بڕیارنامه‌ی 1546
. ئاشق
دوای ده‌رچوونی بڕیارنامه‌ی 1546ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، سه‌باره‌ت به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ خه‌ڵكی عێراق، سێبه‌ری حكوومه‌ت، یان بابڵێین چوارچێوه‌یه‌كی تا ڕاده‌یه‌ك دیار له شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات و به گشتی چاره‌نووسی سیاسیی ئه‌و وڵاته له ئاینده دا ده‌ركه‌وت. هه‌رچه‌ند ئه‌و حكوومه‌ته‌ش كاتی‌یه و جارێ تا سه‌قامگیر بوونێكی نیسبیش ده‌بێ ڕێگایه‌كی دوور و پڕ گیروگرفت بپێوێ، به‌ڵام ده‌رچوونی ئه‌و بڕیارنامه‌یه له به‌راوه‌رد كردن له‌گه‌ڵ وه‌زعی سیاسیی ئه‌و وڵاته و خه‌ڵكه‌كه‌ی، بارودۆخی ناوچه و سیاسه‌تی ڕۆژی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و به گشتی هاوپه‌یمانان دا، ده‌كرێ وه‌ك هه‌نگاوێكی باش و موسبه‌ت به‌ره‌و دانانی بناخه و داكوتانی پایه‌ی حكوومه‌تێكی قانوونیی دوای دیكتاتۆریی به‌عس بژمێردرێ. چونكه بڕیارنامه‌كه وێڕای به ڕه‌سمی ناسین و شه‌رعیه‌ت دان به ده‌وڵه‌تێك كه ماوه‌یه‌كی كه‌م پێش ده‌رچوونی بڕیارنامه‌كه، به هاوكاریی مه‌جلیسی حوكم، كاربه‌ده‌سته ئه‌مریكایی‌یه‌كان و لایه‌نه خاوه‌ن سوود و پێوه‌ندیداره عێراقی‌یه‌كانه‌وه پێكهاتبوو، و له ڕۆژی 30 ی ژووێن دا قه‌راره به ته‌واوی ده‌سه‌ڵات به ده‌سته‌وه بگرێ، له ڕاستی دا پشتیوان و پاڵپشتێكی نێو نه‌ته‌وه‌ییشه بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ته تازه دامه‌زراوه كاتی‌یه له كار و تێكۆشان و له نێوبردنی گیروگرفته‌كانی سه‌رڕێگای دا، كه دیاره جارێ وێناچی به هاسانی به‌ڕێوه بچن و جێبه‌جێ بكرێن.
وه‌ك دیتمان ده‌سبه‌جێ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی ده‌رچوونی بڕیارنامه‌كه، وڵاتانی گرووپی 8، واته ئه‌مریكا، بریتانیا، فه‌ڕانسه، ئالمان، ژاپۆن، ڕووسیه و ئیتالیا و زۆربه‌ی وڵاتانی دیكه‌ی جیهانیش له گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێی عێراق پشتیوانی‌یان له بڕیارنامه‌كه كرد. له نێو هێزه سیاسی و لایه‌نه عێراقی‌یه‌كان له نێوخۆی عێراقیش دا پێشوازیی لێكرا. وا ده‌ركه‌وت كه حكوومه‌تی تازه جێگای ڕه‌زامه‌ندیی ئایه‌توڵڵاسیستانی و لایه‌نه ئاینی‌یه شیعه و سوننی‌یه‌كانی دیكه‌شه. ته‌نانه‌ت موقته‌دا سه‌دری توندڕه‌ویش ـ كه ئیدی ئه‌و هاتو هووتی هه‌وه‌ڵێی نه‌ماوه ـ به شێوه‌ی مه‌رجدار حكوومه‌ته‌كه‌ی قبووڵ كرد.
به‌ڵام ده‌رچوونی بڕیارنامه‌كه نه‌ك هه‌ر كوردی خۆشحاڵ نه‌كرد، به‌ڵكه وێڕای پێكهێنانی ترس و نیگه‌رانی له چاره‌نووسی ئاینده‌ی ، ده‌كرێ بڵێین زه‌نگی مه‌ترسی‌یه‌كیش بوو، كه لایه‌نی كورد به گشتی و دوو ڕێكخراوی سه‌ره‌كی، واته یه‌كیه‌تی و پارتیی وشیار كرده‌وه كه بۆ یه‌كه‌م جار دوای شه‌ڕی ڕزگاریی عێراق و له بناخه دا دوای قۆناخێكی دوور و درێژ، دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانیی ئه‌مریكا و ئینگلیس، هێندێك زیاتر له وه‌زعه‌كه ورد بنه‌وه و به چاوێكی گوماناوی‌یه‌وه چاو له ده‌رچوونی بڕیارنامه‌كه به‌و شێوه و نێوه‌رۆكه‌وه بكه‌ن.
