دین و ده‌وڵه‌ت له ده‌ستووری تازه‌ی عێڕاق دا: سیکۆلاریزم یان ده‌وڵه‌تی دینی؟
• نووسینی به فارسی: ئه‌حمه‌د زهیدابادی
کارناسی مه‌سه‌له‌کانی ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست

• وه‌رگێرانی بۆ سه‌ر کوردی: ئاشق
ئه‌م وتاره به فارسی له سایتی به‌شی فارسیی بی.بی.سی دا چاپکراوه. وێنه‌که‌ش هه‌ر له و سایته وه‌رگیراوه
کۆمیسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێڕاق ڕایگه‌یاندوه که پێشنووسی ده‌ستووری تازه‌ی ئه‌و وڵاته له ڕاپرسیی ئه‌م دوایییانهی ئه‌و وڵاته دا قبووڵ کراوه.
ئه‌گه‌رچی ئه‌و ده‌ستووره تازه‌یه یه‌کجاری نیه و پاڕلمانی ئه‌و وڵاته ده‌توانێ به ده‌نگی زۆربه، واته دوو له سه‌ر سێی نوێنه‌رانی پاڕلمان هێندێک ڕاستکردنه‌وه و هه‌موارکردنی تێدا پێک‌بێنێ، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی له سه‌ر پێوهندێی نێوان دین و ده‌وڵه‌ت له‌و ده‌ستووره دا هاتوون، به شێوه‌ی ئێستا بمێننه‌وه، ده‌وری دین له ڕێکخستنی ده‌وڵه‌تی ئایندهی عێڕاق دا چ ده‌بێ؟
مۆدێڕنیته و ئه‌زموونی شۆڕشی ئیسلامی
گرینگیی هێنانه گۆڕی ئه‌و پرسیاره له‌وه دایه که وا دیاره کۆمه‌ڵه ئیسلامییه‌کان به تایبه‌ت له ڕۆژهه‌لاتی نێوه‌ڕاست دا بۆ چوونه نێو ئه‌و شته‌ی پێیده‌گوترێ "مۆدێڕنیته"، هێندێک گیروگرفتیان له پێشه و به وته‌ی به‌شێک له خاوه‌نبیران، میرات و نه‌ریته ئاینییه‌کانی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و شێوه‌ی بارهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئیسلام، گرینگ‌ترین له‌مپه‌ری پێش ئه‌و کۆمه‌ڵانه له ڕێگای وه‌رگرتنی بایه‌خه‌کانی مودێڕنیتهن.
ئه‌و له‌مپه‌ره له ڕاستی دا له‌مێژه بۆته مایه‌ی نیگه‌رانیی خاوهنبیره مسوڵمانه‌کان، ئه‌و خاوهنبیرانهی که له لایه‌که‌وه ستایشی ده‌سکه‌وته‌کانی "مۆدێڕنیته" ده‌که‌ن و له لایه‌کی دیکه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و ده‌سکه‌وتانه له گه‌ڵ بایه‌خه‌کانی دینی ئیسلام سازاو و هاواهه‌نگ بکه‌ن.
له‌و جێیه‌وه که ئیسلام به پێچه‌وانه‌ی خوێندنه‌وه نه‌ریتییه‌کان له مه‌سیحییه‌ت خاوه‌نی فێرکرده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه، هێندێک له خاوه‌نبیران پێیانوانیه که جیایی دین له ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه‌ی له ڕۆژاوا پێی ده‌گوترێ "سیکۆلاریزم"، له گه‌ڵ شێوه بیرکردنه‌وه‌ی ئیسلامی بسازێ و له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که ئۆگریی مسوڵمانان به دینی خۆیان، بته‌وێ ـ نه‌ته‌وێ ئه‌وان به‌ره‌و تێکه‌ڵکردنی دین له گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت ده‌با.
ئه‌و باسه به تایبه‌ت پاش ئه‌زموونی دامه‌زرانی ده‌سه‌ڵاتی دینی له ئێران دوای شۆڕشی ساڵی 1357، به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو له جیهانی ئیسلام و ڕۆژاوا دا پهرهیگرتوه. زۆر خاوهنبیر به سه‌رنجدان به ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی دینی له ئێران دا هاتوونه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که تێکه‌ڵکردنی دین و ده‌وڵه‌ت ده‌بێته هۆی ئه‌وه که قسه‌که‌ره ڕه‌سمییه‌کانی دین که‌لکی سیاسی له دین وه‌رگرن و لهونیوهش دا تێکه‌ڵکردنه‌که نه‌ک هه‌ر دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ به پێی پێوانه و ستاندارده جیهانییه‌کان دابین ناکا، به‌ڵکوو ده‌بێته هۆی لاوازبوونی بایه‌خ و ڕێوشوێنه مه‌زهه‌بییه‌کان له ئاستی کۆمه‌ڵ دا، ئه‌و ڕێوشوێنانه که به وته‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه خاوهنبیرانه ، پاراستنی هاوپێوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تی و ساغیی هه‌ڵسوکه‌وتی تاکی و گشتیی له گه‌ڵه.
به‌راوه‌ردی ئیسلام و دێمۆکڕاسی
له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه له‌و بوارانه که پێشتر هه‌ستپێکراو بوون، باس له سه‌ر ده‌وری ئیسلام له ده‌ستووری عێڕاق دا به وردی و تیژبینییهکی زۆری خاوهنبیره مسوڵمان و سیکۆلارهکانهوه درێژه‌ی پێدرا.
