23.1.05

کۆماره‌که‌م

به‌ بۆنه‌ی دووی ڕێبه‌ندانه‌وه‌  Komari%20Kurdistan.jpg

ئاشق

ئه‌مڕۆ دووی ڕێبه‌ندان، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی دامه‌زرانی کۆماری کوردستانه‌. ڕۆژێکه‌ که‌ بۆ هه‌میشه‌ جێگایه‌کی گرینگی له‌ مێژووی پڕ له‌ هه‌وراز و نشێوی نه‌ته‌وه‌که‌مان دا بۆ خۆی ته‌رخان کردوه‌.

ڕاسته‌ کۆماری کوردستان له‌ به‌شێکی زۆر بچووکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێکهات. به‌ڵام شوێنه‌وار، گرینگی و خۆشه‌ویستیی ئه‌و ڕۆژه‌ هه‌ر له‌ یه‌که‌م ڕۆژی پێکهاتنی کۆماره‌وه‌ سنووری داسه‌پاو و ده‌سکردیان به‌زاندوه‌، خۆیان گه‌یاندۆته‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان و له‌ دڵی هه‌ر کوردێک دا که‌ تۆسقاڵێک هه‌ست به‌ کوردبوون و سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی بکا، جێگیر بوون. ئه‌وه‌ش به‌ هه‌ڵکه‌وت نیه‌. ئه‌و ڕۆژه‌ سیمبۆلی سه‌رکه‌وتن و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ئاوات و ئامانجانه‌یه‌ که‌ نه‌ته‌وه‌ی کوردی سته‌ملێکراو به‌ هه‌موو به‌ش و زاراوه‌ و ناوچه‌کانی‌یه‌وه‌ خه‌باتێکی سه‌ختی له‌مێژینه‌ی بۆ کردوون و ده‌یان هه‌زار ڕۆڵه‌ی تێکۆشه‌ری له‌ پێناو دا فیدا کردوون.

به‌ڵێ، دووی ڕێبه‌ندان، کۆماری کوردستان و پێشه‌وا قازی ته‌نیا ئی به‌شێکی گه‌لی کورد نین‌ و به‌ بێ جیاوازی ئی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کوردن. هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بێ بڵێین:

" دووی ڕێبه‌ندان، ساڵڕۆژی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد پیرۆز بی!"

من ئه‌مساڵ ده‌مه‌وێ له‌م هه‌وارگه‌ هه‌ژارانه‌یه‌ی خۆم دا به‌ ‌هێنانی شێعرێکی جوان له‌ شاعێرێکی خاوه‌ن هه‌ست و پێشکه‌ش کردنی به‌ میوانانی خۆم، ڕێز له‌و ڕۆژه‌ بگرم و یادی بکه‌مه‌وه. شێعره‌که‌ش خۆی ‌به‌سه‌رهاتێکی بچکۆله‌ی هه‌یه‌، که‌ له‌ چه‌ند دێڕ دا بۆتانی ده‌گێڕمه‌وه‌.

زستانی ساڵی 1367ی هه‌تاوی من له‌ به‌شی ڕادیۆ و بڵاوکرنه‌وه‌ی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دا کارم ده‌کرد. ( دیاره‌ ‌حیزب ئه‌و کات دوو به‌ش بوو و من له‌ به‌شی " ڕێبه‌رایه‌تیی شۆڕشگێڕ" دا بووم). بنکه‌مان له‌ دۆڵی "قه‌ڵاسه‌یده‌"ی پشت شاری "ڕانیه‌" بوو. من زنجیره‌ به‌رنامه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی ـ هونه‌ریم هه‌ر به‌ ناوی "به‌رنامه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر" ه‌وه‌ بۆ ڕادیۆ ده‌نووسی و ڕۆژانی هه‌ینی بڵاوم ده‌کرده‌وه‌. به‌رنامه‌که‌ جێی خۆی کردبۆوه‌ و زۆر جار نامه و به‌رهه‌می بیسه‌رانم بۆ ده‌هات. ڕۆژێک له‌ سه‌روبه‌ندی دووی ڕێبه‌ندان دا، هاوڕێیه‌ک دوو نامه‌ی بۆ هێنام. یه‌کێک له‌ نامه‌کان ئه‌و شێعره‌ی تێ‌دا بوو که‌ ئێستا لێره‌ ده‌ی‌نووسمه‌وه‌ و ئیمزای "بڵند" ی له‌ ژێره‌وه‌ درابوو. شێعره‌که‌ سه‌ردێڕی "کۆماره‌که‌م"ی به‌سه‌ره‌و بوو و زۆر جوان بوو . منیش ده‌سبه‌جێ له‌ به‌رنامه‌که‌ دا گونجاندم و بڵاوم کرده‌وه‌.