له بیرمانه كاتی باس كردن و بڕیاردان له‌سه‌ر یاسای بنه‌ڕه‌تیی كاتیی حكوومه‌تی عێراق دا كورده‌كان تا ڕاده‌یه‌كی باش ئیبتیكاری كاره‌كه‌یان به ده‌سته‌وه بوو و به به‌شداریی هه‌ڵسووڕاوانه و كه‌لك وه‌رگرتن له وه‌زنی سیاسی و دیپلۆماتیی خۆیان توانیان هه‌م ئه‌سڵی ئیداره‌كردنی وڵات به شێوه‌ی فیدڕاڵی له یاساكه دا بگونجێنن و هه‌م بۆ پاراستنی مافی كه‌مایه‌تی ( كه كورد بۆخۆی له عێراق دا كه‌مایه‌تی‌یه) و له ڕاستی دا بۆ ئه‌وه‌ی سیستیمی فیدڕاڵیی كوردستان وده‌سكه‌وته دێمۆكڕاتی‌یه‌كانی عێراق پشتیان به ده‌قی یاسای بنه‌ڕه‌تی ئه‌ستووربێ و به گشتی له ئاینده دا مه‌ترسی‌یان له سه‌ر نه‌بێ، ئه‌و خاڵه‌شیان له یاسای كاتی دا گونجاند، كه باسی ئاماده كردنی ڕه‌شنووسی یاسای بنه‌ڕه‌تیی هه‌میشه‌یی و ڕاپرسیی گشتیی كردن له‌سه‌ری ده‌كا:
" ڕاپرسی‌یه‌كه به سه‌ركه‌وتوو له قه‌ڵه‌م ده‌درێ و ڕه‌شنووسی ده‌ستووره‌كه به په‌سندكراو داده‌ندرێت ئه‌گه‌ر زۆربه‌ی ده‌نگده‌رانی عێراق ڕازی بوون له سه‌ری و ئه‌گه‌ر دوو له سه‌ر سێی ده‌نگده‌رانی سێ پارێزگا ڕه‌فزیان نه‌كرد" ( به‌ندی ج له ماده‌ی 61، یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ قۆناغی ئینتیقالی، وه‌رگێڕانی ڕۆژنامه‌ی خه‌بات ژماره 1382، چوارشه‌ممه 10 ـ 3 ـ 2004 )
هێنانی ئه‌و خاڵه شتێكی زۆر به جێ بوو كه ترسی خه‌ڵكی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ده‌ڕه‌واند. چونكه ئاشكرایه ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ گه‌ڵاڵه‌كه، كه ده‌بێته پێڕه‌وێكی هه‌میشه‌یی له داهاتوو دا، به پێی كه‌مایه‌تی و زۆرایه‌تیی ده‌نگ په‌سند بكرێ و مافه‌كان دیاری بكا، له‌وانه‌یه بێجگه له زۆر ئه‌سڵی دێمۆكڕاتی بۆ هه‌مووی عێراق، هه‌موو ئه‌و په‌سند كراوانه‌ش كه مافی نه‌ته‌وایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی فیدڕاڵی كوردستان ده‌گرنه‌وه، ڕه‌د بكرێنه‌وه و یاسای تازه‌ی له‌و بابه‌ته‌ش كه قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی كوردی تێدا بێ، قبووڵ نه‌كرێن. چونكه كورد وه‌ك كه‌مایه‌تی ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی ده‌توانێ كه‌مێك زیاتر له 25 له سه‌دی ده‌نگه‌كانی هه‌بێ. به‌ڵام به پێی ئه‌و خاڵه ده‌توانێ هه‌ركات مه‌ترسی‌یه‌كی ئه‌وتۆ له توێی گه‌ڵاله، یان ڕه‌شنووسه‌كه دا بێنه گۆڕێ، به پشت به‌ستن به ده‌نگی سێ پارێزگا(ئوستان)ی كوردستان، به‌رگری له په‌سند كران و به ڕه‌سمی كرانی بكا.
