كــــــــورتهچیرۆك
كــــــــورتهچیرۆك( ئه‌ده‌بی)
دیاریی ئه‌وین
‹› نووسینی به سوێدی: ئارام ئیسماعیلی
‹› وه‌رگێڕان بۆ سه‌ر كوردی: ئاشق
(كچه تاوێكی باش قسه‌ی كرد. دوایه بێده‌نگییه‌كی كڕ هاته پێش كه كچه سه‌ری لێی سوڕ ما. ئه‌و چاوه‌ڕوان بوو "سیمۆن" له به‌رامبه‌ر قسه‌كانی دا وه‌ڵامێك بداته‌وه. به‌ڵام سیمۆن له ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه دا هه‌ر چاوی بڕیبوه ئه‌و و بێده‌نگ بوو. ڕوانینه‌كه‌ی بێ‌گیان بوو، له ڕوخساری دا بێهێزی ده‌خوێندرایه‌وه و ڕه‌نگی به ڕوانه‌وه نه‌مابوو.
سه‌ره‌نجام كچه‌كه بێده‌نگیی شكاند:
ـ بۆ هیچ ناڵێی؟!بۆ وا بێده‌نگی؟! ئه‌و بێده‌نگی و ڕامانه‌ت له قسه‌كردن به ماناترن. سیمۆن ئه‌و ماتبوونه‌ت له ئه‌شكه‌نجه ناخۆشتره. تكایه زارت بكه‌وه و شتێك بڵێ!
ماوه‌یه‌كی دیكه‌ش هیچیان قسه‌یان نه‌كرد و پاشان كاتێك بێده‌نگییه‌كه گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕی قووڵایی خۆی، سیمۆن به ئارامی وه‌قسه هات. ده‌نگی كز و بێهێز و هه‌ر له‌وحاڵه‌ش دا لێبڕاو بوو:
ـ ڕۆژێك من فریشته‌یه‌كم هه‌بوو كه له هه‌موو فریشته‌كانی دیكه جوانتر و نازدارتر بوو. ئه‌و فریشته‌یه دڵی منی له ده‌ریای ئه‌وین دا وه مه‌له خست. وای لیكردم كه پێموابوو خه‌مه بێكۆتایییهكانی من بۆ هه‌تا هه‌تایه ده شه‌پۆلی شادی دا ون ده‌كا و ژیانی من بۆ به‌هه‌شتی واده‌پێدراو ده‌گوێزێته‌وه. ئێستا هه‌ر ئه‌و فریشته‌یه دڵی منی، به هۆیه‌ك كه هه‌ر خۆی ده‌زانێ چییه، شكاندوه. هه‌رئه‌و دڵه‌ی كه خۆی له شووشه‌ی ناسكی ئه‌وین دروستی كردبوو.
ئێستا من ئه‌و پرسیاره له تۆ ده‌كه‌م: بڵێی ڕۆژێك كه‌سێك په‌یدا بێ كه بتوانێ ئه‌و لهتوكوته شووشه شكاوانه‌ی دڵی من به یه‌كه‌وه بنووسێنێته‌وه و دڵێكی ساغی وای لێ پێك بێنێته‌وه كه بتوانێ جارێكی دیكه خوێن به له‌شی من دا بڵاو بكاته‌وه؟
كچه ده‌ستی به گریان كردبوو و فرمێسكه‌كانی به سه‌ر گۆنایه‌وه ڕیزیان به‌ستبوو، به‌ڵام سیمۆن هه‌روا درێژه‌ی به قسه‌كانی ده‌دا:
ـ دیاره وه‌ڵامه‌كه بێجگه له "نا" شتێكی دیكه نیه. ئه‌و دڵه هه‌رگیز وه‌ك خۆی لێنایه‌ته‌وه، چونكه تۆ نه‌ك هه‌ر ئه‌و دڵه‌ت شكاند، به‌ڵكه پارچهكانیشیت وا تووڕ هه‌ڵدان كه كه‌س ناتوانێ بیاندۆزێته‌وه.
سیمۆن دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌ی به كچه‌كه گوت، هه‌ستا سه‌ر پێ و بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت یه‌ك جاریش ئاوڕ بداته‌وه دوای خۆی، له وێ دوور كه‌وته‌وه. كچه‌كه هه‌ر وا ده‌گریا، به‌ڵام هه‌ر له‌و كاته دا كه خه‌م تا قووڵایی دڵی چووبوو، هه‌ستی به چه‌شنێك سووكبوون ده‌كرد، چونكه ئیدی داستانه‌كه كۆتایی پێهاتبوو)
ئیدوارد" له‌و شوێنه ڕاوه‌ستا. ده‌یزانی چی دیكه‌ی درێژه پێنادرێ. له جیاتییان ده مامۆستاكه‌یه‌وه ڕاما كه به سه‌رسوڕمانه‌وه پێی وابوو ئه‌ویش وه‌ك هه‌موو خوێندكاره‌كانی دیكه تا ئێستا خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی بوه.