ئه‌و کات به‌عس به‌ سه‌ر کوردستان دا زاڵ بوو. زۆر جار تیمی کادر و پێشمه‌رگه‌کانی پارتی، یه‌کیه‌تی، شیووعی و ڕێکخراوه‌کانی دیکه‌ی باشووری کوردستان ده‌هاتن و چه‌ند ڕۆژێک به‌ نه‌هێنی میوانی ئێمه‌ ده‌بوون. کاک "بڵند" ی شاعیریش کادرێکی پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان بوو و میوانی یه‌کێک له‌ بنکه‌کانی ئێمه‌ بوو. به‌ داخه‌وه‌ بۆم نه‌کرا ئه‌و کات له‌ نێزیکه‌وه‌ بێ‌بینم و هێشتاش به‌ ڕه‌نگ و ڕوو نای‌ناسم و دیاره‌ ناشزانم داخوا ئه‌و ناوه‌ ناوی ڕاستی خۆیه‌تی، یان هه‌ر نازناوه‌. به‌ڵام ئه‌و شێعره‌ی یادگارێکی به‌ نرخه‌ که‌ له‌ لای من ماوه‌ته‌و و زۆر جار و له‌ زۆر شوێن به‌ بۆنه‌ی دووی ڕێبه‌ندانه‌وه‌ خوێندوومه‌ته‌وه. نازانم کاک بڵند ئێستا له‌ کوێیه‌. به‌ هه‌رحاڵ هیوادارم هه‌ر ساغ و به‌خته‌وه‌ر بێ. زۆرم پێ‌خۆشه‌ جارێک له‌ نیزیکه‌وه‌ بی‌بینم یان ناونیشانیم هه‌بێ و پێوه‌ندیی پێوه‌ بگرم. ‌
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

بڵند
زستانی ساڵی 1988


کۆماره‌که‌م
کۆماره‌که‌م،
وه‌ک کۆرپه‌یێ،
تازه‌ پێت نابووه‌ ژیان،
له‌ ژین کرای.
هێشتا تامی شیری دایکت نه‌کردبوو،
کاتێ له‌ باوه‌شی بڕای.
وه‌ک خه‌باتگێڕێکی ناکام،
له‌ گه‌ڵ ده‌سڕێژی یه‌که‌ما شه‌هید کرای.
وه‌ک به‌ندیێ،
هیچ دادگایێ لێی نه‌پرسی،
کاتێ له‌ سێداره‌ درای.
وه‌ک شینایی جووتیارێک بووی،
هێشتا دروێنه‌ نه‌کرابووی،
کاتێ هه‌ر به‌ شینی خورای.
وه‌ک خاوه‌ن ماڵ،
پشووت له‌ ماڵی خۆت نه‌دا،
کاتێ له‌ شاری خۆت تارای.

وه‌کوو ده‌نگی ئازادیخواز،
نه‌گه‌یشتبوویه‌ سه‌ر لێوان،
هه‌ر له‌نێو گه‌روو دا خنکای.
وه‌کوو شێعری شاعیرێک بووی،
هێشتا له‌ دایک نه‌بوو بووی،
له‌ په‌رده‌ی ئیلهاما پژای.
وه‌ک هه‌واڵی ئاژانسێکی ده‌نگ‌و‌باس بووی،
لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌ت نه‌دی،
کاتێ له‌ ژێر جاپ دا دڕای.
وه‌کوو مه‌شخه‌ڵی نه‌ورۆز بووی،
هێشتا بڵێسه‌ت نه‌دابوو،
له‌ چوار لاوه‌ فوو لێ‌کرای.
وه‌ک تیشکی ڕۆژ،
هه‌رکه‌ یه‌که‌م گزینگت دا،
له‌ سه‌وزایی خاکا گیرای.
وه‌ک دره‌ختێ به‌ری میوه‌ت نه‌گرتبوو،
کاتێ ته‌وری ڕۆژگاری ڕه‌ش،
بێ‌به‌زه‌یی‌یانه‌ قه‌ڵتی دای.
وه‌کوو بانگی مه‌لای ئایین،
نه‌گه‌یی‌یه‌ سه‌ری مناره‌،
کاتێ خۆت و پێشه‌واکه‌ت،
خرانه‌ قوڵفی سێداره‌.