هه‌رئه‌وكات هێندێك لایه‌نی عێراقی و به تایبه‌ت ئایه‌توڵڵا سیستانی كه وا دیاره چاویان به وه‌دیهاتنی به‌شێك له ئاواته ئینسانی و نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌كانی گه‌لی كورد له‌و به‌شه‌ی كوردستان هه‌ڵنایه، به توندی به دژی ئه‌و خاڵه وه‌ستان و ئه‌وه‌یان به له سه‌ربوونی ده‌نگی كورد دانا. له حاڵێك دا دنیا ده‌زانێ كه كورد نه له ڕابردوو دا زیانی بۆ ئه‌وان هه‌بوه و نه له داهاتووش دا ده‌یه‌وێ مافێكی ئه‌وان به كه‌لك وه‌رگرتن له‌و هه‌لومه‌رجه بفه‌وتێنێ. له ڕاستی دا به دایم هه‌ر كورد كه‌وتۆته به‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی و زیانی له ده‌روجیرانی خۆی دیوه. سه‌ره‌نجام سیستانی نامه‌ی بۆ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش نووسی و وڕایگه‌یاند كه یاسای كاتی له به‌ر ئه‌و خاڵه كه به بۆچوونی ئه‌و و هاوبیرانی مافی وێتۆ ده‌دا به كوردان قبووڵ ناكا. ته‌نانه‌ت به ئاشكراش ڕایگه‌یاند كه به باش ئیشاڕه پێكرانی ئه‌و یاسا كاتی‌یه له بڕیارنامه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دا، ده‌بێته هۆی نرانه‌وه‌ی ئاژاوه و دووبه‌ره‌كی له سه‌رانسه‌ری عێراق دا. ئه‌و وته‌یه له په‌رده دا مانای ئه‌وه بوو كه خۆی به هه‌ر جۆرێك بكرێ، ته‌نانه‌ت به نرخی نرانه‌وه‌ی ئاژاوه و ناكۆكیش، له جێگرتنی ئه‌و یاسایه و گه‌یشتنی كورده‌كان به‌و ماف و ئازادی‌یانه كه له وێ دا دیاری كراون، به‌رگری ده‌كا. ده‌نا ئه‌و یاسایه چ زیانێكی بۆ ئه‌و و له بناخه دا لایه‌نی شیعه و خه‌ڵكی عێراق هه‌بوو، كه ئه‌و به‌و جۆره هه‌ڵوێستی له سه‌ر بگرێ و به نووسینی نامه بۆ كوفی عه‌نان ئاوا به ئاشكرا به دژی ڕاوه‌ستێ.
به‌هه‌رحاڵ بڕیارنامه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌و شێوه‌یه كه دیتمان و به بێ هیچ چه‌شنه ئیشاڕه‌یه‌ك به یاسای كاتی كه ئه‌و خاڵه‌ی تێدا گونجابوو، ـ دیاره دوای باسێكی زۆر و چه‌ند جار ئاڵوگۆڕ تێدا پێكهێنان ـ ده‌رچوو. هه‌رچه‌ند له بڕیارنامه‌كه دا به ڕاشكاوی باسی سیستیمی فیدڕاڵی و دێمۆكڕاتیی عێراق كراوه، به‌ڵام ئیشاره نه‌كردن به یاسای كاتی وه‌ك بناخه‌یه‌ك، كه كورد له په‌سندكرانی دا هه‌ڵسووڕ بوو، به ده‌سكه‌وتێكی گرینگی له بواری دابینكرانی ئامانجه كانی خۆی دا داده‌نا و خه‌ڵكی كوردستان، ته‌نانه‌ت له پارچه دابه‌شكراوه‌كانی دیكه‌ش ئاوا به پیری‌یه‌وه چوون و جێژنیان بۆ گرت، جێگای پرسیار و ناهومێدبوون له دۆستان و بیركردنه‌وه بوو.