وه‌ک ده‌ڵێن له کاتی ئاماده‌کردنی ده‌ستووری عێڕاق دا زۆر باسی گه‌رم و دوور و درێژ و له سه‌ر جێگای شه‌رعی ئیسلام له سیستیمی سیاسیی ئایندهی عێڕاق دا له نێوان لایه‌نه جۆراوجۆره عێڕاقییه‌کان دا هاتۆته گۆڕێ، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئه‌وان گه‌یشتنه ڕێککه‌وتنێک که وا دێته به‌رچاو بکرێ به سوودی سیکۆلاریزم لێکبدرێته‌وه.
به پێی ئه‌و ده‌قه‌ی که ڕۆژنامه‌ی" نیۆیۆڕک تایمز" له ده‌ستووری عێڕاقی بڵاو کرده‌وه، ئه‌و ده‌ستووره پێ له سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێ که ئیسلام ده‌بێته یه‌کێک له سه‌رچاوه‌کانی یاسادانان له عێڕاق. پێداگرتن له سه‌ر ئیسلامیش وه‌ک یه‌کێک له سه‌رچاوه‌کانی یاسادانان دژایه‌تییه‌کی له گه‌ڵ ئه‌سڵی سیکۆلاریزم نیه، چونکه شه‌رعی ئیسلام، کۆیه‌کی گه‌لێک ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌و یاسایانه‌یه که یاسادانه‌ره بێباوه‌ڕ به ئیسلامه‌کانی نێو کۆمه‌ڵه ئیسلامییه‌کانیش لێی بێ‌نیاز نین. شتێک که ده‌یتوانی ده‌ستووری عێڕاق به‌ره‌و تێکه‌ڵکردنی دین و ده‌وڵه‌ت به‌رێ، پێداگرتن له سه‌ر ئیسلام وه‌ک "ته‌نیا" سه‌رچاوه‌ی یاسادانان بوو، که نووسه‌رانی ده‌ستوور به نه‌رمی (خۆیان لێبواردوه و) ملیان بۆ ڕانه‌کێشاوه.
ده‌ستووری عێڕاق له هه‌مان حاڵ دا پێ له سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێ که هیچ یاسایه‌ک له عێڕاق نابێ دژ به بناخه بێئهملاوئهولاکانی ئیسلام بێ، به‌ڵام له خاڵی دواتر دا ده‌سبه‌جێ ده‌ڵێ که هیچ یاسایه‌کی عێڕاق نابێ به پێچه‌وانه‌ی بناخه‌کانی دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ بێ.
ئه‌م دوو خاڵانه‌ی ده‌ستوور ئه‌گه‌رچی به واتای رهسمییهتدان به لێکدانه‌وه‌یه‌ک له ئیسلامه که له گه‌ل دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ ته‌بایی هه‌بێ، به‌ڵام به ئاشکرا ڕێگای باس و وتووێژ له نێوان لایه‌نگرانی سیکۆلاریزم و حکوومه‌تی دینی بۆ لێکدانه‌وه‌ی ده‌ستوور ئاواڵه دێڵێته‌وه. ئه‌وه‌ی که ئه‌و باس و کێشانه به قازانجی سیکۆلاریزم یان حکوومه‌تی دینی یه‌کلا ده‌کاته‌وه، ئه‌و بنیاتهیه که یاساکانی عێڕاق له گه‌ل بناخه بێئهملاوئهولاکانی شه‌رع و دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ به‌راوه‌رد ده‌کا.
بنیاتی هه‌ڵبژێردراو، بنکه‌ی سیکۆلاریزم
له ڕاستی دا پێکهاته‌ی ئه‌و بنکه‌یه و شێوه‌ی پێکهێنانییهتی که ده‌توانی سه‌باره‌ت به سیکۆلار یان دینی بوونی یاساکانی عێڕاق یه‌کلاکه‌ره‌وه بێ.
به پێێ ده‌ستووری عێڕاق "دیوانی به‌رز" به‌رپرسی به‌راوه‌ردکردنی یاسا ئاسایییه‌کان له گه‌ل ده‌ستووره. ئه‌و دیوانه له کۆمه‌ڵیک یاسازان و شه‌رعزان پێکدێ، که پاڕلمانی عێڕاق ژماره‌یان دیاریده‌کا و ئه‌ندامه‌کانی هه‌ڵده‌بژێرێ.
به‌و شێوه‌یه له ده‌ستووری عێڕاق دا، مافی ماناکردنه‌وه و شیکردنه‌وه‌ی ده‌ستوور دراوه به دیوانی به‌رز، به‌ڵام پێکهاته‌ی ئه‌و دیوانه و ئه‌وه که ئه‌ندامانی دیوان به لای چ چه‌شنه بیرکردنه‌وه‌یه‌ک دا ده‌شکێنه‌وه، له ئه‌ستۆی پاڕلمانه. به واتایه‌کی دیکه پاڕلمانی عێڕاق که بنیاتێکی هه‌ڵبژارده‌یه، له هه‌موو بنکه و بنیاته‌کانی دیکه به ده‌سه‌ڵاتتره و قسه‌ی ئاخری ده‌کا و هه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش ماهیه‌تی سیکۆلار به ده‌ستووری عێڕاق ده‌به‌خشێ.
له ڕاستی دا مانای سیکۆلاریزم ئه‌وه نیه که یاساکانی شه‌رع له سیستیمی یاسادانانی وڵاتێک دا جێگایان نه‌بێ، به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر یاساکانی شه‌رع له ڕێگای بنیاتێکی عورفی و هه‌ڵبژارده‌وه په‌سند بکرێن، سیکۆلاریزم زه‌ده‌دار نابێ.