به‌ڵام ئازیز، ئه‌ی کۆمارم،
ئه‌ی سامانی کورده‌واریم،
ساڵان دێن و ساڵان ده‌ڕۆن،
یادت ماوه‌،
له‌بیر نه‌کرای.
له‌ مێژووی خوێناویی کورد دا تۆمار کرای.
دڵنیابه‌! دڵنیا به‌!
ڕێبوارانی کاروانی دوور،
گۆشه‌ی دڵیان،
سۆمای چاویان،
بۆ کردی به‌ تابووتی سوور.
تۆ و پێشه‌وا له‌ یاد ناکرێن،
له‌ دڵمانن.
هه‌موو ساڵێ،
له‌ سه‌ره‌تای ڕێبه‌ندانا،
له‌ نێو گشت ماڵێ میوانن.
هه‌تا ماوین ئێوه‌ش ماون،
له‌ گه‌ڵتانین،
له‌ گه‌ڵمانن!

5.1.05

شکۆی یه‌کگرتوویی له‌ په‌نجه‌ره‌ی هونه‌ره‌وه‌

له‌ په‌ڕاوێزی فستیواڵی هونه‌ریی کوردستان دا
(ئه‌م وتاره‌ تازه‌ کراوه‌ته‌وه‌)
وێنه‌که‌م له‌ کوردستان تێڤێ وه‌رگرتوه‌
kurdistan.jpg● ئاشق


له‌ ڕۆژانی14ــ18ی دیسامبری ئه‌مساڵ دا فستیواڵێکی هونه‌ری له‌ شاری هه‌ولێر پێک‌هات. زۆر گورووپی هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقا که‌ له‌ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستانه‌وه بانگهیشتن کرابوون، له‌و فستیواڵه‌ دا به‌رهه‌مه‌ هونه‌ری‌یه‌کانی خۆیان پێشکه‌ش کرد

وابزانم به‌شی هه‌ره‌زۆری به‌رنامه‌کانی ئه‌و فستیواڵه‌ به‌ شیوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌ ڕۆژانی به‌ڕیوه‌چوونی فستیواڵه‌که‌ دا له‌ "کوردستان تێڤێ"‌ وه‌ بڵاو بوونه‌وه‌ و دواتریش هه‌ر له‌و کاناڵه‌ ته‌له‌ویزیۆنی‌یه‌وه‌ دووباره‌ بڵاو کرانه‌وه‌. ئه‌وه‌ش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ هه‌موو کورد، و به‌ گشتی خه‌ڵکی دیکه‌ش له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان که‌بایه‌خ به‌ هونه‌ری کورد ده‌ده‌ن، پێک‌هێناکه‌ زۆر نموونه‌ی جوان له‌ مۆسیقا و گۆرانیی کوردی ببینن و ببیسن.

به‌ داخه‌وه‌ من له‌به‌رکار نه‌متوانی هه‌موو به‌شه‌کانی ئه‌م جێژنه‌ هونه‌ری‌یه‌ ببینم، چونکه‌ به‌شی زۆری به‌ ڕۆژ و له‌ کاتی ئاسایی کار دا بڵاو بۆوه‌، به‌ڵام به‌ هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی دیتم زۆری پێ‌گه‌شامه‌وه‌ و خۆشحاڵی کردم. ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ش که لێره‌ و به‌ دره‌نگه‌وه‌ ده‌یاننووسم، ده‌توانن ته‌نیا وه‌ک ده‌ربڕینی هه‌ست و کورته‌ لێدوانێک، و ئیدی نه‌ک وه‌ک ڕاپۆرت و هه‌ڵسه‌نگاندن، بژمێردرێن.

