و به گشتی هه‌موو ئه‌و ناوچانه که له ده‌وری حکوومه‌تی پێشووی عێراق دا به عه‌ره‌ب کرابوون و له کوردستانیان دابڕیبوون. ئه‌و شوێنانه ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه نێو بازنه‌ی جوغرافیایی کوردستان و به ڕه‌سمی بخرێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.
کورد له میژه ڕایگه‌یاندوه که ئاماده نیه له سه‌ر کوردستانی بوونی شاری که‌رکووک، که مه‌سه‌له‌یه‌کی ئاشکرایه، قسه بکا و دیاره ناوچه تازه ئازادکراوه‌کانی دیکه‌ش مافی خۆیانه و سروشتی‌یه که ده‌بێ له سه‌ر هه‌رێمی کوردستان حیساب بکرێن، له بناخه دا ئاو داخوازانه داوایه‌ک نین که کورد بۆ جێ به‌جێ کردنیان له به‌رامبه‌ر حکووموتی ناوه‌ندی، یان هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی دیکه دا منه‌تبار بێ، یان بپاڕێته‌وه، به‌ڵام به هه‌رحاڵ چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌و مه‌سه‌لانه ده‌ڕوانێته کێشه، بێنه و به‌ره و دمه‌ته‌قه‌یه‌کی زۆر له گه‌ڵ لایه‌نه عێڕاقی‌یه‌کان له حکوومه‌تی ناوه‌ندی دا و چاوه‌ڕوان ناکرێ به هاسانی جێ‌به‌جێ بکرێن. مه‌سه‌له‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ماده‌ی په‌نجاو هه‌شتی یاسای کاتییش که حوکم به ئاسایی کردنه‌وه‌ی وه‌زعی که‌رکووک ده‌دا و له سه‌رده‌می حکوومه‌تی کاتیی عێڕاق دا له ئاکامی کار و هه‌وڵدانی ئه‌ندامانی کوردی ئه‌و کاته‌ی ئه‌و مه‌جلیسه له یاسای کاتی دا گونجێندرا، هه‌ر ده‌که‌وێته به‌رنامه‌ی کاری نوێنه‌رانی کورد له مه‌جلیس وده‌وڵه‌تی ئاینده‌ی عێڕاق دا. چونکه ئه‌و قانوونه، سه‌ره‌ڕای پشتگری کردنی ئه‌مریکا و واده و به‌ڵێنی ده‌سه‌ڵاتی کاتی له به‌غدا، هێشتاش هه‌ر له سه‌ر کاغه‌ز ماوه‌ته‌وه و نه‌هاتۆته قۆناخی کرده‌وه‌وه.
پ ـ ده‌زانین که له مه‌ودوا ده‌وری "یاسای بنه‌ڕه‌تیی کاتیی عێڕاق" به سه‌ر چوه و ده‌بێ یاسایه‌کی هه‌میشه‌یی بۆ عێڕاقی فیدڕاڵی ئاینده که کوردستان یه‌کێک له هه‌رێمه فیدڕاڵه‌کانی‌یه‌تی، دابڕێژرێ و په‌سند بکرێ. به بڕوای من هه‌وڵ و تێکۆشانێکی ته‌واو پێویست ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ک هه‌ر نه‌هێشترێ بناخه دێمۆکڕاتی‌یه‌کانی یاسای بنه‌ڕه‌تی له یاسای هه‌میشه‌یی دا لاواز بکرێن، به‌ڵکه نێوه‌رۆکی پێشکه‌وتنخوازانه‌ی یاساکه به هێزتر بکرێ و هه‌رچی زیاتر به بناخه و بیری شارستانیه‌ت و خاڵه بنه‌ڕه‌تی‌یه‌کانی مافی مرۆڤ نێوئاخن بکرێ.
ئه‌و خاڵانه‌ی من لێره به کورتی ئیشاڕه‌م پێ‌کردن و زۆر مه‌سه‌له و بابه‌تی دیکه له پێوه‌ندی له گه‌ڵ وه‌زعی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی عێڕاق دا، به گشتی خه‌بات و هه‌ڵسووڕانێکی به‌رینی ژیرانه و وردی ده‌وێ، که به‌شێکی هه‌ره سه‌ره‌کی و دیاریکه‌ری ئه‌و خه‌باته ده‌بێته ئه‌رکی نوێنه‌رانی خه‌ڵکی کوردستان له پاڕلمانه‌کانی عێڕاق و کوردستان دا. خه‌ڵکی کوردستان ئه‌و پێشوازی‌یه گه‌رمه‌یان له هه‌ڵبژاردنه‌کان کرد، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی کورد به گرتنه‌وه‌ی کورسی زیاتر به گوڕتر و به‌رزتربێ، توانای به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی له گه‌ڵ نه‌یاران له مه‌یدانی سیاسه‌ت دا زۆرتر بێ و به‌م شێوه‌یه ڕێگای گه‌یشتن به ویست و داخوازه‌کانی ئه‌و خه‌ڵکه سته‌ملێکراوه کورت‌تر بێته‌وه.