پاشان ئیدوارد، وه‌ك جاران ، سه‌ری هه‌ڵێنا، ده میچی خانوه‌كه‌وه ڕاما و بیری كرده‌وه:
"ئه‌گه‌ر منت خۆشده‌وێ، بۆچی من نابهیهوه. من ده‌مه‌وێ له په‌نجه‌ره‌ی دیمه‌نی جوانی تۆوه ئه‌و شته ببینم كه تۆ ده‌یبینی! ده‌مه‌وێ تۆ من به‌ریه‌وه چونكه له قووڵایی ئێش و خه‌فه‌تێكی بێكۆتایی دا خنكاوم و دڵی من وه‌ك ئه‌شكه‌وتێكی بێ بن، به‌تاڵ و كونه"
ئیدوارد دوای ئه‌و ڕاز و نیازه له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداری ده‌سه‌ڵاتداران (خوا)، ویستی درێژه به نووسینه‌كه‌ی خۆی بدا. ویستی وه‌ك خوێندكاره‌كانی دیكه خه‌ریكی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ته‌كلیفه بێ، كه مامۆستا بۆی دانابوون، به‌ڵام بیری خۆی بۆ كۆ نه‌بۆوه. نه‌یتوانی. هه‌روا به حاڵێكی په‌شێو و ڕوخسارێكی تێكچڕژاو و ڕاماوه‌وه، كه مرۆڤی لێدهسڵهمییهوه، مایه‌وه.
كاتێك ده‌رسه‌كه ته‌واو بوو، مامۆستاكه كه مامۆستای زمان بوو، ویستی قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكا. ئیدوارد ده‌یزانی كه ئه‌و سه‌باره‌ت به ده‌رس و هه‌وڵ و تێكۆشانی له خوێندنگه دا پرسیاری لێده‌كا. له‌سه‌ره‌خۆ چوو بۆ لای مامۆستاكه كه ناوی "خانمی ساندریوس" بوو و له به‌رامبه‌ری دانیشت. زۆر ئاسایی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ماڵێ له گه‌ڵی دانیشتبێ. مامۆستاكه چاوێكی لێ‌كرد و پاشان له ڕووی لاپه‌ڕه كاغه‌زێكه‌وه كه به ده‌ستییه‌وه بوو، ده‌ستی به خوێندنه‌وه كرد:
ـ" خۆر به تیشكه هه‌میشه زیندووهكانییهوه له سه‌رمان ده‌دره‌وشێته‌وه و خۆشی و شادیمان پێده‌به‌خشێ، به‌ڵام كاتێك دره‌وشانه‌وه‌ی ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی خۆی، ده‌بێ ئێمه وشیاری خۆمان بین، چونكه دوور نیه به گه‌رمایه‌كه‌ی كه ئه‌وجار وه‌ك گه‌رمیی نه‌وازشی ده‌ستی شه‌یتان خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌وسه‌ری ده‌ماره ورد و درشته‌كانی له‌شمان، بمانسووتێنێ و بمانكاته خه‌ڵووز"
هه‌ر كه خانمی ساندریۆس ده‌ستی به خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كه كرد، ئیدوارد زانی كه ئه‌و یه‌كێك له‌و لاپه‌ڕه كاغه‌زانه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه، كه زمانی حاڵ و ئاوێنه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌ون.
ـ ده‌توانی پێم بڵێی مانای ئه‌و نووسراوه‌یه چییه؟
دڵی ئیدوارد كه‌وته لێدانێكی توند و سه‌رتاپێی له‌شی وه‌له‌رزین كه‌وت. هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵێ هه‌ڵكێشا، كه خانمی ساندریۆس به باشی گوێی لێ بوو. پاشان به ده‌نگێكی دوودڵ و سه‌بر ده‌ستی به قسه‌كردن كرد:
ـ من ئه‌وه‌م هه‌روا... له خۆڕا نووسیوه و نازانم یانی چی!
ئه‌ڵبه‌ت خانمی ساندریۆس باوه‌ڕی به‌و خوێندكاره مێرمنداڵه‌ی كه وه‌ك باڵنده‌یه‌كی ترسا‌و خۆی كۆ كردبۆوه و نه‌یده‌ویست له‌و باره‌وه بدوێ، نه‌كرد. ئه‌وه‌ی زۆرتر ئه‌وی هان ده‌دا كه وه‌دوای پێوشوێنی حاڵی ئیدوارد بكه‌وێ و پرسیاری لێ‌بكا، ئه‌و به‌شه‌ی تێكسته‌كه بوو كه ڕهشتركرابوو، زه‌ق كرابۆوه و زۆریش جوان بوو. ده‌یه‌ویست بزانێ به‌ڕاستی ئیدوارد كه سه‌رانسه‌ری ئه‌و نیوه‌ساڵه‌ی خوێندن هه‌میشه بێده‌نگ و مات بووه و خه‌مبار هاتۆته به‌رچاو، حاڵی باشه و پێویستیی به یارمه‌تی نیه؟!