من بێجگه‌ له‌ چه‌ند گورووپی باشووری کوردستان، به‌رهه‌می چه‌ند گورووپی ڕۆژهه‌لات و باکووری کوردستانم دی. به‌رنامه‌ی گورووپێکی "ئێره‌وان"یش هاته‌ سه‌ر سه‌کۆی به‌رنامه‌که‌، که‌ زۆر خۆش بوو و بۆ من وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی هێندێک بیره‌وه‌ریی سه‌رده‌می منداڵی و لاوه‌تی بوو. له‌ بیرمه‌ ئه‌و کات که‌ من له‌ ده‌وره‌ی سه‌ره‌تایی ده‌مخوێند، له‌ دێیه‌که‌مان، ئه‌و ماڵانه‌ی ڕادیۆیان هه‌بوو، هه‌موو ئێواران "ڕادیۆ ئێره‌وان" یان ده‌گرت، که‌ وا بزانم نیوسه‌عاتێک به‌رنامه‌ی بڵاو ده‌کرده‌وه‌ و به‌رنامه‌که‌شی به‌ دیالێکتی کوردیی سه‌روو(کورمانجی) بوو، و نیوه‌ی هه‌واڵ و نیوه‌شی چه‌ند گۆرانیی زۆر خۆش بوون. کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک زۆرجار له‌ ده‌وری ئه‌و ڕادیۆیانه‌ کۆ ده‌بوونه‌وه‌ و گوێیان لێ ده‌گرت. له‌ بیرمه‌ ده‌یانگوت :" ئه‌وه‌ به‌رنامه‌ی کورده‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌ته. له‌ وێ کوردیش ده‌توانێ به‌ زمانی خۆی بخوێنێ و تێکۆشانی کولتووری و فه‌رهه‌نگیی خۆی هه‌بێ" منیش به‌ بی ئه‌وه‌ی چه‌ند و چۆنیی مه‌سه‌له‌که‌م بۆ لێک‌بدرێته‌وه‌، ‌هه‌ر به‌وه‌ که‌ له‌وێ خوێندن به‌ زمانی کوردی هه‌یه‌، خوشحاڵ ده‌بووم و زۆرم که‌یف به‌و قسه‌یه‌ ده‌هات.

چه‌ند بڕگه‌ی هه‌ره‌ جوانی فستیواڵه‌که‌ ئه‌و به‌شانه‌ بوون که‌ گورووپه‌ هونه‌ری‌یه‌کانی سنه‌ و کرماشان واته‌ "کامگاره‌کان"، "عه‌نده‌لیبی‌یه‌کان" و گورووپی" شه‌مس" به‌ڕێوه‌یان بردن. به‌ تایبه‌ت گورووپی شه‌مس که‌ به‌ ناوی کرماشانه‌وه‌ هونه‌ری خۆی نواند ومن بۆ یه‌که‌م جار بوو ده‌مدیتن، هه‌ستێکی تایبه‌تیی له‌ هومێد و خۆشیی به‌ من به‌خشی. له‌ دڵی خۆم دا گوتم چه‌ند خۆشه‌ که‌ ئێستا به‌ چاوی خۆمان ده‌بینین که هونه‌رمه‌ندانی ناوچه‌ جۆراوجۆره‌کانی کوردستان، به‌ که‌رکووک و کرماشانیه‌وه‌‌ له‌ پارچه‌یه‌کی ڕزگارکراوی ئه‌م وڵاته‌ ڕه‌نجدیتووه‌، به‌و هه‌سته‌ جوانه‌وه‌ بۆ کورد و کوردستان ده‌چڕن و هونه‌ری خۆیان خۆیان نیشانی خه‌ڵکی جیهان ده‌ده‌ن. تایبه‌تی‌یه‌کی به‌رچاوی دیکه‌ی ئه‌و گورووپانه‌ که‌‌ زۆر جێگای خۆشحاڵی بوو، هه‌بوونی هونه‌رمه‌ندانی ژن و ده‌وری هه‌ڵسووڕاوانه‌ی ئه‌وان هه‌م له‌ مۆسیقا و هه‌م له‌ گۆرانی دا‌بوو. به‌ ڕاستی ئه‌و ژنه هونه‌رمه‌ندانه‌ گورووپه‌کانیان زیاتر ڕازاندبۆوه‌ و بایه‌خ و چۆنیه‌تیی ئه‌وانیان بردبوه‌ سه‌ر.‌