كورد به گشتی دوای ئه‌و ڕووداوه له خۆی پرسی: "بڵێی ئه‌و جاریش به‌رژه‌وه‌ندیمان نه‌خرابێته پێناوی قازانجی لایه‌نه‌كانی دیكه و سه‌ودا به ماف و چاره‌نووسمان نه‌كرابێ؟" ئه‌وه‌ش پرسیارێكی به جێ بوو. چونكه وه‌ك له هه‌واڵه‌كان ده‌رده‌كه‌وێ، هه‌ر له‌و سه‌ر و به‌نده دا له كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه‌ی له زه‌مانی ڕێژیمی پێشوو دا به عه‌ره‌ب كراون و كێشه‌یه‌كی چاره‌سه‌رنه‌كراویان له‌سه‌ره، ده‌سه‌ڵاتی هاوپه‌یمانان ده‌رحه‌ق به خه‌ڵكی كورد كه‌مته‌رخه‌می و ساردی‌یان نیشان داوه. بۆ وێنه كرده‌وه و هه‌ڵوێسته‌كانیان له سه‌ر هێندێك شتی وه‌ك هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان و زمانی كوردی و مه‌سه‌له‌ی ئاواره‌كان له شاری كه‌ركووك، به ئاشكرا له خزمه‌تی گۆڕینی پارسه‌نگی هێز به قازانجی غه‌یره كورده‌كان دا بووه، له حاڵێك دا زۆر باش ده‌زانن كه مه‌سه‌له‌ی كه‌ركووك بۆ كورد گرینگی‌یه‌كی تایبه‌تیی هه‌یه، یه‌كێك له گیروگرفته هه‌ره سه‌ره‌كی‌یه‌كانه كه چاره‌سه‌ر كردنی بۆ ئاینده دانراوه و كوردیش به ده‌رك كردنی ناسكبوونی وه‌زعی ئه‌و شاره و له سه‌ر ئامۆژگاریی ده‌سه‌ڵاتی هاوپه‌یمانان، به‌رده‌وام هه‌وڵی پاراستنی هێمنایه‌تی و ڕاگرتنی جه‌وی هاوكاری و یه‌كگرتوویی نه‌ته‌وه‌كانی دانیشتووی ئه‌و شاره‌ی داوه.
لێره دا پێمخۆشه ئه‌وه وه‌بیر بێنمه‌وه كه ئه‌و قۆناخه له‌باره‌ی له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌وه به قازانجی كورد ده‌ستی پێكرد و به هێرشی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر عێراق و ئازاد كرانی ئه‌و وڵاته گه‌یشته ئاستێكی باشی گه‌شه‌كردن، هێشتاش هه‌ر وا درێژه‌ی هه‌یه و گه‌لی كورد كه‌لكی باشی لێ‌وه‌رگرتوه. ناكرێ بڵێین به نه‌هێنانی ئه‌و خاڵه له‌و بڕیارنامه‌یه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دا ئیدی هه‌موو شتێك ته‌واو بوو و كورد ده‌راوی ڕوونی نیه ، یان ئه‌وه دیسان كورد به‌ره‌و ئاشبه‌تاڵێكی دیكه ده‌به‌ن! به پێچه‌وانه‌وه به بڕوای من كورد ده‌بێ تێكۆشانی سیاسی و دیپلۆماتیی خۆی له ڕاده‌ی نێوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌یی دا ئه‌و جار زیاتریش به‌رین بكاته‌وه و نه‌ك هه‌ر وره‌ی نه‌یه‌ته خوار و دوو دڵ نه‌بێ، به‌ڵكه به دڵنیایی و هیوایه‌كی زۆرتره‌وه كاری خۆی بكا و هه‌ڵسووڕ بێ. فاكتۆری كورد هێشتاش له ڕه‌وتی سه‌قامگیركردنی دێمۆكڕاتی، ئاشتی و ئاسایش له عێراق دا، هه‌ر وا گرینگه و نه كه‌س ده‌توانێ حاشای لێ‌بكا و نه ده‌سه‌ڵاتی هاوپه‌یمانان و له سه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشیان ئه‌مریكا، ده‌توانێ وه‌به‌رچاوی نه‌گرێ. له‌و پێوه‌ندی‌یه دا دیتمان ده‌سبه‌جێ دوای ئه‌وه‌ی به‌ڕێزان مه‌سعوود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی نامه‌یان بۆ سه‌رۆك بوش نووسی و نیگه‌رانی‌یان سه‌باره‌ت به و مه‌سه‌له‌یه ده‌ربڕی؛ و هاوكات ناڕازی بوونی خه‌ڵكی كوردستانیش له مێدیای جیهانی دا ده‌نگی دایه‌وه، ده‌سبه‌جێ هه‌م ئه‌مریكا و هه‌م ده‌وڵه‌تی ئینگلیس وێڕای ئه‌وه‌ی به ته‌له‌فون پێوه‌ندی‌یان به كاك مه‌سعوود و مام جه‌لاله‌وه كرد، نوێنه‌ریان ناردنه كوردستان و له گه‌ڵ حكوومه‌ته‌كانی هه‌رێم و دوو حیزبی سه‌ره‌كی قسه‌ێان كرد و جارێكی دیكه‌ش پێیان له‌سه‌ر دۆستایه‌تیی و هاوپه‌یمانه‌تیی كورد و پێبه‌ند بوون به قه‌رار و بڕیاره‌كانی پێشتر له گه‌ڵ كورد داگرته‌وه. كه وا بوو كوردستان و كورد له پرۆسه‌ی ئاینده‌ش دا هه‌روا له جێی دیار و گرینگی خۆیان ماونه‌وه.