ئیدواردههستا و ڕۆیی. كه گه‌یشته ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه، هه‌ناسه‌ی قه‌دیس ماوی نێو سینگی دا ده‌رێ.
هه‌ر له كاتی ده‌رسه‌كه دا ئیدوارد بڕیاری دابوو، دوای ته‌واوبوونی ئه‌و سه‌عاته ده‌رسه بچته كتێبخانه‌ی خوێندنگه و درێژه به نووسینه‌كه‌ی بدا. ئێستاش هه‌ر وای كرد. به‌ڵام كاتێك له كاغه‌زه‌كانی گه‌ڕا، نه‌یدۆزینه‌وه. ورده ورده په‌رێشان بوو. ئه‌و كاغهزانه بۆ ئه‌و زۆر به نرخ بوون. نه‌یده‌زانی چی لێكردوون. له خۆی ناڕه‌حه‌ت بوو و لۆمه‌ی خۆی ده‌كرد كه بۆ ده‌بێ هێنده فه‌رامۆشكار و شپڕێو بێ!
له به‌ختی به‌د، خانمی ساندریۆس كه هێشتا له ژووری پۆله‌كه مابۆوه، چاوی به‌و كاغهزانه كه‌وتبوو كه كورته‌چیرۆكه ناته‌واوه‌كه‌یان لێ‌نووسرابۆوه و له ژێر مێزه‌كه‌ی ئیدوارد كه‌وتبوون. هه‌روا له ڕووی كونجكاوییهوه خوێندبوونیه‌وه و پاشان هاتبوه ده‌رێ و به دوای نووسهرهكهریان دا ده‌گه‌ڕا.
ئیدوارد كه هێشتا هه‌ر له كتێبخانه‌كه دانیشتبوو، دوای ماوه‌یه‌ك بیركردنه‌وه هاته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه كه ده‌بێ كاغه‌زه‌كان هه‌ر له ژووری ده‌رسخوێندن به جێ‌مابن و ڕاست له‌وكاته دا كه ده‌یه‌ویست هه‌ستێ بچێته‌وه ئه‌وێ و بیانهێنێته‌وه، خانمی ساندریۆسی دیت كه به هه‌نگاوه ورد و پته‌وه‌كانی وه‌ژوور كه‌وت. ئیدوارد دانیشته‌وه، چونكه ده‌سبه‌جێ زانی كه ئه‌و نووسراوه‌كه‌ی ئه‌وی دیتۆته‌وه و هاتوه بیداته‌وه. خانمی ساندریۆس له به‌رامبه‌ری ئه‌و دانیشت و زۆر له سه‌ره‌خۆ و ئارام گوتی:
ـ ئه‌و كاغهزانهت لێبهجێمابوون،
ـ گه‌لێك سوپاس كه هێناوتنه‌وه.
پاشان خانمی ساندریۆس چاوێكی له ئیدوارد كرد و به تێڕوانینێكه‌وه كه له به‌ر چاوی ئیدوارد جیاواز له كاتی ئاسایی بوو، گوتی:
- ئیدوارد؛ ئه‌وه‌ی تۆ لێره نووسیوته، زۆر باشه. من نه‌مده‌زانی تۆ ده‌توانی شتی ئاوا بنووسی! من ده‌مدی تۆ بێده‌نگ بووی و هه‌ر له ده‌روونی خۆت دا ده‌ژیای. ئاكام و پله‌ی باشیشت له تاقیكردنه‌وه‌كان دا نه‌هێناوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێستا كه ئه‌و كورته‌چیرۆكه ناته‌واوه‌ت ده‌بینم، وه‌ڵامی زۆر پرسیارم سه‌باره‌ت به تۆ وهدهستكهوتوه.
ئیدوارد نه‌یده‌زانی چ بكا یان چ بڵێ. بیری كرده‌وه: "به راستی ئه‌و ده‌زانی بۆچی؟! به‌ڵام ئه‌گه‌ر بشزانێ، خۆ من له ڕووم هه‌ڵنایه باسی ئه‌و هۆیه‌ی له لا بكه‌م و له‌و باره‌وه بدوێم. مرۆڤ شتی وا ڕه‌نگه له لای دۆست و هاواڵانی باس بكا، به‌ڵام له لای مامۆستای خۆی نا".