هه‌روا که‌ چاوم له‌و به‌رنامه‌ جوانانه‌ ده‌کرد، مه‌سه‌له‌یه‌ک که‌ هه‌ر له‌و پێوه‌ندی‌یه‌ دا وه‌بیرم هاته‌وه‌ و له‌ مێشکی خۆم دا لێکم‌دایه‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو که‌ نه‌یارانی کورد به‌ دایم و به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر هه‌وڵیان داوه‌ بیری زیانباری "ناوچه‌گه‌رێتی" له‌ نێو خه‌ڵکی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کان کوردستان دا بڵاو بکه‌نه‌وه‌، به‌م شێوه‌یه تۆوی ناکۆکی‌یان له‌ نێو دا بچێنن، له‌ یه‌کتریان دوور که‌نه‌وه‌ ولاوازیان‌که‌ن و ته‌نانه‌ت زۆر جاریش به‌ گژ یه‌کیان دا بکه‌ن و به‌ شه‌ڕیان ده‌ن. دیاره‌ ئه‌وه‌ش به‌و مه‌به‌سته‌ که‌ بۆ خۆیان بتوانن به‌ باشی له‌ ئاوی لێڵ ماسی بگرن و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و فه‌رهه‌نگیی خۆیان به‌ سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌ دا بپارێزن. ڕابردووی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ نموونه‌ی زۆری له‌و چه‌شنه‌ پیلانانه‌ی دوژمنان تێ‌دا به‌دی ده‌کرێ. بیرم کرده‌وه‌، به‌ ڕاستی ئێستا که‌ هه‌م هه‌ل له‌بارتر و هه‌م کوردیش به‌ حوکمی زۆر لێکدانه‌وه‌ له‌ جاران وشیارتره‌، جێی خۆیه‌تی‌ به‌په‌ره‌پێدانی بیری یه‌کگرتوویی‌یه‌کی پته‌و له‌ هه‌موو شوێنه‌کانی کوردستان، و له‌ ڕێگای سه‌رکه‌وتنمان له‌ خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیمان دا، بوار له‌ دیارده‌ی ناوچه‌گه‌ری به‌ربه‌ست که‌ین و بڕستی خۆنواندنی لێ‌ببڕین.

ئه‌و دیمه‌نه‌ش یه‌کجار جوان بوو که‌ له‌ ڕۆژی ئاخری فستیواڵه‌که‌ دا هه‌موو هونه‌رمه‌نده‌کان چوونه‌ سه‌ر سه‌کۆی پێشکه‌ش کردنی به‌رنامه‌ و هه‌موویان به‌ یه‌که‌وه‌ وبه‌ بێ مۆسیقا چه‌ند بڕگه‌ له‌ سروودی "خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواکه‌ی" یان خوێنده‌وه‌. ئه‌وه‌ش به‌ بڕوای من نیشانه‌ی یه‌کدڵی و یه‌کهه‌ستیی به‌شداران به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌که‌یان بوو. به‌ ڕاستی جوان بوو. کاتێک چاوت له‌ ڕیزی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ ده‌کرد، له‌ نێویان دا سنه‌یی، کرماشانی، هه‌ولێری, دیاربه‌کری، که‌رکووکی و ... وه‌به‌رچاو ده‌هات. ده‌نگیش هه‌ر هه‌مان "خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاوا که‌ی" بوو که‌ له‌ فه‌زای سالۆنه‌که‌ دا ده‌له‌رایه‌وه‌ و په‌یامی یه‌کده‌نگی ده‌دایه‌وه‌.

به‌ دیتنی ئه‌و دیمه‌نه‌ دیسان به‌ خۆم گوت به‌ ڕاستی کوردستان به‌ کرماشان، که‌رکووک، سنه‌، سلێمانی، دیاربه‌کر،هه‌ورامان، مه‌هاباد، ورمێ و هه‌موو ناوچه‌کانیه‌وه‌ جوانه‌ و ده‌توانێ هه‌موو شکۆی خۆی بنوێنێ. ئه‌گه‌ر که‌رکووک دڵی کوردستانه‌، بێ‌گومان کرماشانیش جه‌رگی کوردستان و هه‌رکام له‌ شار و ناوچه‌کانی دیکه‌ش ئه‌ندامێکی له‌شی ئه‌م وڵاته‌ دێرینه‌ن. ئه‌و جار ئه‌و پرسیاره‌م به‌ بیر دا هات که‌ تو خوا حه‌یف نیه‌ هێشتاش و له‌و قۆناخه‌ ناسکه‌ی ژیانی نه‌ته‌وه‌ی کورد دا که‌س، که‌سان، یان لایه‌نی کوردی وا هه‌بن که‌ ده‌ور و گرینگیی یه‌کیه‌تی و یه‌کدڵی له‌ چاره‌نووس و ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان دا تێ‌نه‌گه‌یشتبن و هێشتاش له‌ چوارچێوه‌ی بیری ته‌سکی ناوچه‌گه‌ری دا مابنه‌وه‌؟