پێم وانیه ئه‌مریكا و ئینگلیس پێش هێرش بۆ سه‌ر عێراق به‌راوه‌ردی گیروگرفته‌كانیان له‌و ڕاده‌یه دا كه هاتنه پێش، كردبێ. وه‌ك ده‌زانین دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس و دامه‌زرانی ده‌سه‌ڵاتی كاتی، گیروگرفتی سیاسی و نیزامیی زۆر له سه‌ر ڕێگای هاوپه‌یمانان بوه. بێجگه له شه‌ڕ و تێكهه‌ڵچوون له گه‌ڵ پاشماوه‌كانی ڕێژیمی پێشوو، كرده‌وه‌ی تێرۆریستی به‌شێوه‌ی ده‌كرێ بڵێین به‌رده‌وام له لایه‌ن كۆمه‌ڵه تێرۆریسته‌كانی سه‌ر به ئه‌لقاعیده‌وه، شه‌ڕ و كێشه‌ی فه‌للووجه، ئاژاوه‌ی موقته‌دا سه‌در له به‌غدا و كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف، كێبه‌ركێی نێوان شیعه و سوننی، مه‌سه‌له‌ی ئه‌شكه‌نجه‌درانی ئه‌سیران له زیندانی ئه‌بووغوره‌یب و شوێنه‌كانی دی و زۆر مه‌سه‌له‌ی ئاشكرا و ڕه‌نگه نه‌هێنیی دیكه‌ش بوونه گیر‌و گرفتی ڕۆژانه‌ی حكوومه‌تی كاتی و ده‌سه‌ڵاتی هاوپه‌یمانان كه به پێی یاسای نێو نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێ له به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ركردنیان دا به‌رپرس بێ. له باری سیاسیشه‌وه پڕ و پاگه‌نده و دژایه‌تیی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب و زۆر ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی و پیلان و ده‌ستتێوه‌ردانی وڵاتانی دراوسێ و به‌تایبه‌ت ئێران به هۆی ده‌ست هه‌بوون و نفووز له نێو شیعه‌كان دا، به‌رچاو بوو و ئه‌وانه هه‌موو ده‌بوونه هۆی ئه‌وه كه هێندێك ئاڵ‌و گۆڕ و خوار و ژوور له هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی ڕۆژی ده‌سه‌ڵاتی هاوپه‌یمانان دا بێته دی ، كه هێندێك چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوون. بۆ وێنه ئه‌مریكا دوای زیاتر له بیست ڕوژ شه‌ر له فه‌للووجه سه‌ره‌نجام بۆ هێدیكردنه‌وه‌ی ئاژاوه‌ی ئه‌وێ، له‌شكرێكی له سه‌ربازه كۆنه‌كانی عێراق پێك هێنا و ژێنڕالێكی كۆنه به‌عسی بۆ كردنه فه‌رمانده و به‌و شێوه‌یه شه‌ڕه‌كه‌ی كۆتایی پێهێنا، له حاڵێك دا ساڵێك پێشتر و دوای ڕووخانی ڕێژیم ئه‌رته‌شی به‌عسی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندبوو و به هه‌ڵوه‌شاوه‌ی ڕاگه‌یاندبوو.