خانمی ساندریۆس درێژه‌ی به قسه‌كانی دا:
ـ پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ت له گه‌ڵ ئه‌و كچه بۆ بێته پێش، ده‌تتوانی ئاوا بنووسی؟
ئیدوارد پێی خۆش بوو یه‌كجێ هه‌ستێ له‌وێ بڕوا و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ناخۆشانه‌ی خانمی ساندریۆس نه‌داته‌وه، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی بۆخۆی بیه‌وێ، وه‌ڵامی دایه‌وه و به ده‌نگێكی له‌رزۆك گوتی:
ـ نا، نه‌مده‌توانی خانمی ساندریۆس!
ـ كه‌وابوو چیدی ده‌ربه‌ستی ئه‌و كچه مه‌به و ته‌نانه‌ت له ڕوانگه‌یه‌كی باشیشه‌وه چاو له‌و ڕووداوه بكه!
ئیدوارد له‌و قسه‌یه سه‌ری سوڕ ما، "چ لایه‌نێكی باش ده‌توانێ ده‌و به‌سه‌رهاته دا كه ناخۆشترین ڕووداوی تا ئێستای ژیانیه‌تی، هه‌بێ؟!"
خانمی ساندریۆس درێژه‌ی به ئامۆژگارییه‌كانی دا:
ـ ئه‌تۆ شتێكی به نرخت وه‌گیر كه‌وتوه كه زۆر كه‌سی دیكه نیانه. ئه‌وه‌ش به‌رهه‌می ئه‌و ڕووداوه‌یه. نووسین له ئاستێك دا كه زۆر كه‌سی دیكه ده توانایان دا نیه، شتێكه كه تۆ بێگومان ده‌بێ شانازیی پێوه بكه‌ی ئیدوارد! من زۆرتر له‌وباره‌وه نادوێم و دڵنیا به ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ش بۆ كه‌سی دیكه‌ش ناگێڕمه‌وه.
خانمی ساندریۆس چی دیكه‌ی نه‌گوت، ته‌نیا خواحافیزیی لێ‌كرد و گه‌ڕایه‌وه بۆ ژووری دهرسگوتن.
دوای ڕۆیشتنی ئه‌و له كتێبخانه‌كه، ئیدوارد هه‌ر دانیشت و بیری كرده‌وه. هه‌ستی كرد شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وجاری جیاوازیی هه‌یه. دوای ماوه‌یه‌ك ، وه‌ك جاران( كه له‌مێژ بوو پێی ڕاهاتبوو) سه‌ری هه‌ڵێنا و له گه‌ڵ كه‌سی بێكه‌سان كه‌وته وتووێژ:
"ترووسكه‌ی ڕووناكایییهك له ژیانی من دا هه‌یه كه له ده‌روونی ڕه‌شی منه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه. ئه‌و ڕووناكایییه له به‌رامبه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی ناله‌بار دا خۆی ده‌رخست. به ڕاستی سه‌یره! چاره‌نووس ده‌توانێ ئاوا هه‌ڵس و كه‌وت له گه‌ڵ ژیانی ئێمه بكا".
هه‌ر دوای ئه‌و ڕاز و نیازه‌ش په‌ڕه كاغه‌زێكی هه‌ڵگرت و ده‌ستی به نووسین كرد:
"وشه‌یه‌كی وا نادۆزمه‌وه بتوانم هه‌ستی خۆمی پێ ده‌ربڕم. فرمێسكیشم هێنده نه‌ماون، كه بڵێم به‌سه، چیدی مه‌رژێنه‌خوار! من خه‌مبارترین پیاوی دنیا نیم، به‌ڵام بۆچی، له دنیای خۆم دا خه‌مبارترینم.
كوانێ ئه‌و گوڵه جوانه‌ی كه من چاوه‌ڕوان بووم هه‌تاهه‌تایه بۆنی بكه‌م، یان هه‌رنه‌بێ چاوی لێبكه‌م؟ من هه‌رگیز ناتوانم جارێكی دیكه بیبینمه‌وه، چونكه یه‌كێكی دیكه چنیویه"
كاتێك ئیدوارد ئه‌وه‌ی نووسی و بیری لێكرده‌وه، تێگه‌یشت كه به قه‌ڵه‌مێك و كاغه‌زێك ده‌توانێ چ شتێكی جوان و گرینگ بكا. ئیدی دانیشت و سه‌رانسه‌ری ئه‌و دوانیوه‌ڕۆیه درێژه‌ی به نووسین دا. ئه‌و لایه‌نه باشه‌ی كه مامۆستاكه‌ی باسی كردبوو و به ڕاستیش پێویستیی پێی هه‌بوو، هاتبوه نێو ژیانی ئه‌وه‌وه و به چاكی هه‌ستی پێده‌كرد.