ئه‌مریكا كه له گه‌ڵ هاوپه‌یمانانی، زیاتر له ساڵێك پێشتر، به بێ پشت به‌ستن به په‌سند كردن و یارمه‌تیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هێرشی كردبوه سه‌ر عێراق، به بڕوای من ئه‌مڕۆ دوای ته‌جره‌به‌كردنی ئه‌و گیروگرفت و گرێ‌وگۆڵانه، و له به‌ره‌به‌ری سپاردنی ده‌سه‌ڵات به ده‌وڵه‌تی كاتی عێراق دا پێویستیی ته‌واوی به په‌سند كرانی بڕیارنامه‌یه‌كی ئه‌وتۆ له لایه‌ن ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه، له بواری گوێزتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ ده‌وڵه‌تی كاتیی تازه‌ی عێراق دا هه‌بوو. ئه‌و بڕیارنامه‌یه یارمه‌تی‌یان ده‌دا كه قورسایی باری به‌رپرسایه‌تیی بارودۆخی ئاڵۆزی عێراق لانی كه‌م تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو له سه‌ر ئه‌وان كه‌م بێته‌وه. وێده‌چێ هه‌ر بۆیه‌ش له سه‌ر گونجاندنی ئێشاڕه‌یه‌ك به یاسای بنه‌ڕه‌تیی كاتی كه پێیان وا بوه باس هه‌ڵایسێن ده‌بێ، و لایه‌نی غه‌یره كوردی پێ هه‌ڵده‌به‌زنه‌وه، پێیان دانه‌گرتبێ، له حاڵێك دا گه‌ڵاڵه‌ی یاساكه ده‌نگی هه‌موو ئه‌ندامانی مه‌جلیسی حوكمی له‌گه‌ڵ بوو.
دیاره كورد كه له‌و قۆناخه دا به پێی سروشتی خۆی، دۆست و هاوپه‌یمانێكی ڕاست و بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان بوه، له پرۆسه‌ی ئازادكردنی عێراق دا ده‌وری گرنگی هه‌بوه و بێجگه له پشت گرتن بۆ گه‌یشتن به مافی ڕه‌وای نه‌ته‌وایه‌تیی و ئازادیی هه‌رێمی خۆی، ئه‌ویش به شێوه‌ی فیدڕالی و له چوارچێوه‌ی عێراقێكی دێمۆكڕاتی دا، داوایه‌كی دیكه‌ی نیه، مافی خۆیه‌تی له دۆستانی چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌ی هه‌بێ كه له ڕێگای گه‌یشتن به‌و ماف و ئازادی‌یانه دا تا سه‌ر پشتی بگرن و واده و به‌ڵێنه‌كانیان له‌و پێوه‌ندی‌یه دا به‌رنه سه‌رێ.
به‌ڵام ئێمه‌ی كورد ده‌بێ ڕاستی‌یه‌كیشمان له بیر بێ و فێر بین ژیرانه هه‌ڵوێستی له به‌رامبه‌ر دا بگرین، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه كه له دنیای سیاسه‌ت دا فاكتۆری قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی‌یه كه ده‌وری سه‌ره‌كی ده‌گێڕێ و بناخه و چوارچێوه‌ی دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانه‌تیش هه‌ر له سه‌ر ئه‌و ده‌وره داده‌نرێ و ده‌ڕواته پێش. ئه‌وه قانوونێكه هه‌بوه و هه‌یه و به ئێمه ناگۆڕێ. كه وایه كورد ده‌بێ له پلان و مانۆڕی سیاسیی خۆی دا وشیار وردبین بێ، بڕوای به خۆ هه‌بێ وبتوانێ له گه‌مه‌ی سیاسی دا وه‌زنی خۆی بنوێنێ، كارتی باشی خۆی به وه‌خت و له جێی خۆی دا به‌كار بێنێ و كه‌لك له نوخته به‌هێزی و كارایی‌یه‌كانی خۆی له به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كان دا وه‌رگرێ.
ئه‌ڵبه‌ت یه‌كگرتوویی و یه‌كده‌نگ بوون له هێنانه گۆڕی لێبڕاوانه‌ی داواكان و بردنه پێشی كێبه‌ركێی سیاسی دا ده‌وری هه‌ره سه‌ره‌كی‌یان هه‌یه، كه به خۆشی‌یه‌وه ڕێبه‌رانی كوردی كوردستانی عێراق له‌م قۆناخه‌ی دوایی و به تایبه‌ت له مه‌جلێسی حوكم دا به باشی پاراستوویانه، به‌ڵام مخابن! هێشتاش له‌و به‌شه‌ی كوردستان دوو حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌ن. له مێژیشه ده‌زانین ئه‌وه باش نیه و هه‌ردووك حكوومه‌تیش هه‌ر له‌مێژه واده‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌یان داوه. به‌ڵام كه‌ی ئه‌و واده‌یه جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و ئه‌و ئاواته‌ی گه‌لی كورد وه‌دی دێنن؟ نازانم!